2904 دیمانە

مەزڵوم کۆبانێ بۆ "زەمەن":
ئێستاش هیوامان وایە ترەمپ پاشگەز بێتەوە

01:49 - 08/10/2019

سازدانی: هێمن حەسەن


مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لەم دیدارە تایبەتەى “زەمەن”دا لەبارەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەسەر سنورى تورکیاو باکورو رۆژهەڵاتى کوردستان دەڵێت، کشانەوەی هێزەکانى ئەمریکا کاریگەرى لەسەر شەڕ دژى داعش دەبێت، پێشیوایە ئەمە ئۆفەرێکی ترەمپە بۆ تورکیا تا داعش زیندوو بکاتەوە.

* چۆن سەیرى بڕیارەکەى ئەمریکا دەکەن بۆ کشانەوەى لە سنورەکان؟
- ئەمریکا دەمێکە دەڵێت دەکشێینەوە ئێوە دەزانن کە ساڵى رابردووش ترەمپ بڕیارێکى لەو جۆرەى دەرکرد، بەڵام دواتر بریارەکەى دواخست، ئێمە پشتمان بە ئەمریکا نەبەستووە بۆ پاراستنى گەلى خۆمان، بەڵکو گەلانى باکورى سوریا خاوەن ئیرادەو هێزى خۆیانن، بەڵام بێگومان ئەم کشانەوەیە کاریگەرى لەسەر شەڕ دژى داعش دەبێت، ئەمە ئۆفەرێکە ترەمپ وەک بەخشیش دای بە تورکیاو داعش، ئێستا هیوامان وایە ترەمپ پاشگەز بێتەوە.


* کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا چ زیانێکى بۆ رۆژئاواى کوردستان دەبێت؟
- ئەگەر تورکیا هێرش بکات، کارەساتێکی گەورە لە هەرێمەکە ڕوودەدات، یەکەم شت دەوڵەتی تورکیا ماوەیەکی زۆرە هەڕەشەی ئۆپەراسیۆن لە دژی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات، هێرش دەکات، سەدان هەزار کەس ئاوارە دەبنەوەو قەیرانێکى مرۆیی و کۆمەڵایەتى گەورە روودەدات، خاکى رۆژئاوا داگیر دەکرێت و دیار نییە کەی دەوڵەتى تورکیا لێی دەردەچێت، سیستمى باکورى سوریا شکست دەهێنێت، زیندانییەکانى داعش لە زیندانەکان ئازاد دەکرێن و جارێکى تر دەوڵەتى تورکیا رێکیاندەخاتەوەو دژى جیهان بەکاریان دەهێنێتەوە.


* هۆکار چی بوو ترەمپ لەم کاتەدا بڕیارى کشانەوەى هێزەکانی دا؟
- هۆکارەکان بەشێکى پەیوەندى بە بەرژەوەندیەکانى ئەمریکاوە هەیە لە ناوچەکەو لەگەڵ تورکیا، ئێستا هەڵبژاردن لە ئەمریکا هەیە پرسى سوریا بۆ ئەو هەڵبژاردنە بەکاردەهێنرێت، پێمانوایە سەودایەک لەنێوان ئەمریکاو تورکیا هەیە، ئەمانە دەکرێت هۆکارێک بن، ئەوەى پەیوەندى بە ئێمەوە هەبوو وەک هەسەدە ئەوەیە بۆ دروستکردنی میکانیزمی ئاسایشی سنوورو دروستکردنى ناوچەى ئارام ئەرکەکانمان بە زوویی جێبەجێکرد، ئەمریکا خۆشیان ئەوە دەزانن و بە هەماهەنگی ئەوان ئەرکەکانمان جێبەجێکردووە، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا ئەرکەکەی خۆیان جێبەجێ نەکردو هێزەکانی خۆیان لە سنووری تورکیا کشاندەوە.


* ئێستا دواى بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا پێتانوایە تورکیا هێرش بکات؟
- ئێمە نازانین چى روودەدات جارێ چاوەڕێی دۆخەکە دەکەین، بەڵام بەرپرسى هێرشی دەوڵەتى تورکیا ئەمریکاو هاوپەیمانان بوون ئێستا کە ئەوان لە سنور نەمان و بێدەنگ بن لە ئاست هێرشەکان، ئەوا تورکیا مەیدانەکەى بۆ واڵا دەبێت و هێرش دەکات.


* ئێوە بەنیازى چین و چۆن ئەم دۆخە تێدەپەڕێنن؟
- ئێمە لە خەبات و تێکۆشانى خۆمان بەردەوام دەبین هێزەکانمان سەرجەمى لە ئامادە باشیدایە، بێگومان وەڵامى هەر هێرشێکى تورکیاو گروپە چەکدارەکانى هاوشانى دەدەینەوە، هەرگیز رێگە بە داگیرکارى نادەین یانزە هەزار شەهیدو دەیان هەزار بریندارمان بۆ ئەوە نەداوە خاکى خۆمان هەر ئاوا دیارى پێشکەشى دەوڵەتى تورک بکەین، کورد لەژێر کۆمەڵکوژییەکى دەوڵەتى ئەردۆغاندایە بۆئەوەى مانەوەى خۆمان درێژە پێ بدەین دەبێت خاوەندارییەتى لە خاکى خۆمان بکەین لەوە زیاتر هیچ رێگەیەکى دیکە نییە، بۆئەوەش بانگەواز بۆ گەلەکەمان دەکەین بە هەموو پێکهاتەکانیەوە وڵاتی خۆیان لە هێرشەکانی تورکیا بپارێزن.


* پەیوەندیتان بە لایەنەکانى ترى سوریاو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە کردووە بۆ راگرتنى هێرشەکان؟
- لە پەیوەندیدان لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەى رێگە لە داگیرکارى بگرین، چونکە ئەمە تەنیا مەترسى نییە بۆ باکورى سوریا، بەڵکو مەترسییە بۆ تەواوى جیهان بە ئەمریکا خۆشییەوە، چونکە بوونى دەوڵەتى تورکیا لە خاکى باکورى سوریا واتە زیندووکردنەوەى داعش و دووبارە سەرهەڵدانەوەى جەنگێکى دیکە.


* داواتان لە رژێمى سوریا کردووە بۆ ئەوەى رێگرى بکات لە هێرشەکانى تورکیا؟
- نەخێر پەیوەندیمان پێوە نەکردوون، بەڵام لە هەوڵداین بتوانین بۆ ئەوەى گفتوگۆ لەسەر ئەو رەوشە نوێیە بکەین، ئەمە ئەرکە لەسەر شانى رژێم تا بەرگرى لە سەروەرى خاکى وڵاتەکەى بکات.


* چەند زانیارییەک هەیە کە دەڵێن کشانەوەکە تەنیا لەسەر سنورە نەک هەموو باکورى سوریا؟
- ئێمە چاودێرى دۆخەکە دەکەین دەبێت روون بێتەوە ئایا لەشکرکێشى روودەدات یان نا، ئەگەر روویدا تا کوێ دەبێت، جارێ ئەمریکا لە ئەرکەکانى خۆى لە باکورى سوریا بەردەوامە هیچ سەربازێک نەکشاوەتەوە، تەنیا لە سنوری تورکیا نەبێت، ئێمە هیوادارین ئەمریکا هەڵەیەکى لەو جۆرە نەکات و خۆى و جیهانیش نەخاتە مەترسییەوە.


* ئەم کشانەوەیە چ کاریگەریەک لەسەر شەڕى دژى داعش دروست دەکات؟
- تائێستا شەڕى داعش کۆتایی نەهاتووە، شەڕی شەڕڤانەکانى ئێمە هاوشان لەگەڵ سەربازەکانى هاوپەیمانان لە دێرەزوور بەردەوامە، رۆژانە شەهید دەدەین لەو شەڕەداو چەکدارى زیاتر دەستگیر دەکرێن و دەکوژرێن، لەگەڵ ئەوەشدا شەڕى پاشماوەکانى داعش ئەرکێکى ترە لەسەر شانمانە، هێشتا لە کەمپەکاندا خێزانەکانى داعش دەژین، ئەوانەش پێویستیان بە دۆزینەوەى چارەسەرە کە فکرەى توندڕەوییان هەڵگرتووەو بەرگریى لە بیرى داعش دەکەن، لە زیندانەکاندا دەیان هەزار چەکدارى داعش هەیە زۆریان وڵاتەکانیان وەریان نەگرتوونەتەوە ئەمانە مەترسین لەسەر سوریاو ئەوروپاو ئەمریکاش، لە دۆخێکى ئاوادا دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا هێرش دەکات و ئەمریکاش هێزەکانى بکشێنێتەوە ئەمانە جارێکى تر گەشە دەکەنەوەو دەوڵەتى تورکیا بۆ زیندووکردنەوەى داعش دێتە باکورى سوریا.


* ئامانجى تورکیا چییە لەو هێرشانەى دەیکاتە سەر رۆژئاواى کوردستان؟
- دەوڵەتى تورکیا دەیەوێت زۆرترین خاکى سوریا داگیر بکات و هەیمەنەى خۆى بسەپێنێت تا لەو رێگەیەوە دەوڵەتى عوسمانى زیندوو بکاتەوە، دەیەوێت چەکدارەکانى داعش رزگار بکات و جارێکى تر کۆیان بکاتەوەو دەست بە رێکخستنیان بکات، نایەوێت کوردان خاوەن مەترێک زەوی بن لەم جیهانە، ئەمە شەڕی مان و نەمانە بۆیە دەبێت رووبەڕووى خواستەکانى ئەردۆغان ببینەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن