کەلتور

من تەنها بۆ ساتێک دەژیم، کەچی سەدەیەکە ماوم!

12:42 - 22/04/2021 139 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکەفت جەلال

لە دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە، ناو بە ناو چەند گفتووگۆیەکم لەگەڵ نووسەرەکەی ئالان پەری کرد و بۆم دەرکەوت کە تەمەنی تاراوگەیی ئەو ڕێک وەک تەمەنی منە کە دەکاتە ٢٢ ساڵ. لەم کتێبە هەر زوو هەست بە تەنیایی و گۆشەگیری و نامۆیی نووسەر بەدەر دەکەوێت.
ئەم کتێبە 26 تێکستگەلێکن کە نووسەر خۆی وا بەباشیان دادەنێت لە ژێر ژانری چیرۆکە شیعردا بن. تێکستەکان بە شێوازێکی سوریالیستانە و ڕەشبینانە نووسراون.

لە قوڵایی خوێندنەوەی ناوەڕوکی ئەم 26 تێکستانەدا دەمانباتە نێو باسی غوربەت و تەنیایی و ئازارەکان و شکستی عیشق و نەهامەتی و بارودۆخە دژاوەرەکانی مرۆڤ. لە چاوپێکەوتنێکدا ئالان پەری دەڵێت: ''ئەزموونی شیعری کتێبی جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە ئەتوانم بڵێم ئەزموونێکی تایبەتە بە ژیان و بەسەرهاتی خۆم لە دەرەوە، من لێرە بۆ چەندین ساڵ جەنگاوم لە پێناو مانەوە، لە پێناو درووستکردن و ناسینی خۆم، مانەوە لە بازنەی زمان و کەلتوور و ڕاهاتن بە دونیای دەرەوەی ئێرە''

بە دیدی من ئەگەر خوێنەرێک ڕەشبین نەبێت ناتوانێت لەم کتێبە تێبگات، چونکە تەواوی ئەم کتێبە وێناکردنی دونیایێکی ڕەشن، لە چەندین جێگای ئەم کتێبە دا کارێکتەر هانا بۆ نەمانی خۆی دەبات لە شوێنێکی ئەم کتێبەدا بە ئازارەوە دەڵێت: ''تۆ خەڵکی ئەم جیهانە شپرزەیەیت، تۆ بەجێ ماویت، تۆ ئەو هەموو شکستانەی دونیایت، تۆ تاوانباری یەکەمیت لە بەردەم ئاسمان و هەتاو و زەویدا.''
پێشنیارێکی باشە بۆ تێگەیشتن بە جیهانی سەختی شاعیر و نامۆبوونی لە تاراوەگە بە هیوای خوێندنەوەیەکی باشتان بۆ دەخوازم.

کتێبی جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە لە نووسینی ئالان پەری و لە وەشانی نووسیار لە ساڵی 2019 چاپ بووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement