190 ئابوری

داهاتی نه‌وتی عێراق ئاشكرا كرا

06:18 - 01/02/2023

"زەمەن"

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت بۆ مانگی کانوونی دووەم، حەوت ملیار و ٦٩٠ ملیۆن دۆلار بووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراو بۆ مانگی کانوونی دووەم بڵاوکردەوە.

بڕی ئەو نەوتەی کە لە مانگی کانوونی دووەمدا ھەناردەکراو، ١٠١ ملیۆن و ٢٤٥ ھەزار و ٩٥ بەرمیل بووە کە کۆی گشتی داھاتەکەی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و ٦٩٠ ملیۆن دۆلار.

لە مانگی کانوونی دووەمدا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ٩٨ ملیۆن و ٤٦٠ ھەزار و ٥٠ بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کەرکووک لەڕێگای بەندەری جەیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٤٧٥ ھەزار و ٥١٦ بەرمیل. به‌پێی ئاماره‌كه‌.

لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانگی کانوونی دووەمدا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە ٧٥ دۆلار و ٩٥ سەنت فرۆشراوە.

داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا، حەوت ملیار و ٦٠٦ ملیۆن دۆلار بووە.بەمەیش داهاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی یەکی ئەمساڵ بەراورد بە مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو، ٨٤ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن