پێویستە خەڵكی كوردستان بەشێك بێت لەو ناڕەزایەتییانە
12/14/2019 2:29:00 PM
حەسەن رەحمان پەنا
ناڕەزایەتی رەواو جەماوەری خەڵك لە عێراق نزیك بە دوو مانگە هەروا درێژەی هەیەو نیشانەیەك لە دامركانی پێوە دیارە نییە. داخوازیەكانی ئەو بزوتنەوەیەی لە هەفتەی یەكەمی هەڵگیرساندنیدا، واتە دژایەتی لەگەڵ گەندەڵی و نەبوونی پێداویستی رەفاهی و كۆمەڵایەتی و تەندروستی، پێكهێنانی هەلی كار بۆ لاوانو هیتر بوو، بەڵام دوای ئەوەی كە دەوڵەتی عێراق بەتوندی بەرەو ڕووی خۆپیشاندەران بۆوەو ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك كوژران، ئاراستەی خەباتی جەماوەر بەرەو رووی سەرجەم دەسەڵات و هەموو حیزبە سیاسیەكانی بەشدار لە دەسەڵات بۆوەو گۆڕینی سەرجەمی پێكهاتەی دەسەڵات بوو بە داخوازی سەرەكی و یەكەمی بزوتنەوەكە. ئیتر بەڵێنەكانی چاكسازی “عادل عبدالمهدی” كاریگەرییان نەما.
دوای نزیك بە دوو مانگ خواستی لەسەر كارلاچوونی كاربەدەستانی سەرەكی لەم وڵاتە، عادل عەبدولمەهدی، واتە ئەو سەرۆك وەزیرانی بێ حیزب و بێ پارەو بێ چەكەی كە ١٣ مانگ لەسەر كورسی دەسەڵات دانیشتبوو، هێنایە خوارێ، بەڵام لە دەسەڵات لاچوونی ناوبراو نەیتوانی ناڕەزایەتیەكان لە عێراق بەرەو دامركان بە رێ و خرۆشی ناڕەزایەتی هەروا درێژەی هەیە.
كۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی كۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران، بۆتە یەكێك لە داوا سەرەكییەكانی خۆپیشاندەران. ئاگر تێبەردانی ناوەندە سەربازی و ئەمنیەكانی سەر بە كۆماری ئیسلامی لە چەند شاری ئەم وڵاتە لەوانە شاری ئایینی “نەجەف” لە ماوەی كورتی دوو رۆژەدا، بۆ دووهەمین جار، بێزاری خەڵكی راپەڕیوی عێراقی دژ بە هەژموونی كۆماری ئیسلامی لە عیراق بۆ چەندەمین جار نیشان دا.
ناڕەزایەتیەكانی خەڵك لە لوبنان كە بە سەپاندنی باج بەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی تەلەفونی ئینتەرنێتی دەستیپێكرد، هاوشێوەی چەخماخەیەك ئاگری رق و نەفرەتی خەڵكی ناڕازی دژ بە سیستەمی پڕتووكاوی دابەشكردنی دەسەڵات بەپێی تەوافوق لەنێوان كوتلە سیاسی و نەتەوەیی و ئاینیەكانی ئەو وڵاتەی، گەشاندەوەو لە یەكەم هەنگاودا بوو بەهۆی ئەوەی كە سەرۆك وەزیرانی ئەم وڵاتە واتە “سەعد حەریری” لەسەر كار لاچێت. كورت كردنەوەی دەستی رەوتە ئایینیەكان لەناو كاروباری دەوڵەت و كۆمەڵگاو بایەخ نەدان بە خواست و بانگهێشتنەكانی “حیزبوڵڵا” لەلایەن ناڕازیانەوە كە ئەویش خۆی لە جیرەخۆرەكانی كۆماری ئیسلامیە، وەرچەرخانێكی گەورە لە كەش و هەوای سیاسیی لوبنان و دژایەتی ئاشكرا لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بە ئەژمار دێت.
كۆماری ئیسلامی، وڵاتانی عێراق، لوبنان و سووریە (هیلالی شیعە) بە حەساری خەڵوەتی خۆی دەزانێ. دروشمی هەناردەكردنی “شۆڕشی ئیسلامی” لە رێگەی ئەم سێ وڵاتەو دەست راگەیشتن بە “قودس لە رێگەی كەربەلا”وە، لە دروشمە ستراتیژیەكانی ئەم نیزامە بۆ پاراستنی سنوورەكانی و سەقامگیر كردنی درێژماوەی وەلایەتی “موتڵەقی فەقیهـ” لە ئێران دێتە ئەژمار. بەڵام لە ئێستادا ئەم دروشمە ستراتیژیانە لەگەڵ كۆسپ و بەرەنگاربوونەوەی جیددی بەرەوڕوو بوونەتەوەو رژێمی ئێرانی لە ئاست ناوچەكەدا بە بنبەست گەیاندووە.
ناڕەزایەتی بەرینی ئەم دواییانە لە ئێران كە ٢٩ پارێزگای لە ٣١ پارێزگای ئەم وڵاتە گرتەوەو بە گران بوونی سێ قاتی نرخی بەنزین چەخماخەكەی لێدرا، لەڕاستیدا ئەوە پژاندنی بەنزین بوو بەسەر ئاگری رقی پەنگ خواردووی ملیۆنان ئینسانی ناڕازی لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوو لە دەسەڵاتی ئاینی و دژە ئینسانی كۆماری ئیسلامی لەم وڵاتە.
ئەگەرچی گران بوونی بەنزین كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵك هەیە، بەڵام ئەوەی كە لەو راپەڕینە رەواو خۆرسكەدا روویداو سەدان كوژراو و بە هەزاران بریندارو بەدەیان هەزار بەندكراوی لە ماوەی كەمتر لە یەك هەفتەدا لێكەوتەوە، تەنیا بە گران بوونی نرخی بەنزین پێناسە ناكرێت. بەڵكو ئەوە رق و نەفرەتی سەر شەقام و دەنگی هەڵبڕاوە دژبە گەندەڵی بەرینی ئیداری و حكومیی لە “ئۆمولقوڕای ئیسلام” و ناڕەزایەتیەكی بەرینە لەدژی بێكاری ملیۆنی، نزم بوونی توانای كڕین و دۆخی نالەباری بژێوی پتر لە نیوەی كۆمەڵگا كە پەیوەندی هەیە لەگەڵ بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی بەرینی ئەم وڵاتە لەلایەن خوێنڕێژانی سپای پاسداران و بەیتی رێبەری بۆ پشتیوانی لە گرووپە توندئاژۆ ئیسلامیەكانی سەر بەم رژیمە لە وڵاتانی ناوچەكە لەوانە عێراق، لوبنان، فەلەستین، یەمەن و ...
٤٠ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ بەدەسەڵات گەیشتنی كۆماری ئیسلامی، رەوتی توندئاژۆیی ئیسلامی شیعەو لە بەرامبەریدا رەوتی سوننی لە ناوچەكە پەرەی سەندو توندتر بۆوەو بێجگە لە شەڕ، وێڕانی، تیرۆریزم و توقاندن، شتێكی دیكەی لەگەڵ خۆی نەهێنا. لە ئێستادا پڕۆسەی لاوازبوونی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكەدا، بارودۆخێكی گونجاوتری بۆ شەڕی نیهایی خەڵكی ئێران دژ بەم رژیمە فاشیست و جەنایەتكارە خوڵقاندووە.
لە مێژوودا زۆرجار كلیلی رووخاندنی دەوڵەتێكی دیكتاتۆرو زێدەخواز لە دەرەوەی سنوورەكان و لە شەڕەكاندا لێدراوە. شكستی فەڕانسە لە شەڕی نێوان ئەم وڵاتە و ئاڵمان و سەركەوتنی یەكەمین حكومەتی كرێكاریی جیهان واتە كۆمۆنی پاریس، رووخانی دیكتاتۆری تێزاری لە شەڕی یەكەمی جیهانی و سەركەوتنی شۆڕشی كرێكاریی رووسیە لە ساڵی ١٩١٧ی زایینی، رووخانی فاشیزمی هیتلێر لە شەڕی دووهەمی جیهانی، لە زۆمرەی نموونە بەرچاوەكانی جیهانن.
كۆماری ئیسلامی وەك دەسەڵات و سیستەمێكی فاشیستی ئیسلامی، لەلایەكەوە خەریكی زێدەخوازی هێژمۆنیكە لە بواری سیاسی و ئایدئۆلۆژیەوەو لەلایەكی دیكەشەوە گیرۆدەی شەڕی سەربازیە لە ناوچەكە. بێ گومان تا ئەو ئاستە لە پاشەكشەو هاوكات پەرەسەندنی خەبات لە ناوەوەی وڵات، رووخان و نەمانی ئەم رژێمە ئاسانترو كورت ماوەتر دەكاتەوە.
خەڵكی عێراق چەخماخەی راپەڕینیان لێدا، لوبنان درێژەی پێداو خەڵكی ئێرانیش دەتوانن بە سەرەنجامی بگەیەنن.
ئەو كێشانەی كە ئەمڕۆ ناوچەكەی گرتوەتەوەو ئاگری بەرداوەتە كۆشكی دیكتاتۆرەكان، خەڵكی كوردستان لانیكەم لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا قوربانی دەستی ئەم جنایتكارانە بووەو ویست و داخوازە رەواكانی بە ئاگرو ئاسن وەڵام دراوەتەوە. خەڵكی كوردستان لە خەباتی رۆژانە دژ بە دیكتاتۆرەكان لە هیچ پارچەیەكی كوردستان نابێت خۆی لە جەماوەری ئازادیخواز، چەپ و سوسیالیست بۆ لە گۆڕنانی دیكتاتۆرەكان و گەیشتن بە ئازادی و رزگاری دابڕێت. خەڵكی كوردستانی ئێران لە راپەرینی خەزەڵوەری مانگی رابردوو لە ئێران كە بەشی زۆری ناوچەكانی كوردستانیشی گرتەوە چالاك بوو و قوربانی زۆری پێشكەش بە ئازاد بوون لە چنگی دیكتاتۆری دا پێشكەش كرد.
لە راپەڕینی بەغداو شارەكانی دیكەی عێراق، خەڵكی كوردستانی باشور بێدەنگ بوون. ئەگەر چی لەوانەیە زۆر هۆكار، لەوانە هەڵوێستی دەسەڵات و حیزبە دەسەڵاتدارەكان لە هەرێمی كوردستان، پاساوی ئەم بێدەنگییە بێت، بەڵام ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان سەلماندنی كە دەنگی شەقام باشترین ئامرازە، تەنانەت بۆ زەختكردنە سەر زلهێزەكان و ناوەندەكانی دەسەڵات بۆ بێدەنگ نەبوون لە ئاست مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان و كۆمەڵكوژی ئەو خەڵكە. لە جیهانی تێك هەڵپێكراوەی ئەمڕۆ، چالاكانە بەشداری كردن لە رووداوەكان و گۆڕینی حەدەسەكان لە بەرژەوەندی خۆدا، تەنیا رێگا چارەسەرە، نەك لە پەراوێز راوەستان و دەست بە سەر كڵاوی خۆوە گرتن تا با نیبات.
كلیلی رووخاندنی سیستەمی ئایینی دەسەڵاتدار لە عێراق، لۆبنان، سووریەو هێندێك لە وڵاتانی دیكە لە تارانەوە لێدەدرێ و بە دڵنیاییەوە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانیش لە هەموو بەشەكانی لە بەدی هاتنی وەها ویست و خواستێكدایە.
رووخاندنی شۆڕشگێڕانەی كۆماری ئیسلامی، بناغەی سەرەكیی دیكتاتۆری ئایینی و سیاسی، بەتایبەت كەوانەی شیعە كە ئێستا لە گەمارۆی رقی جەماوەردایە لە وڵاتانی عێراق و لوبنان و ئێران و... دەخاتە لەرزەو بە سەركەوتنی ئەم خەباتە، جیهان بۆ ژیان بۆ مرۆڤایەتی ئەمنتر دەبێت.
* ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی رێکخراوی کوردستان حزبی کۆمۆنیستی ئێران.