هەورێكی نەبان
06:47 - 30/10/2020
مارف عومەر گوڵ
بۆ ئەوێ چووم وامزانی
ئەستێرە لە مانگەشەویدا دەجریوێنێ
باران لە بەهاریدا تاوتاو خەفەت دەشواتەوە
هەتاو لە زستانیدا
دڵی ساردوسڕی دەرمەندە گەرم دەكاتەوە
شەماڵ لە هاوینیدا ،
بەسەر گڕەو هەڵقرچانا هەڵدەكات
ئەو شەوە درێژە كۆتایی نەهات
هەندێ جار بەفر دایدەپۆشێ و ئەوین ڕەق دەبۆوە
هەندێ جار دەنگی گۆرانی دەهات
هەندێ جاریش گرمەی شەڕو وێرانكردن .
بۆ ئەوێ چووم وامزانی سابات و باغاتێكە
ترش و شیرین و مێخۆش ،
بە پاڵ درەختێكی ڕوتاوەوە گیرسامەوە ،
ئیتر سەردەمێكی ترە دەوران
هەورازێكی ترە ڕێگە
پێچ و پەنایەكی ترە ژیان .
هەورێكی نەبان بەسەرمدا دەڕوا ،
بارانێكی ئاشنا دێتەخوارێ
تەونێكی هەڵگرتوە خەیاڵ
هەڵبەز و دابەزێتی ناچێتە ژێر ڕكێفەوە
كەوتۆتە هەردەو هەڵەت !
گلارەی دیدەم ئۆقرەی نەگرت
هەرداو هەردو دەشتاو دەشت
بە دوای خوڕەمی بارانەوە
لە تەپونمدا ون دەبێت !
ئەو هەورەش جێم دەهێڵێت ،ئای چی بكەم
چەخماخەو شریخەی دەمترسێنێت
لە دەشتێكا جێماوم ،
دڵم بەو ڕێگەیە خۆشە دەمباتەوە ئاوایی ،
وا دیارە بەم پایزی ژینەوە
گڵەبانی خانەی ئەوین هەر بە من ناكرێ .
تۆ پڕیت لە دەرد و كوڵ
دەفتەرێكی سپیم بەرێ ،پڕی دەكەم
لە خەمی دڵێكی سەركز ، لە نۆتەی هەور
بەسەر حیكایەتی ماتەمینیدا دەیگێڕم
دەری ماڵەكەمی پێ گۆرانی پژێن دەكەم
پرچی پەشۆكاوی تریفەی پێدەچنم
گەڵایەكی پێدەخوێنمەوە
ڕێحانەی حەیرانێكی ژێر كەپری ئەم مەرزوبوومە
بە لاپاڵی ژیانەوە ،
بەیتێك بۆ جەستەی نازداران دەخوێنێتەوە .
لەوێ ، لەبەر شنەی حەیران و
لەبەر سەڵای بەیتی ،
شاخە و شاخ و شارە و شار و
هەورا و هەور و دەورا و دەور و
گوندا و گوند و ماڵە و ماڵدا
چرپەی دێڕی ، منی بەیتان ، منی مەقامی گریان
منی ئاوازی لەبیر نەكراوی ساڵان
منی لاوكی شەپۆڕی دوێنێ و ئەمڕۆ
چرپەی دێڕی هەپرون بە هەپرونی جەستەی دێ
بۆ هەورێكی نەبان دەخوێنێت ،
دەڕوا و ناگەڕێتەوە
لەبەر ئاهونزولەی نەنە گەورەیەك
لە بەهارە شیرینەكانی ئەم نیشتیمانە
ناشیرین كراوەدا
نێرگس لە ئینجانەی دڵا سەوز دەبێتەوە .
ئەڵێی ئاوی ڕەوانە ، ئەوینە شاراوەكەی
تەمی نەبانی ڕۆژگاری هەور و هەتاو
ئەڵێی هەڵمەتی شەپۆلانە
لە سەردەمی قەڵاچۆكردنی ئینجانەی گوڵ و ڕێحانەدا
ئەڵێی گریانی خوێنە ،
لە سەدەی چەقۆ بەدەستەكانی نەوتا
ئەڵێی ( باخچەی پاشا )ی شیعرەكانی گۆرانە
لە سەردەمی وێرانە دا
ئەڵێی ( دڵی كوڕان و كچان )ی مەدهۆشە
لە خۆر نشینی دڵشكانا .
زستان پاڵتۆی سەرمای لە بەركردوە و
باران دەیشواتەوە ،
ئەستێرە لە باوەشی ساماڵدا تریقەی دێ و
مانگ بە سەربانی ماڵەكەی ئێمەوە
حیكایەتی شەوە سپیەكانی بۆ كچانی دەرو دراوسێ گێڕایەوە
هەواڵی بەفری لەو شاخە پرسی ، بارانیش لە بنار
هەر هەور بوو ، دەهات و نەدەهات
تووڕە دەبوو ، هێور دەبۆوە
ئەو دەگریا و من دەگریام
هەر هەور بوو لە من دەچوو ، نیشتیمانی نەبوو
لە مەراقی چاوەڕوانیدا ون دەبوو !
هەر هەور بوو لە گوڵ دەچوو
ڕۆژێك هەبوو ڕۆژێك نەبوو
هەر هەور بوو لە خۆشەویستی دەچوو
لە هەڕەتی گوڕوتینا ئاوا دەبوو
لەم دەور و بەرە هەر هەور دەناسم
ئیتر هیچ بارانێك نەیدەزانی
لە باوەشی پان و پۆڕی ئاسماندا چی بەسەر هات
لە چ پەنایەكدا خۆی كۆدەكاتەوە
هیچ بارانێك نەیدەزانی هەور چی بەسەر هات
هەور نەهات ! دڵم سووتا
بووم بە یەكێك لە قوربانیەكانی قەدەر
ڕەشەبا پەلكێشی كردم ،
بۆ مەداری پەت پەتێنی ئەمسەر دونیا و ئەوسەر دونیا
لە چاوەڕوانیی هەوردا بووم ، پشتی لە زەوی كرد
لە چاوەڕوانیی نێرگسەجاڕێكدا بووم ، ڕۆچوو
لە چاوەڕوانیی ماچێكدا بووم ، هەڵوەری !
هەور نەهات ،
بە درەختێكی سووتاوەوە خۆم گرتەوە !
سلێمانی / 3 - 4 / 2020
نەبان : نادیدە ، نەناس ، كەسێك بە كەسێكی تر دەڵێت : بۆ خۆتمان لێ نەبان دەكەیت
.