وەزیری ئاوەدانکردنەوە پێشوازی لە بۆردی چاپتەری کوردستانی پەیمانگای کۆنکرێتی ئەمەریکی کرد
03:56 - 30/04/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندێکی ناوەندی زانستی (بۆردی چاپتەری کوردستانی پەیمانگای کۆنکرێتی ئەمەریکی) کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥، لە دیدارێکدا کە بریکاری وەزارەت بۆ رێگاوبان و ژمارەیەک راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی وەزارەت ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی رۆڵ و ئەرکی بۆردی چاپتەری کوردستانی پەیمانگای کۆنکرێتی ئەمەریکی، لە کۆکردنەوەی پسپۆڕان و شارەزایان و ئەنجامدانی کۆنفرانس پەیوەست بە دیزاینی کۆنکرێت و تەکنەلۆژیا نوێیەکان، لەوچوارچێوەیەدا داوای پاڵپشتی و پشتیوانی وەزارەت و حکومەتیان کرد بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان.
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە سەردانەکە، ئاماژەی بە گرنگی ئەو جۆرە کۆنفرانسانە کرد بۆ هەرێمی کوردستان لەڕوی کۆکردنەوەو ئامادەبونی پسپۆڕ و شارەزایانی جیهانی و ناوخۆیی کۆمپانیا جیهانییەکانی بوارەکە، بۆ خستنەڕوی زانیاری و تەکنەلۆژیای نوێ بۆ دیزاینی بیناو باڵەخانەکان، هەم لەڕوی ژینگەییەوە کە بەدۆستی ژینگە دادەنرێت.
هاوکات، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، بڕیاریدا وەک وەزارەت پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی کۆنفرانسەکە بکات لەرویی مادیی و مەعنەویەوە، بەئامانجی سودگەیاندن بە هەرێمی کوردستان و هێنانی کۆمپانیا گەورە بەئەزمونە نێودەوڵەتییەکان بۆ کارکردن لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لەهەرێمی کوردستان.
پەیمانگای کۆنکرێتی ئەمەریکی، ناوەندێکی زانستییە کە لە زۆربەی زانکۆکانی جیهان لە کۆلێژی ئەندازیاری بەشێ ئەندازیاری شارستانی وەکو سەرچاوەی کۆدی سەرەکی بۆ دیزاینی باڵەخانەی بەرزی کۆنکرێتی دەخوێنرێت و بەکاردێت.