ڤیدیۆ

ژنێك له‌ ئازاری نشتیماندا به‌جێی هێشتین

شوعله‌ عه‌لی سه‌عید، له‌ شوباتی ساڵی 1955 دا و له‌ سه‌روه‌ختی حوكمی پادشایه‌تی عێراقدا له‌لانكه‌ی به‌ناوبانگی گۆشكردنی كوردایه‌تی و نشتیمان په‌روه‌ری هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی خاڵوان و باوانیدا گه‌وره‌بوو.

كچێك به‌ باوه‌شێ كتێبی جانتاكه‌ی شانیه‌وه‌ ساده‌ و ساكار وه‌ك نه‌سيمی به‌یانیانی به‌رانان به‌ نسێی كۆلاَنه‌كانی خانه‌قا و شۆسته‌ و شه‌قامه‌كانی سولیدا، شانزه‌ ساڵی ته‌مه‌نی رێگه‌ی قوتابخانه‌كانی سه‌ره‌تایی و سانه‌وی و دواتریش زانكۆ بۆ خوێندن و خۆ پێگه‌یاندن ده‌پێوێت.

ئه‌و له‌ زانكۆی سلێمانی و له‌كۆلێژی كارگێری و ئابوری بووه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ ده‌كا و هه‌ر له‌ قۆناغی خوێندكاریدا كۆستی شه‌هید بوونی هه‌ردوو برا جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی به‌دوای یه‌كدا به‌رگی ره‌شی خه‌م و پرسه‌ی شه‌هیدی پێ ده‌پۆشێت و ئومێد و هیوای سه‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵه‌ و شۆرشی نوێشی لا به‌هێز و پته‌و ده‌كات.

وره‌ به‌رزی ئه‌و له‌و سه‌روووه‌ختی سه‌ره‌تای شۆرش و كاری نهێنی رێكخستن و رووبه‌رووبونه‌وه‌ی به‌عسدا به‌كۆستی دوو برای شه‌هیده‌وه‌ گڕوتینێكی گه‌وره‌ی به‌ كچان و ژنانی سلێمانی به‌خشی كه‌ پۆل پۆل په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه‌ بكه‌ن و شان به‌شانی پێشمه‌رگه‌ به‌شداری له‌هه‌موو چالاكیه‌كاندا بكه‌ن.

شوعله‌ جوانترین نمونه‌ی ژنی ناو كوانوی جۆشدراوی كوردایه‌تی بوو له‌و سه‌رده‌مه‌داو، دروست شوعله‌ی ئاگردانی كۆمه‌ڵه‌ و شۆرشی نوێ بوو.

ساڵی 1981و به‌خواستی خۆی و بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی رێگه‌ی قه‌ندیل و كوخت و كۆڵیته‌كانی چیا ده‌گرێت و هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ رابه‌ری دیاری شۆرشی نوێ نه‌وشیروان مسته‌فا سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستاندا ده‌كات، ئه‌و ئه‌بێته‌ شوعله‌ی بڵندی دوندی مامه‌نده‌ و هاورێی پێشمه‌رگه‌ و ده‌ست و مه‌چه‌كی هاوكاری ژنانی لادێ و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ی ژن.

وه‌ك ته‌واری به‌رزه‌فڕ و وه‌ك بارێزه‌ی سێبه‌ری شاخ، ره‌نگی خاكی، هێمن و وریا چه‌ندین جار له‌بۆسه‌ و ته‌لبه‌ندی رژێمی به‌عسی پێشوو له‌ كه‌ناری مه‌رگ گه‌راوته‌وه‌.

وه‌ك ژن و وه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌موو وێستگه‌كانی خه‌باتی سیاسی و رێكخراوه‌ی و پێشمه‌رگایه‌تی هاورێ و هاوه‌ڵای نزیكی نه‌وشیروان مسته‌فا بوو ، له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆرانیشه‌وه‌ به‌هه‌مان وره‌ و ئومێد و هیوای سه‌ره‌تای شۆرش پشتیوانی رێكخه‌ری گشتی بووه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری كاری رێكخراوه‌ی  سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌ بووه‌.
به‌داخه‌وه‌ شوعله‌ رۆژی 17ی 3 ی 2017 له‌گه‌ڵ خۆیدا ره‌نگی به‌هار و هه‌تاوی سلێمانی بردوو شاری خامۆش كرد و بووه‌ هاوده‌می شوان و شێركۆی شه‌هید و وه‌ك ئه‌رخه‌وانی به‌هاری سه‌یوانیش لای ئه‌وانه‌وه‌ نێژرا،
ژنێك
 له‌ ئازاری سلێمانیدا ژیا
له‌ ئازاری خۆیدا كه‌وت و
 له‌ ئازاری نشتیماندا به‌جێی هێشتین.

 

no