740وتار

پەیوەندیی دەسەڵات و میدیا

6/11/2019 11:17:00 PM
ئارام قادر

لە بونیادی هەر دەوڵەت و هەرێم و کیانێکی سیاسیدا، پرسی پەیوەندیی نێوان میدیا و دەسەڵاتەکانی دیکە، پرسێکی هەستیار و گرنگە، جۆر و سروشتی پەیوەندییەکەی نێوان میدیا و دەسەڵاتەکان کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی گشتیی هەیە و ڕەنگدانەوەی دۆخی سیاسی هەر دەوڵەت و هەرێمێک بەندە بە جۆری ئەو پەیوەندیە. گەر پەیوەندییەکی سروشتی و تەندروست لەنێوان میدیا و دەسەڵاتەکانی دیکە هەبێت، ئاماژەیە بۆ ئاستێکی باڵا لە تێگەیشتنی نێوان ئەو دەسەڵاتانە لە ئەرک و بەرپرسیارێتی و گرنگیی یەکتر، ڕەنگدانەوەی بوونی دۆخێکی کارگێڕیی تەندروست و جێگیرە لەبارەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ئەوەی هەر دەسەڵاتێک ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی و دەسەڵاتەکانی دیکەش بزانێت، سەڕەڕای بوونی دۆخێکی سیاسیی سەقامگیر و بوونی ململانێی سیاسی تەندروست. بەڵام ئەگەر پەیوەندیی نێوان میدیا و دەسەڵاتەکان ناجۆر و ناتەندروست بوو، ئاماژەیە بۆ بوونی ناسەقامگیری و گرژیی سیاسی، نەبوونی تێگەیشتن لەنێوان دەسەڵاتەکان و میدیا بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان.
لەماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتەکان و میدیا پەیوەندییەکی ناتەندروست و پڕ کێشە بووە، دەسەڵات بەشێکی زۆر لە میدیاکانی وەکو دوژمن سەیرکردووە، پێی وابووە ئەو میدیایانە دەیانەوێت ئەو دەسەڵاتانە هەڵتەکێنن، وە میدیای بەسەرچاوەی کێشە سەیر کردووە، ھۆی سەرەکیی ئەم بیرکردنەوەیەی دەسەڵاتیش بەرامبەر بە میدیا دوو خاڵی سەرەکیە:


یەکەم، تێنەگەیشتنی گونجاوی دەسەڵاتەکانی تر لە ئەرک و بەرپرسیارێتییە گشتییەکانی میدیا.
دووەم، شێوازی کاری هەندێک میدیا لە رەخنەگرتن و دەستبردن بۆ هەندێک لە بابەتەکان، کە دەکرا شێوازێکی تر بگیرێتە بەر لەپێناو بەرژەوەندی گشتی.


لەبەرامبەر ئەم ڕوانینەی دەسەڵاتەکان بۆ میدیا، بەشێک لە میدیاکانیش دەسەڵاتیان بە دوژمن زانیوە و بەردەوام بەچاوی گومانەوە لە دەسەڵاتەکانیان ڕوانیوە، سەرچاوەی سەرەکیی ئەم ڕوانینەی بەشێک لە میدیاکانیش دوو خاڵە:
یەکەم، زاڵبوونی بیرکردنەوەو سۆزی سیاسی بەسەر شێوازی کاری پیشەیی ئەو میدیایانەو تێکەڵ کردنی کاری پیشەیی بە ململانێ سیاسییەکان.
دووەم، یارمەتینەدان و وەڵامنەدانەوەی میدیا لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە بۆ پێداویستی و دەستخستنی زانیاریی پێویست بۆ کاری میدیایی، بەواتای بوونی دابڕانێکی قووڵ لەنێوان بەشێک لە میدیاکان و دەسەڵاتەکان، کە بووەتە هۆی دروستبوونی دڕدۆنگی و لێکنەگەیشتن.
هاوپەیمانی سەیری میدیا دەکات کە دەسەڵاتێکە لە دەسەڵاتەکان، وەک چۆن سێ دەسەڵاتی دیکەش هەن و کاری خۆیان دەکەن و ئەرکەکانیان جێبەجێدەکەن. لەو چوارچێوەیەدا میدیا هەم مافی چاودێریکردنی هەیە، هەم بەرپرسیارێتی و ئەرکی میدیایە کە چاودێری بکات، بۆیە پێویستە دەسەڵاتەکان مافی چاودێریکردن و بەدواداچوون و بنکۆڵکردن لە میدیا وەرنەگرنەوەو لەپەیوەندییەکی سروشتی و تەندروستدا بن لەگەڵیدا و ببنە سەرچاوەی زانیاری بۆی، میدیاش لەکاتی جێبەجێکردنی بەرپرسارێتی و ئەرکەکانیدا بۆ ڕاستکردنەوەو بونیادنان و بەرژەوەندیی گشتی و نیشتمانی کار بکات، واتا کارە میدیاییەکە بەئاراستەی خزمەت بە خودی دەسەڵاتەکان و چاکەی گشتی ببرێت، نەک بەئاراستەی رووخاندن و بەدوژمنکردن، ئەمە سەرەڕای گرنگیی خۆبەدوورگرتن لە ناوزڕاندن و سووکایەتی کە ئەویش پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەکانی میدیایە.چونکە میدیا سەرەرای ئەرکی چاودێری ئەرکێکی تری رۆشنبیری و پەروەردەیی و پێگەیاندنی لە ئەستۆدایەو نابێت کاری میدیا تەنها قەتیس بکرێتەوە لە رەخنە و چاودێری کردن.


* سەرۆكى هاوپەيمانى نيشتمانى

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن