1278 جیهان

ئەو کارەساتانەی لە ژیانی بایدن روویانداوە

08:56 - 08/11/2020

  "زەمەن" 

وێڕای ئەوەی مێژووی بایدن لە کاری سیاسەتدا پڕە لە رووداوی گرنگ، بەڵام مێژووی کەسی بایدن ھەر لە سەرەتای ژیانی سیاسەتدا بێبەش نەبووە لە کارەسات و رووداوی دڵتەزێن.


بایدن لە گەڵ ئافرەتێک بە ناوی نیلیا ھانتەر لە نیویۆرک ھاوسەرگیریی کردبوو کە خاوەن سێ منداڵی بە ناوەکانی جۆزێف بو، رۆبێرت ھانتەر و نعومی کریستینا بوون.

دوای ماوەیەکی کەم لە سەرکەوتنی جۆ بایدن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پیران لە ١٩٧٢دا، ھاوسەرەکەی نیلیا ھانتەر و کچەکەی نعومی کریستینا بەھۆی رووداوێکی ھاتوچۆوە گیانیان لەدەستدا و ھەردوو کوڕەکەی جۆزێف بو، رۆبێرت ھانتەر برینداربوون.

لە ١٩٧٧دا، جۆ بایدن جارێکی دیکە لەگەڵ ئافرەتێک بە ناوی جیل جاکۆبس ھاوسەرگیریی کرد کە خاوەن یەک کچن بە ناوی ئاشلی و ھاوکات لە ساڵی ٢٠١٥دا، کوڕەکەی جۆ بایدن، جۆزێف بو لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا بەھۆی شێرپەنجی مێشکەوە گیانی لەدەستدا.

رۆژی سێشەممەی ھەفتەی رابردوو، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەچوو کە تیایدا ھەرێک لە جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان، و دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان، رکابەری یەکتر بوون و دوای چوار رۆژ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، دوێنێ شەممە، میدیای ئەمریکا سەرکەوتنی بایدنی لە ھەڵبژاردنەکان راگەیاند.

بایدن سیاسەتمەدارێکی بەناوبانگ

بایدن لە ١٩٤٢ لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە دایکبووە و لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی بۆ گەڕان بە دوای کارێکی باشتر روویان لە ویلایەتی دێلاوێر کردووە و تا ئێستا دێلاوێر نیشتەجێیە.

مێژوو و زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی دێلاوێر خوێندووە و ھەروەها بڕوانامەی پارێزەریی لە زانکۆی سیراکیوز بەدەستھێناوە.

بایدن لە حەفتاکانی سەدەی رابردووە چوونەتە ناو جیھانی سیاسەتەوە و لە تەمەنی ٢٩ ساڵیدا لەسەر ویلایەتی دێلاوێر وەک ئەندام لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ھەڵبژێردرابوو.

لە میانی ئەندامبوونی لە ئەنجومەنی پیران بۆ ماوەی ١٦ ساڵ وەک سەرۆک و ئەندامێکی دیار لە لیژنەی دادوەریی خزمەتی کردووە و دواتر بۆ ماوەی ١٢ ساڵ بووەتە ئەندام لە لیژنەی سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیران.

بایدن بۆ یەکەمجار لە ١٩٨٨دا بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا خۆی کاندیدکردبوو، بەڵام دوای ئەوەی دانی بەوەدانابوو کە وتاری سەرکردەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا ئەوکات، نیل کینۆکی دزیوە کشانەوەی خۆی لە ھەڵبژاردنەکەدا راگەیاند.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن