131 کوردستان

وەزیرى دارایى هەرێم بڕیارى خەرجکردنى پارەیەکى زۆرى بۆ سنوورى سلێمانى دەرکرد

06:50 - 30/04/2025

زەمەن - کوردستانى

 

ئەمڕۆ بە بڕیارى ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایى هەرێمى کوردستان، زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرجکرا و چەند بڕیارێکیشى لە بەرژەوەندیی بەڵێندەران دەرکرد.

لە راگەیەندراوێکدا کە وەزیرى دارایى بڵاویکردووەتەوە هاتووە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، سەرپەرشتی چەند کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و یەکێتی بەڵێندەران و بانکەکانی سەر بەوەزارەت، دوای ئەو کۆبوونەوانە و ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتەکان وەزیری دارایی چەند بڕیارێکی لەبەرژەوەندی بەڵێندەران و ئەو کۆمپانیایانە دەرکرد کە سەرقاڵی ئەنجامدانی پڕۆژەکانن.

هەروەها ئەوەش هاتووە، وەزیری دارایی بڕیاریدا بە خەرجکردنی زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستی تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا و شەقامی 100 مەتری سلێمانی و ڕێگای دووسایدی کەلار - دەربەندیخان و شایستەی کۆمپانیاکانی خۆڵ و خاشاک و پڕۆژە بەردەوامەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین.

هاوکات هەر لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا وەزیری دارایی بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی لیژنەی خەرجکردنی گەڕانەوەی ( التأمینات و خطاب الضمان ) ی بەڵێندەران لەسەرجەم بانکەکان، بەمەبەستی گەڕانەوەی پابەندییەکان بە پێی ڕێژە و گوژمەی دیاریکراو.

ئەو 45 ملیار دینارەى وەزیرى دارایى خەرجیکردووە بەمشێوەیە دابەشدەکرێت بەسەر پارێزگا و پرۆژەکاندا:

١- ٤،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠ چوار ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.
٢- ٤،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ چوار ملیار دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا.
٣- ٣،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠ سێ ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار ، بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری.
٤-٣،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ سێ ملیار دینار بۆ سەرجەم پرۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان.
٥- ٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین.
٦- ٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە.
٧- ٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ڕێگای دوو سایدی کەلار - دەربەندیخان.
٨- ٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ بیست ملیار دینار وەک شایستەی دارایی پڕۆژەی شەقامی ( ١٠٠ ) مەتری سلێمانی ( شاڕێی بابان ).
٩- ١،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠ یەک ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار پارەی خۆڵ و خاشاک.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن