چی لەدوای کشانەوەی مقتدی صدر؟
8/30/2022 7:03:00 PM
ئەمین بەکر
۱. پێشترلەنوسینێکدا باسمان لەوە کردبو، گەورەترین
زەرەرمەندی کشانەوەی پەرلەمانتارەکانی تەیاری صدری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ،
تەیاری صدری خۆی دەبێت ،دواجار وادەرچوو ،ئەوە بوو چوارچێوەی هەماهەنگی بەستراتیجی
ئارام گرتن زۆرینەی کارتەکانیان بەمقتدی صدر تەقاند، بەجۆرێک ئەگەر دۆخەکە زیاتر
ئاڵۆزببوایە ئەوا ئاڕاستەی نێودەوڵەتی وناوخۆیش بەتەواوەتی دەبونەدژی.
۲.ڕاستە مقتدی توانی بەهەموان بڵێت ئەگەر بمەوێت دەتوانم بەتویتێک عێراقتان
لێ بکەم بەدۆزەخ ،وبەتویتێکیش ئاشتی دروست بکەم، بەڵام پێشی وتین کە خاوەنی بڕیارێکی
سیاسی جێگیر نیەو وزۆر بەڕەخنەوڕاگەیاندن و ڕوداوی لەناکاو کاریگەر دەبێت وڕای دەگۆڕێت
و بەمەش متمانەی هاوپەیمانەکانی ولایەنگرەکانیشی بەخۆی لاواز کرد، و لەهەموشی
گرنگتر کاریگەربوونی بو بەقسەی مەرجەعەکەی (آیەتوڵا کازمی حسین حائری) کاتێک ناڕاستەوخۆ
و بەشێوازی ئامۆژگاری پێی وت نەبنە هۆکاری فیتنە لەناوماڵی شیعەدا و لەکاتی، وازهێنانی
لەپلەی مەرجەع شوێن کەوتوانی ئامۆژگاری کرد ئایەتوڵا خامنئی ڕابەڕی شۆڕشی ئیسلامی
ئێران بکەن بەمەرجەع و حەشدی شەعبیش وەک هێزێکی چەکدار بهێڵدرێتەوە و تێکەڵ بەسوپای
عێراقی نەکرێ.
ئەمەش سەدوو هەشتا پلە پێچەوانەی بۆچون وبانگەوازەکانی
مقتدی صدر بوو کە پێ ی وابو، نەجەف ناوەندی بڕیاری مەزهەبی شیعەیە و حەشدی شعبی میلیشیایەو
پێویستە حەل بکرێت ، بۆیە هەندێک ڕەخنەی ئەوەی لێدەگرن کەمقتدی صدر تەنانەت نەیتوانیبو لەئاڕاستەی مەرجەعەکەشی بەباشی
تێ بگات.
۳. پێدەچێت هێزە سیاسیەکانی تر (چوارچێوەی هەماهەنگی)
کە بەشوێن گرتنەوەی صدریەکان بونە هێزی یەکەم لەپەرلەمان لەمەودوا، بەو شێوەیەی پێشتر
لەگەڵ هاوپەیمانەکانی پێشوی صدر لە پارتی و سیادەی سونەکان نەرم نەبن ، وبۆپێکهێنانی
حکومەت زۆر لەسەریان ناوەستن.
٤. ئەوەی مقتدی
صدر دەیڵێت واز لەکاری سیاسی دێنێت ، زۆر جێگای باوەڕ نیەو تائێستا چەندان جاری تر
دورکەوتۆتەوە لەبڕیاری سیاسی، و میلیشیاکانی هەڵپەساردوە و جاری واش هەبوە هەڵی وەشاندونەتەوە
بەڵام زۆری پێ نەچوە، دوبارە هاتۆتەوە، بەتایبەت کاتێک خۆپیشاندانێک دروست بێت یاخود
هەڵبژاردنێکی تر بێتە پێشەوە.
٥.پێدەچێت ئەگەر ڕێک
کەوتن لەسەر حکومەتی ئایندەی عێراق نەکرێت، یان وەعدی هەڵبژاردنی پێش وەختە نەدرابێت
بەمقتدی صدر کەڕەنگە وەعدی پێ درابێت، ئەوا زۆر نەبات خۆپیشاندان بەشێوازی جۆراوجۆر
دەست پێ بکاتەوەو هێزە سیاسیەکان ناچار بەدیاری کردنی بەروارێکی هەڵبژردنی پێش وەختەبکات،
بەڵام لانی کەمی دەرفەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و یاسای بودجە بە ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق دەدرێت.
٦. ئەم شەڕەی دوێنێ
شەو ئەوەی سەلماند کەعێراق بۆقۆناغێکی درێژ وڵاتی میلیشیاکان دەبێت و قسەی کۆتایی
ئەوان دەیکەن، و هەرکاتێک دەسەڵات دارانی شیعەش لەوە دڵنیابون لەناوماڵی شیعە نەیاری
پڕۆژەکەیان نیەو ڕێگری نێودەوڵەتیش نیە ،هەنگاو بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی عێراق و هەمواری
دەستور دەنێن و سیستەمێکی کۆماری ئیسلامی شیعی لەعێراق ڕادەگەیەنن.