ئەگەر مووچەى مانگى 10ـتان وەرگرت دەستى پێوەبگرن ئەمە دوا مووچەى ئەمساڵ دەبێت
09:00 - 04/11/2024
زەمەن - کوردستانى
ئێستا لە مانگى 11 داین و هێشتا مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان مووچەى مانگى 10یان وەرنەگرتووە، کەناڵ و راگەیاندنەکانى سەربە دەسەڵاتیش دەنگۆى هەبوونى کێشە لە مووچەى مانگى 11 و 12 بڵاودەکەنەوە.
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەبێت هەموو مانگێک لیستی مووچە بۆ بەغدا بنێرێت، پێیوایە حکومەتی عێراق بەردەوام بەدوای بیانووی نوێدا دەگەڕێت و هەر جارە و شەڕێک بە هەرێمی کوردستان دەفرۆشیت.
دەشڵێت، بۆ مووچەى مانگەکانى 11 و 12 گرفتى نوێ هاتووەتەپێش، بەغدا دەڵێت، لە بودجە تەخسیساتی مووچە تەواو بووە. واتە ئەو پارەیەی لە بودجەی ساڵی 2024ی عێراق بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مانگەکانی ڕابردوو خەرج کراوە و ئێستا کوردستان پارەی بۆ مووچە نەماوە، ئەمە لەکاتێکدایە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو دوو مووچەیە نزیکەی دوو تریلۆن دیناری پێویستە.
ئەم گرفتە نوێیەى بۆ مووچە دروستبووە، دەریدەخات مووچەى مانگى 11 و 12ى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەهەمانشێوەى سێ مووچەکەى ساڵى رابردوو دەفەوتێت و لەدواى وەرگرتنى مووچەى مانگى 10 کە پێشبینى دەکرێت لەم هەفتەیەدا رەوانە بکرێت و دابەشکردنى بکەوێتە هەفتەى داهاتوو، تا مانگى یەک مووچە دابەشنەکرێتەوە.