بریکارى وەزارەتى پەروەردە چارەنوسی خوێندنى ئەمساڵ ئاشکرا دەکات
02:17 - 09/01/2021
زەمەن ــ ئامانج ئەحمەد
بریكاری وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، دەرگاى قوتابخانە ئەهلییەکان
ناکرێنەوە تا وەزارەت و لیژنەی باڵای کۆرۆنا بڕیاری لێ نەدات، جەختیکردەوە هەموو
هەوڵێک دەدەن خوێندنى ئەمساڵ نەفەوتێت.
د.سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردە بە"زەمەن"ی راگەیاند، بڕیارەكانیان بۆ راگرتنی خوێندن لەناو
پۆل بەهۆی كۆرۆناوە تایبەت نییە بۆ قوتابخانە حكومییەكان، بەڵكو سەرجەم ناوەندەكانی
خوێندنی حكومی و ناحكومیی دەگرێتەوە.
سەبارەت بە
دەستپێکردنەوەى دەوامى قوتابخانە ناحكومییەكان لە سبەى
یەکشەممە وتى: "کەس بۆی نیە دەرگای قوتابخانە بکاتەوە هەتا وەزارەت و لیژنەی
باڵای کۆرۆنا بڕیاری لێ نەدات".
لەبارەى چارەنوسی
خوێندنى ئەمساڵەوە بریكاری وەزارەتی پەروەردە ئاماژەى
بەوەکرد، هەموو توانای خۆیان خستووەتەکار بۆ ئەوەی ئەمساڵ بەكەمترین زیان خوێندن
تەواو بكرێت بۆ ئەوەش جگە لە رۆژانی هەینی تەنیا چوار رۆژ پشوویان هێشتووەتەوە، ئەوانیش یەك رۆژی نەورۆز و 3 رۆژی جەژنی رەمەزان پشوو دەبێت، ئیتر هیچ پشوویەكمان
نەهێشتووەتەوە.
بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى پەروەردە ملیۆنێک و زیاتر لە 700 هەزار خوێندکار لە هەرێمى کوردستاندا هەن، وتەبێژى حکومەت کۆتایی هەفتەى رابردوو ئاماژەى بەوەکرد، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا جارێكی دیكە كۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ.