65وتار

ژیان لەسەردەمی قەیومدا

11/13/2024 1:00:00 PM
دڵزار عارف

لە دوای پاشەکشەی ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥ و گەڕان بەدوای هێز و پارتی  تر بەمەبەستی دروستکردنی حکومەت و زۆرایەتی لە پەرلەمان. ئەمەش وای کرد ئاکەپە بگەڕێ بەدوای هاوپەیمانێک، کە پلان و مرازەکانی سەرۆکەکەیان تیایدا بهێنێتەدی، بۆیە لە دواجار لە گەڵ مەهەپەی ناسیۆنالیست رێکەوتنیان کردو هاوپەیمانێکی نوێی عەیار بیست و چواری تورکچیەتیان ئیمزا کرد. ئیتر ئەم هاوپەیمانەتیە هەرزوو کەوتنە وێزەی کوردو دواتر جەماعەتی گولەنیان قەڵاچۆکردو ئیتر دەوڵەت و حکومەت و دادگاکانیان پاکردنەوەو شتێک نەما بەناوی بەربەستی یاسایی و سیاسی لەبەردەمیان. 

ئیتر  لە ٢٠١٦ ەوە دەوڵەتی تورکیا، هەوڵی سەپاندنی سیستەمێکی تازەیدا ئەویش دانانی قەیوم لە شوێنی سەرۆک شارەوانیە هەڵبژێردراوەکانی کورد، واتا کۆتایی هێنان بە گەمەی دیموکراسی و حوکمی شەرعی و یاسایی. دەوڵەت و ئەردۆگان باش تێگەیشتون کە ناتوانن لە رێگەی هەڵبژاردنەوە گەرەنتی شارەوانیەکانی باکور بکەن، بۆیە هاتن لە رێگەی سیاسەتێکی زۆرەملێی نا مەدەنی و نا یاسایی، کەسێک دەهێنن و دەیخەنە سەر کورسی کەسە هەڵبژێردراوەکە. تەواوی پرۆسەکەش لە ژێر پاساوی ئەوەی کە کەسی هەڵبژێردراو جێگای متمانە نیەو دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی تورکیا کار دەکات. بەڵام بابەتەکە تەنها گۆڕینی کەسێک نیە بە کەسێکی تر، بەڵکو بە دەیان کەس کە هەلی کاکردنیان پێدراوە لە شارەوانیەکان دوور دەخرێنەوەو خەڵکانی خۆیان دەخەنە شوێنەکانیان. هەروەها هەموو ئەو پرۆژە کەلتور و مەدەنیانە دەوەستێنن کە لە بەرژەوەندی پێکەوە ژیان و وڵاتێکی فرە نەتەوەداییە. جگە لەوە هەوڵی بەلادابردنی پرۆژە ستراتیجیەکان دەدەن و بەشێکی باشی پارەکانینش دیزەدەرخونە دەکرێ و لەگەڵ تەواوبوونی تەمەنی یاسایی شارەوانیەکان کۆمەڵیک دەوڵەمەندی تازە هەڵدەتۆقێن. لەبەرامبەریش خەڵکی ناوچەکە بێ کارو بێ دەرەتان دەمێنێتەوە بە ناچاری بەهەزاران گەنجی کورد وڵاتەکەیان جێ دەهێڵن و رودەکەنە وڵاتانی رۆژئاوا. 

سەردەمی قەیوم سەردەمی لێکترازانی خەڵکی باکورە لە گەڵ ئەو جوگرافیاییەی کە ناوی تورکیایە، چونکە جاران جۆرێک لە تێکەڵکێشکردن و پەیوەستبوون لەگەڵ پڕۆژەکانی شارەوانی دروست دەبوو، بەڵام دوای سەپاندنی ئەم سیستەمە دەرفەتی ژیانکردنێکی شایستە رۆژبەرۆژ لەبەردەم کوردی وڵاتپارێز کەم دەبێتەوە بەناچاری سەری خۆی هەڵدەگرێ و رێگای هات و نەهات دەگرێتە بەر.

دوای دانانی سێ قەیوم بۆ سێ شارەوانی گەورەی باکوری کوردستان، ئەمجارە کورد دەیەوێ بە ئاسانی شارەوانیەکان رادەستی قەیوم نەکاو هەوڵ بدات زۆرترین ئاستەنگ و بەربەست لەبەردەم ئەم کارە نا شەرعیە دروستبکات، ئەویش لە رێگەی گردبونەوە و خۆپیشاندان و میدیاو خەباتی پەرلەمانی. ئیتر ئێستا کێشمە کێش و بەرکەوتنەکان لە گەڵ دەوڵەت بەردەوامە، رۆژانی داهاتوو ئاشکرا دەبێ، خەڵک بەسەر قەیوم سەردەکەوێ، یان قەیوم دەتوانێ بۆ چوار ساڵی تر بەردەوام بێ لە کارەکەی؟


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن