کۆبەرهەمەکانی شێخ سەلام بڵاودەکرێتەوە
08:20 - 16/09/2019
ئێوارەى ئەمڕۆ لە
هۆڵی (عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ، لە شاری جوان) مەراسیمی بڵاوکردنەوەی کۆبەرهەمەکانی
شاعیری گەورەی کورد "شێخ سەلام" بەڕێوەچوو.
کۆبەرهەمی ئەم
شاعیرە، جگە لە شیعرەکانی، بۆ یەکەمینجار شانۆگەرییەکی بڵاونەکراوەو کۆمەڵێ وتار و
چەند چیرۆکێک و شیعرەکانی خەییام بە کوردیی، لە دوو توێی سێ بەرگدا کۆکراوەتەوە.
کاروان عوسمان
خەیات، ئامادەکاریی کۆبەرهەمەکانی شێخ سەلام، لە لێدوانێکدا بۆ "کولتووری
زەمەن" وتی: (کۆبەرهەکانی شاعیری نەتەوەیی شێخ سەلام، ماوەی دوو ساڵ کارم
تێدا کردووە، پێشتر لە ساڵی ١٩٥٨ دیوانی شێخ سەلام، بە سانسۆرێکی قوورس بەشێکی چاپ
بووە، پاشتر لە ساڵی ١٩٩١ جارێکی تر ئەم دیوانە شیعرییە چاپ بووە، بەڵام هەموو
شیعرەکانی نەبووە. من هەموو شیعرەکانی، وتارەکانی، شیعرە وەرگێڕاوەکانی خەییامم لە
سێ بەرگدا کۆکردووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی بۆ یەکەمینجار شێخ سەلام، شانۆگەرییەکی
دەستنووسی هەبووە کە خۆی نووسیوویەتی بەناوی جولەکەی کۆڵگێڕ، ئەویشم لەم کۆبەرهەمە
سێ بەرگەدا کۆکردووەتەوە.)
سەبارەت بەوەی چۆن و بە چ ڕێگەیەک شیعر و بەرهەمەکانی ئەم
شاعیرەی ساغکردووەتەوە، ئامادەکاری
کۆبەرهەمەکانی ئەم شاعیرە وتی : (بە گەڕان و ماندووبوونێکی زۆر. هەندێکیان
دەستنووس بوون و هەندێکیشیان ئەو دەقانەن کە نەجمەدین مەلا بە خەتی خۆی
نووسیوونییەتییەوەو جارێکی تر من لەم کۆبەرهەمانەدا کۆمکردوونەتەوە.)