202 کوردستان

دادگایه‌كی ئێران سزای سێ ساڵ زیندانی به‌سه‌ر فه‌قێیه‌كی كورددا سه‌پاند

03:31 - 07/05/2023

"زەمەن"

 

سەید تاریق حوسێنی، فەقێی زانستی ئاینی و خەڵكی شاری جوانڕۆ كە لەلایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر كرابوو؛ لەلایەن دادگای "شۆڕشی" حكومەت لە كرماشان سزای سێ ساڵ بەندكردنی بەسەردا سەپاندووە.

ئەرسەلان یارئەحمەدی، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە "زەمەن"ی راگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا سەید تاریق حوسێنی، چالاكی ئاینی و فەقێی خەڵكی شاری جوانڕۆ، لەلایەن لقی ٤ی دادگای شۆڕشی حكومەت لە كرماشان بە تۆمەتی چالاكی و پڕوپاگەندە بە دژی كۆماری ئیسلامی و هاوكاریی گروپە دژبەرەكانی كۆماری ئیسلامی، سزای ٣ ساڵ بەندكردنی بەسەردا سەپاندووە.

ئاماژەی بەوەكرد، پاش ناڕەزایەتیی سەید تاریق حوسێنی لەسەر ئەو بڕیارەی دادگا، بڕیاری سزای ناوبراو و دۆسیەكەی بۆ لقی ١٤ی دادگای پێداچوونەوە لە پارێزگای كرماشان گەڕێندراوەتەوە.

ناوبراو ڕۆژی یەكشەممە، (٢٩ی جەنیوەری ٢٠٢٣) لە ماڵی خۆی، واتە لە شاری جوانڕۆ، لەلایەن هێزەكانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حكومەت لەو شارە ڕفێندراوە و بۆ ماوەیەك لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حكومەتییە لە كرماشان لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ كراوە.

ئەو هاوڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە هەموو مافە سەرەتایییەكانی وەك دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەی بێبەری و بێبەش كراوە. بەوتەی یارئەحمەدی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن