راگەیەندراوێک لە وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستانەوە
08:58 - 06/05/2025
زەمەن - کوردستانى
وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری دارایی پێشوازی کرد لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێرق و هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایدا هاتووە، ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لە سەر بەرنامەی کاری تیمە هاوبەشەکان کرا کەماوەی چەند ڕۆژێکە بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی وردبینی لە داهات و خەرجی سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ لەهەرێمی کوردستانن.
وەزیری دارایی وەک هەمیشە ئامادەیی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیەکانی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی دووپات کردەوەو ڕایگەیاند هەرچی داتاو زانیاری پێویست و بەردەست بێت دەخرێتە بەردەم تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان.
لەبەشێکی تری دیدارەکەدا وەزیری دارایی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی لەسەر ئاستی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ تیمە هاوبەشەکان ڕوون کردەوە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەوانەی تەمەنیان لە ٦٠ ساڵ زیاتر بووە ڕەوانەی خانەنشینی کراون و بەشێک لەوانەشی کەس و کاری شەهیدو زیندانی سیاسی بوون بە پێی بڕگەیەکی یاساکە خزمەتیان بۆ درێژکراوەتەوە، هاوکات کورتەیەکیشی لەسەر دواین هەنگاوەکانی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە لە ڕێی پرۆژەی هەژماری من خستەڕوو و ڕایگەیاند بەپێی ئەو پلان و بەرنامانەی دانراون لەمساڵدا زۆربەی مووچەخۆران دەبنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان و پرۆسەکەش بەباشی بەڕێوە دەچێت.
لای خۆشیانەوە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان سوپاسی وەزیری دارایی و ئابوورییان کرد کە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو هاوکارو پشتیوانی بەردەوامیان بووەو بەردەوام دەرگای وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیەکانی بەڕویاندا کردۆتەوە.