کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات
1/27/2019 1:45:00 PM
ئارام قادر
دیارە لەسیستەمی حکومداری ئەمڕۆی وڵاتانی گەشەسەندوو لەرووی ئابوورییەوە ئەوەیە، کە ئەو خەرجییانەی لسەر ئەستۆی حکومەتەو جێگای ئەتۆ ناگرێتەوە، بەواتایەکی دیکە خەرجییەکە زۆرترە لە سوودی خەرجییەکە، بەناچاری حکومەت دەست لەسەر ئەو خەرجییە هەڵدەگرێت و پەنا بۆ هەنگاوێکی دیکە دەبات، کە هەر نا سوودو خەرجییەکەی وەک یەکتر بێت، بەڵام لەو وڵاتانەی کە سیستەمی ئابووریان لاوازەو ساڵ دوای ساڵ پاشەکشە دەکەن لە گەشەسەندنی ئابووری، ئەم وڵاتانە گوێ نادەن بەوەی داخۆ ئەو خەرجییەی لەسەر شانی حکومەتە تاچەند سوودی هەیە یان سوودەکەی تا چ رادەیەک کەمترە لە خەرجییەکە، چ هەنگاوێک بهاوێژرێت تا لەساڵی ئایندەدە گەشەی ئابووری پێش بخات یاخود هەر نا لە جێگای خۆیدا بیهێڵێتەوە، بەو مەرجەی ئەم هەنگاوە نەبێتە هۆی تێکدانی بارو گوزەرانی هاونیشتیمانیانی وڵاتەکەی.
ئەوەی تائێستا کوردستانی بەرەو دواوە بردووەو ساڵ دوای ساڵ گەشەی ئابووری دوادەکەوێت ئەوەیە، کە هیچ کام لەو دوو پۆینتە هەژمار ناکرێت، واتا حکومەتی هەرێم بەراوردی نەکردووە لەنێوان ئەو خەرجیانەی لەسەر شانیەتی و ئەو سوودانەی بەدەستی دەهێنێت لەبەرامبەر خەرجییەکەدا بۆیە دەبینین ساڵانە بە سەدان ملیۆن دینار هەروا بەهەدەر دەڕوات، کە سوودەکەی لەپای ئەو خەرجییەدا نییە، ئەگەر یەک نمونەی بچووک وەربگرین لەو خەرجیانە، ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی ساڵانە سەدان ملیۆن دینار لە خەرجی کڕینی ئوتومبێل و سووتەمەنی ئوتومبێل سەرف دەکات، کە ئەم بڕە خەرجییە سوودەکەی زۆر کەمترە، هەربۆیە وڵاتانی پێشکەوتووی ئابووری ئەم لە ئەستۆگرتنی خەرجییەیان لەکۆڵ خۆیان کردۆتەوە.
واتا کاتێک کەسێک دەبێت بە بەڕێوبەری گشتی یاخود وەزیر، حکومەت ئەم خەرجییەی لەئەستۆ ناگرێت، بابەتێک هەیە لە ژمێریاریدا، کە دەکرێت سوود ببەخشێت بە کەمکردنەوەی ئەم تێچووە ئەویش وەرگرتنی داخورانی ساڵانەی ئوتومبێلەکان لەسەر شانی بەکارهێنەری ئوتۆمبێل بۆ ئەوەی روونتر مەبەستەکە بگات نموونەیەک باس دەکەین: "بۆ نموونە بەڕێوەبەرێک لە هەر دەزگایەک، کە بۆ ماوەی چوار ساڵ بەڕێوەبەریەتی دەزگاکە دەکات، ئەو ئوتومبێلەی بەکاریدەهێنێت نرخەکەی چەندە لەسەر حکومەت دابەش بکرێت بۆ سەر ٤٨ چل و هەشت مانگ و مانگانە بڕی پارەکەی لێ وەربگیرێتەوە.
واتا هەر مانگێک بڕی داخورانی ئوتۆمبێلەکە بەپێی پێوەرە ژمێریارییەکان لێی وەردەگیرێتەوە"، ئامانج لەمەش ئەوەیە، بۆ ئەوەی لە کۆتایی چوار ساڵەکە گەر خانەنشین بوو ئوتومبێلەکەش خۆی دەبێتەوە خاوەنی و پارەی ئوتومبێلەکەش بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە، بە جێبەجێکردنی تەنها ئەم هەنگاوە لەلایەن حکومەتەوە وادەکات ساڵانە سەدان ملیۆن دینار بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و بەکارهێنانەوەی ئەو پارانە بەمەبەستی پڕۆژەو وەبەرهێنانی دیکە تا ئەوەی خەرجی حکومەت کەمتر بێت لە گەیاندنی سوود، ئەنجامدانی هەنگاوی لەو جۆرە وادەکات گەشەسەندنی ئابووری بەرەو پێش بڕوات و مشەخۆری لە حکومەتدا کەم بکاتەوە یاخود هەر بنەبڕی بکات .