247 کوردستان

دۆسیەكانی چاڤیلاند و قەرزەكان چیان لێدێت؟
گەمەكەی نەوەی نوێ و بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی

09:31 - 31/05/2023

زەمەن

تادێت زیاتر ڕووندەبێتەوە كە نەوەی نوێ ئەجێنداكانی پارتی و یەكێتی جێبەجێ دەكات، دوایین سیاسەتیشی خۆشیرینكردنە لای ئەو دوو حزبە بەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە هەوڵی ئەو دراوە، كە لە ئەنجامدا خزمەتە بەو دوو حزبە.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ بە نادەستوری ناساندنی پەرلەمانی کوردستان ئێستا بوەتە بابەتی گەرمی میدیاکانی نەوەی نوێ و پارتی و یەکێتی، چونکە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی دوو حزبەکەی دەسەڵاتە و بانگەشەیەکی گەرمی میدیایشە بۆ نەوەی نوێ.

پاكانەوە و خۆكردنە خاوەنی بڕیارەكە لەلایەن نەوەی نوێوە بۆ خزمەتکردنی پارتی و یەکێتی ئێستا گومانێکی نوێی بۆ واژۆکردنی رێککەوتن لە نێوان نەوەی نوێ و پارتی و یەکێتی زیاتر کردوە، بەتایبەت داخستنی دۆسیەکانی چاڤیلاند لە سلێمانی و قەرزەکانی سەر کۆمپانیا لای حکومەتی هەرێمی کورستان.

بەرژوەندییەکانی یەکێتی و پارتی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هەمە جۆرن بۆیەش نایانەوێت دژایەتی بڕیارەکە بکەن بەڵکو پێشوازیشی لێ دەکەن و پێچەوانی بڕیارەکانی پێشوی دادگاکە مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارەکە دەکەن، بەجۆرێک تا ئێستا سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کورستان کە لای یەکێتی و پارتیە بە وشەیەک باسی بڕیارەکەیان نەکردوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکەم لایەنی سیاسی بوو هەر لەگەڵ راگەیاندنی بڕیارەکە پێشوازی لێکرد، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بەهۆی سودمەندی لە بڕیارەکە ئەویش لە راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی هاوشێوەی پارتی و نەوەی نوێ پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەیشکرد، "ئەمڕ‌ۆ تەحەدداكانی بەردەم میللەتەكەمان لە تەنگژەی دیموكراسی و بۆشایی دەستووریداكۆشش بۆ یەكڕ‌یزیی میللەتەكەمان بكەین".

دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی کە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بەبێ ئەوەی پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەمواركردبێتەوە، پارتی ڕێگری سەرەکی بوو لەهەمواری یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێک هەڵبژاردن بکرێتە فرەبازنەیی و دەستکاری پشکی پێکهاتەکان لە پەرلەمان بکرێت، بۆیە دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەپلەی یەک لەبەرژەوەندیی پارتییە، چونکە هەڵبژاردن بە یاسای کۆنی هەڵبژاردن و یەکبازنەیی دەکرێت. لەمەدا نەوەی نوێ چاوی لەوەیە كە بۆ پارتی بسەلمێنێـت بڕیارەكە بە هەوڵی ئەم دراوە، بۆ ئەوەی دۆسیەی قەرزەكانی نالیا بەلایەكدا بخات.

ژمارەی کورسی کۆتاکانیش کە خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی و لایەنەکانی دیکە بو وەک خۆی لە بەرژوەندی پارتی دەمێنێتەوە، واتە پارتی 11 بە سفر دەچێتە ناو یاریەکەوە، چونکە نەوەی نوێ 11 کورسی کۆتاکانی جارێکی دیکە لە ڕێگەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیەوە بۆ پارتی مسۆگەر کردەوە و ئەو پایەمەشی لە ڕێگەی میدیاکەیەوە راستەوخۆ بڵاوکردەوە.

هەرچی یەکێتی نیشیمانی کوردستانیشە لە دوای پارتیەوە سودمەندی سەرەکی بڕیارەکەیە چونکە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەکات کە سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە لە پشکی یەکێتیە، ئەو حزبەش دەمێکە پێداگیری دەکات ئەو کۆمسیۆنە هەڵبژاردنەکان بکات تا خواستەکانی خۆی بۆ بچێتەسەر، بۆیەش حزبەکە بە ڕونی پێشوازی لە بڕیارەکە کرد. ئەمەش گومان دەكات پرسی دۆسیەكانی چاڤیلاند بە بەرژەوەندی یەكلابێتەوە.

دوای دو حزبەکەی دەسەڵاتەوە، نەوەی نوێ سودمەندی بڕیارەکەیە، چونکە بانگەشەیەکی گەرمی میدیایە بۆ حزبەکە تا خۆی وەک فریاد ڕەس نیشان بدات و ئەو پرسەش بکاتە کەرەستەیەکی میدیایی بۆ  بانگەشەی هەڵبژاردن داهاتوو بۆیە نەوەی نوێ و میدیاکەی خۆیان لە قەرەی کاریگەرییەکانی بڕیارەکە نادەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن