220 کوردستان

راپۆرتێك؛ پارتی و یه‌كێتی كۆنترۆڵی حكومه‌تیان كردووه‌

09:37 - 06/05/2023

"زەمەن"


به‌پێی راپۆرتی ڕێكخراوێكی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ده‌ستتێوه‌ردانی حزبی له‌ كاروباری حكومی له‌ ئاستێكی به‌رزدایه‌ و پارتی و یه‌كێتی به‌ ته‌واوه‌تی ده‌ستیان خستوه‌ته‌ ناو داموده‌زگا حكومییه‌كانه‌وه‌ و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ و سه‌رۆكی زانكۆ و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان دیاریده‌كه‌ن.

 

رێكخراوی ئاران  به‌پشتیوانی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسی پێنجشەممەی رابردوو، راپۆرتێكی بنكۆڵكاری بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی (12) مانگدا واتا له‌ 1ی (ئایار/5)ی 2022 تا 30ی (نیسان/4)ی 2023  تیمێكی نۆ كه‌سی رێكخراوی ئاران بۆ په‌ره‌پێدانی كلتوری مه‌ده‌نی، له‌ سنوری پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماده‌یان كردوه‌، راپۆرته‌كه‌  له‌ پێشه‌كی ‌و باكگراوه‌ندی گشتی و نۆبه‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتوه‌، تیمی ئاماده‌كار بۆ ماوه‌ی 12 مانگ به‌ به‌رده‌وامیی كاریان كردوه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی كوالیتی به‌رز راپۆرته‌كه‌ ئاماده‌ بكه‌ن و زانیارییه‌كانی ناوی به‌ پوختی و به‌ كورتی هه‌روه‌ها به‌ شیكراوه‌یی پێشكه‌ش بكه‌ن، ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ ئاماده‌كردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م راپۆرته‌ گه‌یشتنه‌ به‌ حوكمڕانی باش و چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی دیموكراسی و سه‌روه‌ریی یاسایه‌.

 

راپۆرته‌كه‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر‌ و سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ی وه‌ك ناوچه‌ی جوگرافی كاركردن وه‌رگرتوه، ئه‌ندامانی تیمه‌كه‌ی رێكخراوی ئاران بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری مه‌به‌ست قسه‌یان له‌گه‌ڵ هەزار و 26 فه‌رمانبه‌ری حكومی له‌ فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌، كه‌ سه‌ر به‌ 261 فه‌رمانگه‌ی حكومین له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی‌ و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ و خوارتر.

 

لە هەولێر لەكۆی 113 فەرمانبەر، 111 فەرمانبەر، لە سلێمانی لەكۆی 107 فەرمانبەر، 89 فەرمانبەر، لە هەڵەبجە 19 فەرمانبەر لەكۆی 41 فەرمانبەر بەناچاری فۆڕمی حزبیان پڕكردۆتەوە، له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر سه‌رجه‌می پۆستی سه‌رۆكی زانكۆكان لای پارتیه‌ جگه‌ له‌ زانكۆی كۆیه‌و له‌سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ش ته‌نها سه‌رۆكی زانكۆی چه‌رموو دراوه‌ به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، سه‌رجه‌می لای یه‌كێتیه‌.

 

به‌پێی راپۆرته‌كه‌، سەرجەم پۆستی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانی سنوری پارێزگای هەولێر سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن جگە لە قەزای كۆیە، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە بەڕێكەوتنی حزبی ئەو پۆستانە دابەشكراون.

 

دیاریكردنی به‌رێوه‌به‌ر و به‌رپرسی به‌شه‌كان له‌ فه‌رمانگه‌كانی له‌لایه‌ن حزبه‌وه‌، له‌ هه‌ولێر سه‌دا سه‌د، سلێمانی سه‌دا 98، هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌دا 71 وایه‌.هەر بەگوێرەی راپۆرتەكە، 19 حاڵەتی كڕین و فرۆشتنی راژەی فەرمانبەران لەهەردو پارێزگای هەولێر و سلێمانی تۆماركراون، كە لە هەولێر حەوت حاڵەت و لە سلێمانی 12 حاڵەت بون.

 

ئاماژه‌به‌وه‌شكراوه‌، تەواوی سەندیكا پیشەییەكان لەلایەن پارتی و یەكێتیەوە كۆنتڕۆڵكراون و دەستوەردانێكی بەرفراوانیان هەیە لەكاروبارەكانیاندا.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن