ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاوکرایەوە
07:07 - 19/04/2025
زەمەن - جیهانى
ماڵپەرى ئاکسیۆس رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف نێردەى دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێش کۆبوونەوەى لەگەڵ شاندى ئێرانى، لەگەڵ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کۆبووەتەوە.
ئەمڕۆ نوێنەرى ترەمپ و عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوەى ئێران و شاندى یاوەرى، لە رۆماى پایتەختى ئیتاڵیا کۆبوونەوە، میدیاکانى ئێران دەڵێن، کۆبوونەوەکە لەبارەى پرسى ئەتۆمى بووە و کۆبوونەوەیەکى زۆر ئەرێنى بووە.
عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوەى ئێران دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان کردووەتەوە، تەنیا لەسەر مەلەفى ئەتۆمى دانوستان دەکەن و لەسەر هیچ مەلەفێکى دیکە ئامادەى دانوستان نین.
هەروەها راشیگەیاندووە، جگە لە ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆم، رێگە بە هیچ لایەنێکى دیکە نادەن چاودێرى بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێران بکات.
عەباس عێراقچى گوتووشیەتى، کۆبوونەوەکە باش بوو. دەتوانم بڵێم دانوستاندنەکان بەرەو پێشەوە دەڕۆن. ئەم جارە توانیمان بگەینە ئەنجامێکی باشتر لەبارەی هەندێک بنەما و ئامانج.
لەبارەى کۆبوونەوەى داهاتووشیان گوتى، رۆژی چوارشەممە گفتوگۆی تەکنیکی لەنێوان لایەنی ئێرانی و ئەمریکی لە عومان بەڕێوەدەچێت و شەممەی داهاتووش شاندی هەردوو وڵات لە عومان کۆدەبنەوە بۆ چاوخشاندنەوە بە ئەنجامی کۆبوونەوە و کاری لیژنە تەکنیکییەکان.