هەواڵ

هەڵکەوت زاهیر بۆ رۆژنامەى زەمەن: ساڵانە دەچم بۆ عومرە

06:50 - 11/08/2019 432 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"


هەڵکەوت زاهیری موزیسیان، لەو هونەرمەندانەیە کە لێرەولەوێ زۆرترین قسە لەسەر کەسێتی خۆی و هونەرەکەی دەکرێت، بەڵام ئەو بە ئەعسابێکی ساردەوە ئەم قسانە وەردەگرێت و بە شتێکی ئاساییان دەزانێت.

هەڵکەوت زاهیر، لە تەمەنی چوارساڵییەوە خوليای موزيكی هەبووە و  لە تەمەنێکی کەمدا دەستی کردووە بە خوێندنی موزیک، زوو چوونە نێو دونیای موزیک وا دەکات، ئەم هونەرمەندە منداڵییەکی ئارام و بێ هەڵپەی هەبێت.

هەڵکەوت زاهیر لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ “زەمەن” ئاشکرای کرد کە قۆناغی گەنجی زور سه خت بوو و دەڵێت: هیوای خویندنم هەبوو لە دەرەوەی وڵات و گەیشتن بەو خولیایەی کە هەمبوو، ئەمە وای کردبوو قۆناغی گەنجێتیم زۆر سەخت بێت. 

لە بارەی ئەوەی لەسەرەتادا کێ هاوکاری بووە و کێ دەستی گرتووە بۆ چوونە ناو دونیای هونەر، هەڵکەوت زاهیر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەر لە منداڵییەوە بە شێوەی خۆڕسک خولیای هونەری موزیکی هەبووە و خۆی دەستپێشخەر و هاوکاری خۆی بووە، هەر کەسێک لە هەر بوارێکدا کار بکات و دەربکەوێت، هەندێک جار تووشی شکست دەبێت، بەڵام ئەم هونەرمەندە سوپاسی خوا دەکات کە لە ژیانیدا تووشی شکست نەبووە و بە سەرکەوتوویی هەموو قۆناغەکانی ژیانی بڕیوە و دەڵێت: بەڵام زۆر ماندوو بووم، بە ئاسانی نەگەیشتووم بەم قۆناغەی کە ببمە خاوەنی خەڵاتی زۆر گەورە، چ لە ئاستی ناوخۆی هەرێم، چ لە ئاستی وڵاتانی نیشتمانی عەرەب و رۆژهەلاتی ناوەڕاست. 

هەڵکەوت زاهیر بۆ “زەمەن” هەندێک نهێنی ژیانی خۆی ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت کە بە هیچ شێوەیەک حەز بە کایەی سیاسەت ناکات، ئەوەش ناشارێتەوە کە پێشتر یاریزانی باسکەی هەڵبژاردەی گەنجانی سلێمانی بووە، لایەنگرێکی سەرسەختی هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە و لە ئێستادا لە ئاستی یانەی ریاڵ مەدرید نارازییە، ناوبراو خۆی بە کەسێکی ئایینی دەزانێت و ئاشکرای دەکات کە ساڵانە دەچێت بۆ عومرە “هەموو رۆژێک گوێ لە قورئانی پیرۆز دەگرم و موزیک بە حەرام نازانم، لای من رای زانای گەورە (شێخ شەعراوی) پەسەندە کە لەگەڵ (شێخ ئەحمەد کەریم)دا موزیک بە حەرام نازانن.

هەڵکەوت زاهیر کاری موزیکی بۆ زۆر گۆرانیبێژ کردووە، ئەو پەشیمان نییە لە هیچ کام لەو کارانەی کە بۆ گۆرانیبێژە کورد و عەرەبەکانیشی کردووە، ئەو دەنگۆیانەش رەت دەکاتەوە کە دەڵێن هەڵکەوت زاهیر کار بۆ گۆرانیبێژە بە ئەزموون و کۆنەکان ناکات و دەڵێت: من کارم بۆ هونەرمەندە بە ئەزموونەکانیش کردووە، لەوانە لەیلا فەریقی، مەرزیە فەریقی، ناسڕ رەزازی، میکایل، حەمەرەوف کەرکوکی، ئازاد خانەقینی و چەندینی تر، لەگەڵ عەرەبەکانیش کارم بۆ  (نجاة الصغيره و ميادة الحناوي سميره سعيد و سعاد حسني و علي حجار) کردووە، بەڵام کاری من بۆ گەنجەکان سەرەتایەکی نوێ بوو لە کوردستاندا کە وا لە گەنج بکرێت بە شێوەیەکی باش دەربکەون.

هەڵکەوت زاهیر خۆی بە خوێنەرێکی باشی کتێب دزانێت و گرنگی زیاتر بە کتێبەکانی (حەمەسەعید حەسەن و بەختیار عەلی و مهاباد قەرەداغی و شێرکۆ بێکەس و کەژاڵ ئەحمەد) دەدات و دەشڵێت: سەرجەم کتێبەکانی مامۆستا عەلی باپیرم خوێندووەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن