وتار

ئاكارو سیاسیه‌ت؛ دوانه‌یه‌كی لێكدانه‌بڕاو

1/16/2019 9:00:00 PM 96 جار خوێندراوەتەوە
ئارام قادر

‎پرسی ئاكار لە سیاسەتدا یەكێكە لەو بابەتانەی كە گفتوگۆ و ناكۆكیی لەسەرە، ڕای جیاواز لەو بارەیەوە هەیە، بەشێك لایەنگری ئەوەن كە سیاسەت ئاكار (ئەخلاق)ی تێدا نییە، بەشەكەی تریش دووپاتی گرنگیی بوونی ئاكار لە سیاسەتدا دەكەنەوە.


‎هاوپەیمانیی نیشتمانی بە تەواوی قەناعەتەوە لایەنگری بۆچوونی دووەمە و پێی وایە سیاسەتكردن بێ ئاكار زیانی گەورە لە (گشت) دەدات، بەو مانایەی ئەگەر سیاسەت بۆ ڕێكخستنی كاروباری گشتی و بەدیهێنانی هیوا و جێبەجێكردنی داخوازی و پێداویستییەكانی خەڵك بێت و كار بۆ هێنانەدیی (چاكەی گشتی) بكات، ئەوكات هەر بێئاكاری و لادانێك لەو ئامانج و چاكە گشتییانە و پابەندنەبوون بە سیاسەتێكی بەئاكار، ئەوكات دەرەنجامی ئەو سیاسەتە بە زیان بۆ خەڵك و گشت دەشكێتەوە و دەرەنجامەكەی خزمەت نابێت بە ئامانج و چاكەی گشتی.


‎دەكرێت سیاسەتی بێئاكار و بەرژەوەندخوازانە ببێتە هۆی دەستكەوتی كاتی بۆ گروپ و كەسێك، بەڵام ئەو دەستكەوتە هەم كاتییە، هەم لەسەر حسابی ئەو (گشت)ە دێتە دی كە بڕیارە تۆ سیاسەت بۆ ئەوان بكەیت نەك خۆت، بۆیە هیچ سیاسەتێكی بێمۆڕاڵ و بەرژەوەندخواز سەركەوتوو نابێت لە ڕاكێشانی ڕایگشتی بۆ خۆی و دواجار هەر شكست بەشێتی.


‎كلیلی گۆڕانكارییە ئابوری، ئایینی، كۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، كلتوری و فەرهەنگی و ...هتد، سیاسەتە، چونكە سیاسەت توانای ئاراستەكردنی هەموو ئەو بوارانەی هەیە، بۆیە سیاسەتێكی بەئاكار و بەرپرسیارانە دواجار بە خزمەت بۆ تەواوی بوارەكانی دیكە دەشكێتەوە.


‎لە كوردستان زۆرجار بانگەشە بۆ ئەو ڕایە دەكرێت كە سیاسەت ئاكاری تێدا نییە، بەڵام ئەو بانگەشەیە بۆ ناشرینكردنی سیاسەت و دوورخستنەوەی خەڵكە لە سیاسەت و بێئومێدكردنیانە لە هەر گۆڕانكارییەكی سیاسی، بۆ ئەوەیە خەڵك لە فشاركردن لەسەر حزب و لایەنەكان بخەن و درێژە بە مانەوەی خۆیان لەسەر دەسەڵات بدەن، واتە ئەو بانگەشەیەی لە هەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ نەبوونی ئاكار لە سیاسەتدا، پاساوە بۆ مانەوەی كۆمەڵێك لایەن و گروپ لە دەسەڵاتدا و كوشتنی خەونی گۆڕانكارییە لای خەڵك.


‎بۆیە هاوپەیمانی بەوپەڕی باوەڕەوە دەستدەگرێت بەو ڕایەوە كە لە سیاسەتدا ئاكار پێویستییەكی بێ ئەملاو ئەولایە و پێی وایە سیاسەت و سیاسی و حزب ئامرازن، گشت و كۆمەڵگە بە ڕەنگە جیاوازەكانەوە ئامانجن، بۆیە هاوپەیمانی لەسەر بنەمای ئاكار و نەرێتی دوور لە خۆویستی و بەرژەوەندخوازی سیاسەت دەكات و سوورە لەسەر پەرەپێدانی ئەو كلتورە سیاسییە گشتخوازە لەكۆمەڵگەی كوردیدا.


‎دواجار سیاسەت زانستێكی مرۆییە و مرۆڤ خۆی ڕەنگی پێدەبەخشێت و بەرگی پێدەپۆشێت، بۆیە لەچارەی سیاسەت نەنوسراوە كە ئاكاری تێدا نەبێت و ئەوە مرۆڤەكانن ئاكاری لێدەسەننەوە، یان ئاكار دەكەن بە بەریدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن