کوردستان

ڤالا فه‌رید ورده‌كاری چونی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ په‌رله‌مان ده‌خاته‌ روو

11:27 - 26/09/2020 631 جار خوێندراوەتەوە


"زه‌مه‌ن"

ڤالا فه‌رید، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان رۆشنایی ده‌خاته‌ڕوو له‌باره‌ی داواكاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنێكی تایبه‌ت و ئه‌و بابه‌تانه‌ی بڕیاره‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌دا تاوتوێ بكرێن


ڤالا فه‌رید له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای ئه‌نجامدانی ئه‌و دانیشتنه‌ی كردووه‌ و له‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌وه‌ نووسراوه‌كه‌ ده‌رچووه‌ و بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نێردرێت.

وتیشی: به‌پێی مادده‌ی 66 له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و به‌پێی بڕگه‌ی دووه‌میش سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆی هه‌یه‌ داوای گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ به‌ ئاماده‌بوونی په‌رله‌مانتاران له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بكات.

ئاشكراشیكرد، له‌و دانیشتنه‌دا چه‌ند پرس و بابه‌تێك كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ ئه‌ركه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌خرێنه‌ڕوو.

سه‌باره‌ت به‌و ته‌وه‌رانه‌ش كه‌ بڕیاره‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان تاتوێیان بكات، ئه‌و وه‌زیره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، گرنگترین ته‌وه‌ره‌كان ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌ن كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مان متمانه‌ی پێ وه‌رگرتووه، له‌وانه‌ش بابه‌تی چاكسازی، كه‌ ماوه‌ی 3 مانگه‌ یاسای چاكسازی چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن و زۆرینه‌ی ئه‌و په‌یڕه‌وانه‌ی په‌یوه‌ست بوون به‌و یاسایه‌ ده‌ركراون، ئێستاش دوای تێپه‌ڕبوونی 3 مانگ، حكومه‌ت سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی راپۆرتێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌یدا روونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌ پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی بكات.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، "من له‌و باوه‌ڕه‌دام، یه‌كه‌م بابه‌ت كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی باسی لێوه‌ ده‌كات، بابه‌تی چاكسازییه‌، چونكه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه‌".

تایبه‌ت به‌ هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی چاكسازیش ڤالا فه‌رید ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، كۆی ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی، له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كاری له‌سه‌ر كراوه‌، به‌شێكیان به‌ ئه‌نجام گه‌یشتوون، بۆ نموونه‌ ئه‌و په‌یڕه‌وانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ یاساكه‌ ده‌ركراون و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی چاكسازیش چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌نجامدراون. هه‌ر وه‌زاره‌تێكیش له‌سه‌ر ئاستی خۆی په‌یڕه‌وی ده‌ركردووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌.
وتیشی: ته‌واوی ئه‌و په‌یڕه‌و و رێنماییانه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ ده‌ركراون، له‌ چوارچێوه‌ی راپۆرتێكدا كۆكراونه‌ته‌وه، كه‌ ره‌نگه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ له‌ رۆژی دانیشتنه‌كه‌دا پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت.

وتیشی: ئێستا چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ڵامی ئه‌و داواكارییه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بداته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی رۆژێك بۆ دانیشتنه‌كه‌ دیاری بكرێت و دواتریش شاندی باڵای حكومه‌ت بچێته‌ په‌رله‌مانی و تاوتوێی ئه‌و پرسانه‌ بكات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان وتی: په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ره‌وپێشچوونێكی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می كۆبوونه‌وه‌كانی لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كه‌ی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی به‌غدا، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ سه‌ردانی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوێكی دیكه‌ی برده‌ پێشه‌وه‌ و ئێستاش چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین بگه‌ینه‌ رێكه‌وتنی كۆتایی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ.
سه‌رچاوه‌: k24

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement