416وتار

باپێكەوە نیشتمان ئاوەدان بكەینەوە

3/13/2019 10:29:00 PM
ئارام قادر


‎كۆڕایی لە نێوان دڵسۆزان و سیاسی و بیرمەند و رۆشنیرانی ئەم نیشتمانەدا هەیە بەرێوەبردنی كوردستان بەم شێوەیە ناكرێت و سات لەدوای سات دەرفەتەكان لەدەستدەدرێن، خراپی سیستەمی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و كۆنترۆڵكردنی بازاڕ و نادادپەروەریی كۆمەڵایەتی و قوڵبوونەوەی دیاردەی گەندەڵی و دابەشبوونی سیاسی و كۆمەڵایەتی و خراپیی گوزەرانی هاوڵاتیان و سیستمی بەرێوەبردن، هەموو ئەمانە زۆرێك لە نوسەر و سیاسی و دڵسۆزانی بێئومێد كردووە و بڕوایەكیان بۆ دروست بووە كە دووربكەونەوە لە سیاسەكردن و حزبایەتی، تاقەتی كاری سیاسییان نەماوە، لە بری سیاسەتكردن خۆیان سەرقاڵ كردووە بە كاروباری رێكخراوی مەدەنی، یان نوسین و توێژینەوە، یان خۆی كەنارگیر كردووە، دڵسۆزانە لە یەكێك لە بوارەكاندا كاردەكەن، راستە كاری تاكەكەسی كاریگەریی خۆی هەیە، بەڵام سنوردارە، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی زۆر بەسودن، بەڵام ناتوانن سیستمی سیاسی بگۆڕن.


بەڵگە نەویستە كە لە ئەمرۆی كوردستان و جیهان سیاسەت ئاراستەی تەواوی جومگەكانی ژیان دەكات، بە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیی سەركردەی ووڵاتێك نرخ بەرز و نزم دەكات، سیاسەت بڕیاری ئاشتی و شەر دەدات، سیاسەت ئاراستەی دین و فیكریش دەكات، سیاسەت سەقامگیریی كۆمەڵایەتی دروستدەكات و پەرتیشی دەكات.
رێگای بونیادنانەوەی هەرێمی كوردستان و عێراق بە شێوازێكی تەندروست و چاككردنی ئەم بارودۆخە تەنیا بە سیاسەتكردن و كەسایەتیە سیاسیەكان دەكرێت، ئەوەی حاشاهەڵنەگرە لەبەر ئەوەی قەبارە و پانتایی گەندەڵی و كێشە و گرفەتەكان بە جۆرێكە ئەم كارە بە تاك حزب و كەسایەتی و چەند گروپێك ئەنجام نادرێت، كاری پێكەوەیی و هەماھەنگی و یەكخستنی تواناكانی دەوێت، مەبەستیش لەوە نیە ئەم گروپ و كەسایەتی و تواناكان لە حزبێكدا كۆببێتەوە، سیاسەتكردن شێواز و میكانیزمی زۆرە، گرنگ ئەوەیە پێكەوە بیربكەینەوە، پێكەوە كاربكەین، هەماهەنگی و كاری دەستەیی بكرێت، دووربكەوینەوە لە بئئومێدی و دوورەپەرێز نەبین، دەبێت بەشێوەیەكی تەندروست و ئاكارییانە سیاسەت و ململانێی سیاسی بكەین، ئەوكات دەتوانرێت و دەتوانین كاری گەورە و گرنگ ئەنجامبدەین، گۆڕانكاری دروستبكەین، واقع بەرەو ئاراستەی نۆی ببەین.


‎بێئومێدكردنی خەڵك لە حزبایەتی و كاری سیاسی هەوڵێكە بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە و بەردەوامیدان بەم بارودۆخە، قسەووتن و سوككردنی حزبایەتی و سیاسەتكردن پیلانێكی ترە بۆ ئەنجامنەدانی چاكسازی، بوار دە دە ن قسە بە حزب و سیاسەت بڵێن بۆ ئەوەی تێكرای پرۆسەی سیاسی و كاری حزبی لای خەڵك قێزەون بكرێت، بەڵام دەرئەنجام خۆیان لە دەسەڵاتدان ، گرنگ بەردەوام بونە لەدەسەڵات بێ گوێدانە تێكشكاندنی شكۆی مرۆڤەكان و شێواندنی چەمكەكان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن