کاتى بارینى کۆتا بارانى ئەمساڵ راگەیەندرا
07:37 - 29/04/2025
زەمەن - کوردستانى
نزمی پلەكانی گەرما رێگری لە هاتنی هەورە بەهارییەكان بۆ هەرێم دەكات، بەپێی پێشبینییەكانیش رۆژانی هەینی و شەممە باران دەبارێت، بەوەش كۆتایی بە وەرزی باران بارینی ئەمساڵ دێت.
د.پێشەوا محەمەد، پسپۆڕی جیۆفیزیا بە کەى ئێن ئێنى راگەیاند، لە ئەو ناوچانەی كە پلەكانی گەرمایان نزمترە لە پلەی ئاسایی خۆی، دیاردەی بەهەڵم بون كەمدەبێتەوە، ئەوەش كاریگەی لەسەر ناوچەكە دەبێت وەك چۆن لە ئێستادا رێگری لە هاتنی هەوری بەهارە بۆ ناوچە جیاوازەكانی هەرێم و دابارین كەم دەبێتەوە.
وتیشی: سەربارەی ئەوەی كە ئەستەمە بتوانرێت پێشبینی بۆ كەشوهەوای وەرزی بەهار بكرێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پێدەچێت لە رۆژنی هەینی و شەممەدا كۆتا باران بارین لە ئەمساڵدا ببارێت.
رونیكردەوە، گۆڕانی كەشوهەوا جیهانییە نەك تەنها پەیوەستبێت بە هەرێمی كوردستان، بۆیە لە ساڵانی رابردودا، لە شاری سلێمانی زیاتر لە (600) ملم باریوە، بەڵام ئەمساڵ تەنها (320) ملم باریوە، كە ئەوەش مەترسی وشكە ساڵی بەدوادا دێت، بۆیە دەبێت حكومەت بەپێی ئەو توانا ئاوییەی لەبەردەستیایەتی پلانە جۆربەجۆرەكانی دابرێژێت.
د.پێشەوا محەمەد، پسپۆڕی جیۆفیزیا هۆشداریدا لە ئەوەی كە، بەهۆی كەمی باران بارین، پیسبونی دەریاچەی دەربەندیخان و نەشیاوی بۆ خواردنەوە، هەروەها كەمبونەوەی ئاو لە دەریاچەی دوكان بۆ لە (25%) پێدەچێت شاری سلێمانی و هەمو ئەو قەزا و ناحیانەی پشتیان بە ئاوی دەریاچەكە بەستوە بۆ خواردنەوە، لە مانگی نۆدا توشی گرفتی نەمانی ئاو ببنەوە.
سەبارەت بەوەزری دابارینی داهاتو، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا هەردو وەرزی پایز و زستان بارانی باش دەبارێت و ساڵەكەی تەڕ دەبێت.