گۆرانی بۆ ئاشتی ده‌چڕی، كه‌چی به‌هۆی شه‌ڕه‌وه كوژرا
04:05 - 17/05/2023
"زەمەن"
ڕۆژی شەممە، سێزدەی ئه‌م مانگه، شادن محه‌مه‌د حه‌سه‌ن، كچه
گۆرانیبیژی سودانی، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی موشەکێک بۆ ناو ماڵه‌كه‌یان لە کاتی
شەڕی بەردەوامی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە شاری "ئۆمدورمان"
گیانی لەدەستدا.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدابوو ئه‌و کچە بە گۆرانی و هونەرە
فۆلکلۆرییەکانی خۆی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی جه‌نگه‌كه ئامادە دەکرد بەڵام بەهۆی
ئەو شەڕە بێمانایەی کە وڵاته‌كه‌ی بردوه‌ته‌وه ناو تونێلێکی تاریکەوە، کوژرا.
شادن و خێزانەکەی، چوار هەفتە بوو لەناو ماڵەکەی
خۆیاندا قەتیس مابوون، ئەویش حەزێکی زۆری بۆ ژیان هەبوو، یەکێک بوو لەو کەمترین
ژنە هونەرمەندانەی نەوەی خۆی، کە هونەرەکەی و ژیانی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەڕ و
توندوتیژی و حوکمڕانی تاکەکەسی ته‌رخانكردبوو.
لە دایکبووی شاری سپی پایتەختی ویلایەتی کۆردۆفانی
باکوورە، لە زانکۆی نیشتمانی ئومدورمان ئابوری خوێندووە، بەڵام ڕووی له هونەر
كردووه، بەتایبەت گۆرانی فۆلکلۆری ناوچەی کۆردۆفان .
شادن خاوەنی پڕۆژەیەکی هونەری جددی بوو، چەندین
ئەزموونی پێشکەش کردوه کە تێیدا هەوڵیدا پردێک لە نێوان جیاوازییە
کۆمەڵایەتییەکان دروست بکات، هەروەها ڕەنگدانەوەی کولتوره جۆراوجۆرەکانی سودان له
ژیانی هونەریدا ڕه‌نگیدابوه‌وه.
ئەو نازناوی "الحکامە"ی هه‌بوو، کە بەزۆری بە
ژنانی دارفور و کۆردۆفان دەدرێت، کە بۆ شیعر و گۆرانی وتنی جەماوەری شکۆمەندن و
دەسەڵاتێکی زۆریان بەسەر پیاواندا هەیە.
ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لە داکۆکیکردن لە گروپە
جەماوەرییەکانی دژ بە دەسەڵاتی سەربازی، گۆرانییەکانیشی لەگەڵ ئەو خۆپیشاندەرە
ئاشتیخوازانەدا دابەشکرد کە توانیان ڕژێمی عومەر بەشیر، بڕوخێنن، کە بۆ ماوەی سێ
دەیە بە مشتێکی ئاسنین وڵاتەکەی بەڕێوەبرد و زۆربەی خۆپیشاندەران گۆرانی
بەناوبانگی "خەیال الحکامه"یان دەوتەوە و بووە ئایکۆنێکی ناڕه‌زاییه‌كان.
له‌ناو سۆشیالمیدیادی عه‌ره‌بیدا كوژرانه‌كه‌ی كاردانه‌وه‌ی
لێكه‌وته‌وه و به‌شێكی زۆر به‌شدارانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌واڵه‌كه‌یان
بڵاوكرده‌وه و خه‌مباری خۆیان بۆ له‌ده‌ستدانی نیشاندا.