40 کوردستان

"منیان ناو نا دڵخۆش بەڵام بۆ ساتێکیش دڵخۆش نەبووم لە ژیاندا"

01:48 - 29/04/2025

زەمەن:-

 

یەکێکی دیکە لە چیرۆکە ناخهەژێنەکانی شاڵاوی ئەنفال، چیرۆکی دڵخۆشە، ئەو کچەی لە کاتی ئەو تاوانە قێزەونەی دژ بە مرۆڤایەتییدا تەمەنی سێ ساڵان بووە و ١٣ کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی جینۆساید کراون.

"منیان ناو نا دڵخۆش بەڵام بۆ ساتێکیش دڵخۆش نەبووم لە ژیاندا"

 دڵخۆش عوسمان شەریف (٤٠ ساڵ)، خەڵکی گوندی گرخەبەر سەر بە کۆیە، وەک خۆی دەڵێت ناویان ناوم دڵخۆش، بەڵام بۆ ساتێکیش لە ژیانمدا دڵخۆش نەبووە.

دڵخۆشی خەمگین، کە دایک و باوک و خوشک و براکانی لەگەڵ مامەکانی ئەنفال کراون، دوور لە ئامێز و خۆشەویستی دایک و باوکی گەورە بووە و، هیچ یادەوەرییەکی لەگەڵیان بەبیر نایەت.

لە ٣٧هەمین ساڵیادی ئەنفالدا کاتێک ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال سەردانی گرتووخانەی نوگرە سەلمان و گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان کرد لە باشووری عێراق، دڵخۆش لەگەڵ هاوسەر و ئامۆزاکەیدا کە ئەویش باوکی ئەنفالە بەشداری لەو گەشتەدا کرد.

کاتێک دڵخۆش گرتووخانەی نوگرە سەلمانی بینی، کە تیایدا دایک و باوک و خوشک و براکانی بەندکراون، بە بینینی دیمەنی ناخهەژێنی گرتووخانەکە ناخی دەکوڵاو برینی لەدەستدانی ئازیزانی نوێ بووەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، دڵخۆش بە دڵى پڕ هەنسک و گریانەوە باسی لە ئەنفالکردنی بنەماڵە و کەسوکاری کرد و، ئاماژەی بەوە کرد کە ١٣ کەس لە بنەماڵەکەیان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون و شەهید بوون.

دڵخۆش ڕایگەیاند: "من بەس خۆم لە نەخۆشخانەکە مابووم، هیچ کەسم نەمابوو، پێنج کەس لە خێزانەکەم بێسەروشوێنن، وا لەو بیابانە سەرگەردانم، بە قوربانی گۆڕی نادیاری بابم بم، بە قوربانی گۆڕی نادیاری دایکم بم، بە قوربانی گۆڕی بێستوونی برام بم، بە قوربانی دوو خوشکی جوان و منداڵ و نازدارەکانم بم. ئێستا من لە کوێ بگەڕێم بە دووی گۆڕەکانیاندا، من چی بکەم لەو بیابانە؟ خۆ کەسوکارەکەی من هیچ تاوانیان نەبوو".

لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا دڵخۆش لە ماڵی پورێکی بووە و، دەڵێت: "من لە ماڵی پوورەکەم بووم لە کۆیە، خۆزگە منیش لەگەڵیان بوومایە و قەت ئەم ڕۆژگارەم نەدیایە، چونکە ژیان هیچ واتایەکی بۆ من نییە، سەرگەردانم، هەواڵێک گۆڕێک نییە، خوشکەکەم کەسێک بردبێتی بیدۆزمەوە لە شوێنێک، هیچ دڵخۆش نیم".

دڵخۆش بە دەم گریانەوە بە نێو گرتووخانەی نوگرە سەلماندا دەگەڕا و، دەیگوت: "خۆشەویستەکانم ڕۆژگارێک لێرەبوون، ئێستا ژوورەکان ئەگەڕێم هیچیان لەوێ نین، هیچ نابینمەوە، هیچ هەواڵێکم نییە، چی بکەم نازانم".

بەهۆی ئەوەی لەو کارەساتە نامرۆڤانەیەدا دڵخۆش منداڵ بووە، هیچ کاتێکی ئەو سەردەمەی بەبیردا نایەت و، دەڵێت: "هیچ شتێکم لە خێزانەکەم بە بیر نایەت، هیچ یادەوەریم لەگەڵ خێزانەکەم نییە، هەموو تەمەنم ژیاوم ببم بە خاوەنی خێزانێک، هەتا ئێستاش هیچ خێزانێکم نییە، هەموو کاتێک چاوەڕێم، ئەوانیش بێناونیشانن، چی لە گۆڕێک بکەم کە نەزانم کامیان هی منە، کامیان لە خێزانەکەی منە، حکوومەتیش زۆر بێ باکە".

گوتیشی: "بە دەم گریانەوە ژوورەکان دەگەڕێم، خۆشەویستەکانم هەر لەم ژوورانە بوون، هەرچەند بانگیان دەکەم کەس وەڵامم ناداتەوە، من ئەم شوێنە بووە بە ماڵی باوکم و خێزانم".

دیمەنی گرتووخانەی نوگرە سەلمان دڵی هەموو کەسوکاری ئەنفالکراوانی هێندەی دیکە تەنگ و خەمگین کرد و، خزمان بۆ دڵدانەوەی یەکتر یەکتری لە ئامێز دەگرن. دڵخۆش بە دەم گریانەوە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا خاک و خۆڵ ئەو شوێنە بە یادگاری لە قوتوو دەنێت و لەگەڵ خۆی دەیباتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن