غەمگینترین...
1/24/2023 9:26:00 AM
یاسین ئافتاو
سەبارەت بە من؛ هیچ شتێک لەوە غەمگینتر نییە کە
تۆ دڵێکی پڕپڕ لە جۆش و خرۆشت هەبێت بۆ چاکەی گشتیی، سەرتاپات خۆتەرخانکردن بێت بۆ
دەروەستیی و بەدەمەوەچوون، بەڵام لە هەموو پنتێکەوە پاڵ بنرێیتەوە بۆ دونیا بەرتەسک
و شەخسییەکەی خۆت، بۆ بەرژەوەندییە کەسییەکان، بۆ ڕاکەڕاکی خۆپەرستانە و نارسیستیکانە...
بڕێکی زۆر لەو خەمۆکییە قووڵەی سەرتاپای کۆمەڵگەی
ئێمەی تەنیوە پەیوەستە بە نەمانی ئەم عەشقە بۆ چاکەی گشتیی، گەوزان و غەرقبوونە لە
لیتاوی خۆپەرستییەکی بێنموونەدا. ئەگەر درووست بێت ئەوا دەڵێم «کۆمەڵگەی ئێمە تووشی
جۆرە خەمۆکییەکی دەستەجەمعیی بووە کە خۆی لە بنەمادا حاڵەتێکی کەسییە کە ئەویش خەمۆکیی
دەرهاویشتەی (نارسیسیتیک پێرسناڵتی دیسئۆردەر)ە کە یەکێکە لە دژوارترین جۆرەکانی خەمۆکیی
و ژیانی تووشبووەکە خاپوور دەکات».
لە بواری سایکۆلۆجییدا ڤیکتۆر فرانکڵ بە مێتودە
نایابەکەی لۆگۆثێڕاپیی، بە تایبەتیی لە کتێبی «عەوداڵیی مرۆڤ بۆ مانا: Man's Search for Meaning»؛
لە بواری ئەدەبی منداڵانيشدا چیرۆکی نایابی «ماسییە پەلکەزێڕینە: Rainbow Fish»ی مارکۆس پفیستەر و «پیاوی ناو هەورەکان»ی
کۆس مایندەرتس و ئانێتا فینیخ» زۆر بە وردیی ئاماژەیان بەم دەردە کوشندەیە کردووە.
من بە هەر لایەکی ئەم کۆمەڵگەیەدا دەجووڵێم و وەردەچەرخێم
خۆمخۆمیزم و خۆپەرەستییەکی قووڵ و ڕەزاگران بە ڕووخسارمدا دەتەقێتەوە، کۆمەڵگەیەک
کە تاک بە تاکی تێکڕا هەڵپەی ئەوەیانە لەوەی تەنیشتی زۆرتری هەبێت، ڕاکەڕاک و هەڵپەکردنێکی
حووتئاسا، موتەئەسسیفانە ئەوەی زۆرتری هەیە زۆرتریش ئەو هەڵپەیە ئەکا.
لە کۆمەڵگەی وادا، مرۆڤێک کە بە بڕێک لە هەرکام
لە چێژەکانی دونیا دادەکەوێت و بەشێکی بەرچاو لە ژیانی، زاهیدانە و مینیماڵیستانە
نەزری چاکەی گشتیی دەکات؛ تووشی نامۆبوونێکی قووڵ و تاقەتپڕووکێن دەبێت. مرۆڤی دەروەست
بۆ پاکژیی ڕۆح و ڕەوانی هەرگیز ناتوانێت وەکو ئەوانی دیکە دەستبداتە داتاشینی بتێک
لە خودی خۆی، لە دۆخی وەک ئەوەدا جوامێر و خانمخاسەکان پێڕەویی لە گوتەزا بەجێیەکەی
عەلی عیززەت بیگۆڤیجی مەزن دەکەن کە دەیفەرموو: «لەنێوان بێباکیی و غەمدا، بێدوودڵیی
غەم هەڵدەبژێرم». حەزرەتی نالییش لە دەرەتانێکی وادا بوو فەرمووی:
عومرێکە بە میزانی ئەدەب توحفەفرۆشم
زۆرم وت و کەس تێی نەگەیی، ئێستە خەمۆشم.