تەرکیزی چاکسازی
5/19/2020 10:55:00 AM
رێبوار خهلیل هیدایهت
پڕۆسەی چاکسازی پڕۆسەیەکی گشتگیرە و ناکرێ قەتیس بکرێ لە بوارێک دا
هەموو بوارەکانی دارایی و سەربازی و ئەمنی و کارگێڕی و ئەکادیمی و پەروەردەیی و تەندروستی و ڕوشنبیری و وەرزشی ئەو وڵاتە پێویستی بە چاکسازی و ڕیفۆڕمی جددی هەیە.
ئەو سێکتەرەی کە ئێستا تەرکیزی کراوەتە سەر چاکسازی لتێدا بکرێ تەنها بواری داراییە بەهۆی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و دابین کردنی مووچە و پەیداکردنی سیولە بۆ جوڵەی بازاڕ ، سێکتەرەکانی تر بەتەوای فەرامۆش کراون و لەبیری خەڵک براونەوتەوە
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلیۆت لە ماوەی ساڵی ڕابردوو حکومەتی هەرێم بایی نزیکەی هەشت ملیار و نیو نەوتی فرۆشتووە . لەو بڕە پارەیە تەنها نزیکەی سێ مڵیار و نیو دراوەتە وەزارەتی دارایی بۆ پێدانی مووچە بە خەڵک ،
لە چاکسازی لە بواری داراییش تەنها تەرکیز کراوەتە سەر ئەو بەشە داراییە یان بڵێن ئەو ڕێژە بوجەیەی کە دەسەڵاتداران بڕیاریان لێداوە بۆ خەڵکی تەرخان بکەن لە کۆی داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ .دەیانەوێ بە شێوەیەک ڕێکارەکان دابڕێژن کە ئەو بەشە کەمە بە باڵابەرزەکەی میللەت بدورن
ئەو ڕێکارانەی کە بەنیازن بیگرنە بەر وەک کەمکردنەوەی مووچە و بڕینی دەرماڵە و کەمکردنەوەی خەرجی و تەنانەت دەستکاری میلاکاتیش ئێستا هاتۆتە ناو باسان هەمووی لە چوارچێوەی ئەو بەشەدایە کە بۆ خەڵک تەرخان کراوە و بەشەکانی تر داهاتی نەوت کە بەناوی قەرز دەدرێ بە کۆمپانیا و کەسایەتیەکان ، یان بەناوی بەشی کۆمپانیای نەوت و گواستنەوەی نەوت و بۆڕی و بەشی وڵاتان بوونەتە هێڵی سوور ، کەس باسیان لێوە ناکات .
کەس ناپرسێت و لێکۆڵینەوە ناکات کە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەندە قەرزارە ؟ کەس جورئەتی ئەوە ناکا بە کابینەی حکومەتی پێشوو بڵێ حیساباتی خیتامی چەند ساڵی ڕابردووی پڕ قەیران پێشکەش بە پەرلەمان بکەن ، با بزانین داهاتتان چەند بووە و چەندتان داوە بە مووچە ، کەس جورەتی ئەوە ناکا بڵێ ئێمە بۆ ئەوەندە قەرزارین ؟ ئایا دابەش کردنی چواریەکە مووچە قەرزی دەوێ ؟ لە کاتێک دا ئەو بڕە زۆرە نەوت بەنرخی بەرز فرۆشراوە و داهاتی ناوخۆش زۆر لە ئێستا زیاتر بووە ؟؟
کەس ناپرسێ و ناچێتە بنج و بناوانی ئەوەی ئایا ئەو کۆمپانیایانە ئەو بڕە قەرزە لە حیسابیان هاتۆتەخوارەوە لەو بەروارەی کە حکومەت باسیان لێوە دەکات ؟
ئایا ئەو قەرزانەی دەدرێنەوە دەچنەوە سەر حیسابی ئەو کۆمپانیا و بانکانە ؟ ئایا دەزگاکانی چاودێری دارایی وڵاتەکانیان ئاگاداری هاتن وچوونی پارەیە هەنە و پشکی ئەو بانک و کۆمپانیایانە بەرز و نزمی ی بەخۆوە پینیوە بەهۆی ئەو هەموو مامەڵە و قەرز و داهات و قازانجە ؟ کەس لەو دەنگۆیانە ناکۆڵێتەوە کە دەووترێ ئەو کۆمپیایانەش یان بەشێکیان هی بەرپرسان خۆیانن .
کەس لەوە ناکۆڵێتەوە کە ئەو گرێبەستانەی کراون بە پێی پەیماننامە جیهانیەکان کراون ؟ ئایا ڕادەی پابەندی یاساییان چەندە و قابیلی هەموراکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوە نین ؟
هەر ڕێکارێک بگیرێتە بەناوی چاکسازی ئەگەر باسی ئەو پشکی شێرە نەکرێ کە بەناوی قەرز و بەشی کۆمپانیا لە داهاتی نەوت دەدرێتەوە یان تەرخان دەکرێ یان دەبردرێ و شەفافیەتی تێدا بەدی نەهێنرێ ، دەبێتە هۆی بە یاسایی کردنی ئەو ناشەفافیەتی و ناڕوونیە لە داهاتی نەوت و ئیتر ئەو بەشە قابیلی گێڕانەوە نابێ تا ئەو دەسەڵاتدارانە بمێنن ڕووباری داهات بە ناوی جیاجیاوە دەڕوا و جۆگەلەی بچوک بەتامی چاکسازی دەرخواردی خەڵک دەدرێ .