کوردستان

وه‌زاره‌تی ناوخۆ راگه‌یه‌نراوێكی توندی بڵاوكرده‌وه‌

08:13 - 10/06/2021 274 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان


وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دەداتە گرووپێکی سەر بە "پەکەکە" و ده‌ڵێت، "چەندین ھاووڵاتی خاوەن رەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێمی کوردستان".



له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار چەکدارانی پەکەکە پەلاماری ھێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیان داوە و چەندین ئەفسەر وپێشمەرگەیان شەھید و بریندار کردووە و ھەموو ھەوڵیان بۆ تێکدانی ئارامی وئاسایشی هەرێمی کوردستانە. بەداخەوە لە ڕۆژانی رابردووشدا شەش پێشمەرگەیان شەھید کرد و چەندین پێشمەرگەی تریش بریندار بوون .

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، لەم ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی.


وه‌زاره‌تی ناوخۆ جه‌ختی كردوه‌ته‌وه‌، پاراستنی ئارامی وسەقامگیری ناو هەرێمی کوردستان بە گشتی وهەولێری پایتەخت هێڵی سوورە ورێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویەک و لە ژێرناوی هیچ گرووپێک ، ئەم سەقامگیریە تێک بدرێت.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

 دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار چەکدارانی پەکەکە پەلاماری ھێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیان داوە و چەندین ئەفسەر وپێشمەرگەیان شەھید و بریندار کردووە و ھەموو ھەوڵیان بۆ تێکدانی ئارامی وئاسایشی هەرێمی کوردستانە. بەداخەوە لە ڕۆژانی رابردووشدا شەش پێشمەرگەیان شەھید کرد و چەندین پێشمەرگەی تریش بریندار بوون .

چەندین ساڵە بەھۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە سەدان گوند و ئاوایی ناوچە سنووریەکان چۆلکراون و زیانێکی زۆری ماددی بەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کەوتووە. هاوکات بەردەوام ھەوڵی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوی و نا ئارامیان لە ناو هەرێم داوە ، ئەویش بە ڕێگای جۆراوجۆر لەوانە لەم ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی.

لێرەدا بە ڕای گشتی رادەگەیێنین کە پاراستنی ئارامی وسەقامگیری ناو هەرێمی کوردستان بە گشتی وهەولێری پایتەخت هێڵی سوورە ورێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویەک و لە ژێرناوی هیچ گرووپێک ، ئەم سەقامگیریە تێک بدرێت.

داواش لەو گرووپانەی بە ناو ئاشتی وئازادی دەکەین خۆیان نەکەنە ئامرازێک بۆ تێکدانی باری ئەمنیی هەرێم. ئەگەر بە ڕاستیش نیازیان ئاشتی وئارامییە، با ڕووی قسەکانیان ئاراستەی قەندیل بکەن چونکە شەڕانگێزی ونائارامی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەو گرووپانە داوا لە پەکەکە بکەن چیتر دەست نەخاتە ناو کاروبارەکانی هەرێمی کوردستان وسنوورێک بۆ شەڕفرۆشییەکانیان و دژایەتی خەڵکی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان دابنێن.
وەزارەتی ناوخۆی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٠-٦-٢٠٢١


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement