کەلتور

ئاوێنەی بێ ژوور

10:14 - 19/06/2021 111 جار خوێندراوەتەوە

سوارە کافرۆشی

ژوورێک تاریک ئەچێتەوە
مانگەشەو پرشنگی پەخش ناکات
ئەستێرە خۆی نارژێنێتە نێو بنمیچەکەی
کە گزنگی رۆژیش هەڵدێ گوێسەبانەکەی رووناک ناکاتەوە
ئاوێنەیەک لە ژوور سەرم راکشاوە
چەند درێزێکی راست و چەپ و خوار و خێچی تێکەوتووە
ئاوێنەیەک سەفەری دووری کردووە
برینێکی قوڵ لە هەناویا هەڵکۆڵدراوە
ئەو رۆژەی کە شنگالیان گرت ئەو بینەری سەر بڕین و
رەڤاندنی کیژۆڵان و
گوێگری زریکەی منداڵان بوو
ئاوێنەیەک وێنەی پرچی سپی ژنێکی
دایەوە
بەرۆک دڕاو و
قژ ڕنراو
شین و گریەی دایکێکی دی
تاقانە کوڕەکەی بەبیانووی ئیلحادەوە
لە نهۆمێکی بەرزەوە فڕێ درا
لە ژوورێکدا لەو بیابانە ئاوێنە پارچە پارچە بوو
کە ریشدارێک بە بیانووی جیهادەوە
کچێکی هەشت نۆ ساڵانی تیا ئەتک کرد..
کێ برینی ئاوێنەکەم سارێژ ئەکات؟
ئاوێنەکەم گێڕایەوە کەوەختی خۆی
ئاوێنەساز پێی وتووە
ئێرە مەملەکەتی قاقڕە
مەملەکەتی ئەو کیژۆڵانەی هەر لەدایک بوون فڕێدران،
مەملەکەتی ئەو کچانەی بەناونیشانی جیاوازەوە کوژران،
ئێرە مەنفایە بۆ ئەو کوڕانەی نەیانتوانی ژیان بنووسنەوە،
ئێرە ئەو شوێنەیە کە ئەوانی تێدا خنکان بەرلەوەی لە رووباردا نغرۆ ببن، ئێرە قاقڕە،
کەناری بەرەهووتە تنوکێک ژیانی تێدا نییە
کێ برینی ئاوێنەکەم سارێژ دەکات؟
ئاوێنە لەم ماڵەدا نەبێ
لە هیچ شوێنێک رەنگدانەوەی تیا نابینی
ئەو بە بێدەنگی راهاتووە
بۆ دەنگدانەوەی بێدەنگی گوێچکەکانی هەڵخستووە
ئاوێنەکەم تەنها دەنگی موزیک ئەژنەوێ
لەگەڵ موزیکدا سەما ئەکات
هەر پارچەیەکی ئەبێتە جەستەیەک و
لە چێوەکەی دادەبەزێت
تانگۆ ئەکات
ماندوو ئەبێت
رائەکشێ و جارێکی دی
سامبا ئەکات
ئاوێنەیەک لەم ژوورەدا
لێرە نەبێت سرەوت ناگرێ
لەناو ژوور و
لەژوور سەرم رانەکشێت
ئۆقرە ناگرێ
ئێرە نەبێت ئەو ماڵێک شک نابات
بۆ بینین
هەر پارچەیەک وێنایەکی تیا ئەنەخشێ
لای راست توڕە و
چەپی کز و مات و مەلوول
درزێکش لە هەناوێتی
ورد و خاش و پارچەی بچووک
هەزار وێنای تیا ئەبینرێ..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement