1724 کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێك ئاراستەی لایەنەكان دەكات

11:37 - 19/03/2020

"زەمەن"
بزوتنەوەی گۆڕان لە گوتاری هەفتانەیدا داوا لە لایەنە سیاسیە، میدیاكان، كۆمەڵگای مەدەنی دەكات ناكۆكیەكان بخەنە لاوە و هەموان بە گیانی بەرپرسیارێتیەوە هەوڵەكان یەك بخەن بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو گرفتانەی بەوهۆیەوە رووبەرووی خەڵكی كوردستان بۆتەوە.


هەر لە گوتارەكەی گۆڕاندا هاتوە"لەم ساتەوەختە دژوارەدا دەبێ تەنها بیر لەبەرژەوەندی گشتی بکەنەوە، بیر لە ئاسەوارە کارەساتبارەکانی هەر هەنگاوێکی خراپ و نێگەتیڤانە بکەنەوە. نابێ لە پێناو بەرژەوەندی تەسکدا، بۆ چنگ خستنی داهاتێکی نایاسایی، بۆ سودبینینێکی حزبیانە، بۆ پاکتاوکردنی حسابی سیاسیی و حزبی، ئەم دەرفەتە بقۆزرێتەوەو، بێخەمانە سەرقاڵی بەرژەوەندیە تایبەتە تەسکەکان بین."

دەقی گوتاری هەفتانەی بزوتنەوەی گۆڕان:

با هەمومان لە خەمی هاونیشتمانیاندا بین


وڵاتان، گەلان، نەتەوەکان، لەکاتی قەیرانە سەختەکاندا، لەکاتی کارەساتی سروشتی و تەندروستی وێرانکەردا، هاوخەمی و هاوهەوڵییەکی گەورە باڵ بەسەر فەزای گشتیدا دەکێشێت و، سەرجەم ئاراستەکان بەرەو هاوسۆزی و پێکەوە کارکردن و هاودڵی دەڕۆن.
لایەنە سیاسیەکان، دەسەڵاتداران، ئۆپۆزسیۆن، کۆمەڵگای مەدەنی، میدیاکان، لەسەریان پێویستە بە روحی هەماهەنگی و تەبایی و پێکەوەکارکردن روبەڕوی ئەو قەیرانە نیشتمانیە ببنەوە. ئەوە لایەنی کەمی هەستکردن بە بەرپرسێارێتیە لەو قۆناغانەدا، هاوکاری و هەماهەنگی رێگە لە ئیجتیهاد و رەخنەو بۆچونی جیاوازناگرێت، بەڵام سەرجەمیان لە پێناو پرسێکی نیشتمانیدا کە پەیوەست بێت بە هەمو هاوڵاتیانەوە، یەکگرتوانە سەرقاڵی جێبەجێ کردنی ئەرک و فەرمانەکان ئەبن.
لە ئێستادا کە ئەم پەتا سەختە، سنوری نیشتمان و وڵاتانیشی بڕیوەو بوە بە پرسێکی نێونەتەوەیی و جیهانی، هاوکاری و هاودڵیەکی گەورەی لە ئاستی جیهاندا دروست کردوە. ئەمەش مرۆڤایەتی ئەباتە قۆناغێکی ترەوە کە پێکەوە، وڵاتی هەژار و دەوڵەمەند، پێشکەوتو و نەدار، بەیەک مەسافەو قۆناغ، روبەروی ئەو کارەساتە سروشتیانە ببنەوە.
لە کوردستاندا، سەرباری بونی کۆمەڵێک قەیرانی سەختی ژیان و موچە و بێکاری، ئەم پەتا رەشەش، هەناوی کۆمەڵگای جارێکی تر هەژاندوەو خستویەتیە بەردەم مەترسیەکی گەورەوە. ئا لەم ساتەوەختانەدا، پێویستە سەرجەم هێزە سیاسیەکان و هاوڵاتیان، دور لە لایەنەگرێتی و روحی تۆڵەو ململانێی سیاسیی، بەگیانی تەبایی و پێکەوە کارکردن و پشتیوانی کردنی تیمە تەندروستیەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کار بکەن.
پێویستە و مەرجە کە لەم قەیرانە گشتیانەدا، کە قورساییەکی زیاتری خستۆتە سەر شانی هاوڵاتیان، تەنها لە خەمی ئەوەدا بین چۆن نیشتمان و هاوڵاتیان لە کاریگەریە مەترسیدارەکانی پەتاکە بپارێزین، چۆن هاوکار بین بۆ جێبەجێ کردنی رێنماییەکان، چۆن پێکەوە، کار بۆ کەمکردنەوەی دیوە خراپەکانی ئەو بێموچەیی و لەماڵ قەتیس بون و کەمبونی خۆراک و پێداویستیەکانی رۆژ، بەسەر چینە هەژار و نەدارەکاندا بکەین، چۆن بتوانین گیانێکی هاوکاری و هەماهەنگی و هاوسۆزی بەهێز لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگا دروست بکەین. ئەوانەی سەرەوە، ئەرکێکی گرنگ و هەستیاری هاوڵاتی بون و خەمی نیشتمان و خاک و خەڵکە.
لایەنی بەرپرس، دەزگاکانی وڵات، بازرگان و دەوڵەمەندەکان، هێزە سیاسیەکان، لەم ساتەوەختە دژوارەدا دەبێ تەنها بیر لەبەرژەوەندی گشتی بکەنەوە، بیر لە ئاسەوارە کارەساتبارەکانی هەر هەنگاوێکی خراپ و نێگەتیڤانە بکەنەوە. نابێ لە پێناو بەرژەوەندی تەسکدا، بۆ چنگ خستنی داهاتێکی نایاسایی، بۆ سودبینینێکی حزبیانە، بۆ پاکتاوکردنی حسابی سیاسیی و حزبی، ئەم دەرفەتە بقۆزرێتەوەو، بێخەمانە سەرقاڵی بەرژەوەندیە تایبەتە تەسکەکان بین.
هێزی بەرپرس لە ئێستادا کار بۆ هاوکاری لایەنە بەرپرسەکانی روبەڕو بونەوەی ئەم نەخۆشیە دەکات، هاوسۆز و پشتیوان ئەبێت، خەمی خەڵک دەکاتە سەرخەتی ئیشەکانی، ژیانی هاوڵاتیان دەبێتە سەرتۆپکی گرنگیەکانی، دەستهەڵئەگرێت لە کارگەلێک کە زیان بە تەندروستی و ئاسایشی نیشتمان بگەیەنێت، کار بۆ نەهێشتنی دڵەراوکێ و ناتەبایی دەکات و روحێکی بەرەنگاری و هۆشیاری بڵاو ئەکاتەوە.
وەک بزوتنەوەی گۆڕان، هەروەک چۆن پێشتریش رونمانکردەوە، ژیانی هاوڵاتیان، تەندروستی هاونیشتمانیان، بەرژەوەندیە باڵاکانی نیشتمان، گوزەرانی چینە نەدار و ئەوانەی لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن، تەبایی و هەماهەنگی لەگەل لایەنی پەیوەندیداردا، دەکەینە سەرخەتی ئیشکردنمان بۆ ئەوەی پێکەوە بە گیانی بەرپرسیارێتیەوە، ئەم دۆخە سەختە تێپەڕێنین و پارێزگاری لە ئایندەو تەندروستی و ژیانی هاوڵاتیان بکەین.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٩ی ٣ی ٢٠٢٠

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن