هەواڵ

دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکایه‌تی 2020ی بۆچیه‌؟

08:43 - 09/08/2019 267 جار خوێندراوەتەوە

لوقمان غه‌فوور - ئه‌مریكا

“راپرسییه‌كان ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی  تره‌مپ ئاڵۆزن، رێژه‌كان بەردەوام هه‌ڵبه‌زو دابه‌ز ده‌كه‌ن. هه‌ندێجار له‌ قازانجی  تره‌مپه‌، هه‌ندێك كات له‌ زیانیەتی. هه‌رچه‌نده‌ من بۆ خۆم راپرسی هه‌ڵمناخه‌ڵه‌تێنێ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ 2016 بینیم كه‌ زۆربه‌ی ئاماژه‌كان وابوون هیلاری كلنتۆن براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه،‌ كه‌چی واده‌رنه‌چوو”. مامۆستا جۆستن پێترسن، مامۆستای كۆلێژی ته‌كنیكی و كۆمیونیتی ویلایه‌تی مینیسۆتا بۆ “زه‌مه‌ن” وه‌های وت.

هه‌روه‌ها ئه‌و دڵنیاییدا كه‌ سه‌ركه‌وتنی كۆمارییه‌كان بۆ ئه‌نجومه‌نی پیران له‌ نۆڤەمبه‌ری 2018 ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێشتا هێزێكی له‌ راده‌به‌ده‌ر له‌ناو منداڵدانی كۆمارییه‌كاندا ماوه‌و دەتوانێ تره‌مپ بكاته‌وه‌ به‌ سەرۆک به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵاوسانه‌ گه‌وره‌یه‌ی ده‌نگده‌رانی دیموكراته‌كان له‌ كۆنگرێس و بردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا، دیكتاتۆریه‌تی تره‌مپ و ئه‌جێندای راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ترپه‌ی توڕه‌یی خۆپه‌رستی و به‌ڵته‌جی كۆمارییه‌كانی راگرت. وتیشی: “ئه‌مه‌ به‌س نییه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تره‌مپدا كه‌ هێشتا به‌شێك له‌ ئه‌مریكییه‌كان باوه‌شیانكردووه‌ به‌ مه‌زهه‌ب و پۆپۆلیستگه‌راییه‌كه‌ی و سه‌رسامن به‌ كه‌سێتی و خۆده‌رخستنی تره‌مپ. به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ تره‌مپ بۆچی ده‌یه‌وێت بۆ تێرمی دووه‌م ببێته‌وه‌ به سەرۆک‌؟! بۆ منیش بۆته‌ پرسیار!”. “چیكردووه‌ تا تێرمی دووه‌م ده‌یه‌وێت بۆمان ته‌واوی بكات” پێترسن به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ كۆتایی به‌قسه‌كانی هێنا.

دیوارێكی جوان و سوپایه‌كی زه‌به‌لاحی ده‌وێ
تره‌مپ له‌ پروپاگه‌نده‌ نوێیه‌كانیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر تێرمی دووه‌م بچێته‌وه‌ كۆشكی سپی، ئه‌وه‌ ئاماده‌یه‌ كه‌ بودجه‌ی خه‌رجی گشتی حكومه‌ت به‌ته‌واوی دابه‌زێنێ. كه‌ ئه‌مه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی سه‌رفكردنه‌یه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی 30 مانگی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا په‌یڕه‌وی كردووه‌. 

دێڤد گراهام ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری زه‌ ئه‌تله‌نتا له‌ ژماره‌ی ئۆگه‌ستی 2019دا له‌وتارێكدا له‌ژێر ناوی “ئه‌م پیاوه‌ تێرمی دووه‌می بۆچیه‌؟” ده‌ڵێت: “راوێژكاره‌كانی تره‌مپ ده‌بێژن ئه‌وان بیریان له‌وه‌كردووەته‌وه‌ كه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و باشتر به‌رن هه‌ر له ‌كه‌مكردنه‌وه‌ی زیاده‌ خه‌رجییه‌وه‌ تا نه‌هێشتنی ژماره‌یه‌ك له‌ ئاژانسه‌كان كه‌ ساڵی پار جێبه‌جێیان كرد، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كۆمارییه‌كان كۆنترۆڵی ئه‌نجومه‌نی پیرانیان كردووه‌. به‌ڵام پێموایه‌ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ی تره‌مپ و ئیداره‌كه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ له‌كاتێكدا خه‌رجی و تێچووی حكومه‌تی فیدراڵی به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ بۆ 320 ملیار دۆلارو مه‌سه‌له‌ی كورتهێنانیشی له ‌بودجه‌ی ئه‌مساڵدا وه‌ك خۆی هێشته‌وه‌“

هه‌روه‌ها گراهام له ‌به‌شێكی تری نووسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: “له ‌مه‌به‌ستی تره‌مپ ده‌گه‌ین (دیوارێكی جوان و سوپایه‌كی زه‌به‌لاحی ده‌وێ بۆ 2022) واته‌ دوو ساڵ دوای تێرمی دووه‌م ده‌یه‌وێت دیواری باشوور ته‌واو بكات و سوپایه‌كی به‌هێزی هه‌بێ. لێمان روونه‌ مه‌به‌ستی له‌ دیواره‌كه‌ی نێوان مه‌كسیك‌و ئه‌مریكا چیه‌! بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌جێندای رێگیریكردن له‌كۆچبه‌ری ئه‌مریكای لاتین كۆتایی پێبهێنێ، به‌ڵام لێمان ڕوون نییه‌ سوپا زه‌به‌لاحه‌كه‌ی بۆچیه‌؟! له‌كاتێكدا ئه‌م دوو ئیشه‌ هه‌ردووكیان بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاحیان ده‌وێ”

یه‌كێك له‌ گرفته‌كانی  تره‌مپ ئه‌وه‌یه‌ كاری پینه‌وپه‌ڕۆ ئه‌كات. له‌میزانه‌ییه‌ی شتێك كه‌مده‌كاته‌وه‌، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ بودجه‌ی كارێكی تر زیادده‌كات. “دیڤید كه‌ی جۆنسۆن” له‌كتێبی “ئیداره‌ی تره‌مپ چی له‌ ئه‌مریكا ده‌كات؟” كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی 2018 چاپكراوه‌، نووسیویه‌تی: “تره‌مپ ئاژانسی بازرگانی و گه‌شه‌پێدان له‌ده‌ست حكومه‌تی فیدرال ده‌ره‌هێنێت و ئه‌یخاته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی كه‌رتی تایبه‌ت. یاخود 50 ملیار له‌ بودجه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ده‌بڕێت كه‌چی 54 ملیار دۆلار بۆ بودجه‌ی بێنتاگۆن زیاد ده‌كات. ئه‌مه‌ شێواندنه‌ نه‌ك ریفۆرم”

كۆمارییه‌كانیش دوودڵن
تێرمی دووه‌می سەرۆکایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ له‌مانگی ته‌مموزه‌وه‌، قسه‌ی زۆری له‌سه‌رده‌كرێت ته‌نانه‌ت نه‌ك دیموكراته‌كان، به‌ڵكو كۆمارییه‌كانیش دردۆنگ و دوودڵن لێی. ئه‌وه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكیدا بژی و خه‌ڵك بدوێنێ، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ تره‌مپ ئیلتزامی ئایدۆلۆژیشی نییه‌ له‌ هه‌ستكردنی به‌ ریفۆرمخوازی، به‌شێوه‌یه‌ك به‌شێكی زۆری كۆمارییه‌كانیشی، به‌ناوی ریفۆرمه‌وه‌، دوورخستۆته‌وه‌. بۆ نموونه‌ پۆل رایانی وته‌بێژی كۆشكی سپی له‌ سیاسه‌ت دوورخسته‌وه‌ و په‌راوێزی خست. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی  تره‌مپ ده‌یكات به‌ناوی ریفۆرمه‌وه‌ به‌شێكی ئه‌جێندای شه‌خسییه‌ و ده‌یه‌وێت ئه‌و ئه‌جێندایانه‌ له‌ تێرمی دووه‌مدا ته‌واو بكات. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ریفۆرمی بودجه‌ش قسه‌ی له‌سه‌رده‌كات توانای جێبه‌جێكردنی نییه‌.  دۆناڵد تره‌مپ ناتوانێ رۆزفێڵدی دیموكراته‌كانبێ. چونكه‌ هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌واوی نییه‌ له‌سه‌ر بچوككردنه‌وه‌ی حكومه‌ت یان گرنگیدان به‌ كورتهێنان له‌ بودجه‌دا ئه‌و پێی خۆش بوو كه‌ كورتهێنان له‌ بودجه‌ زیادبكات به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی باج له‌ایه‌تیدا.

ئێمی كلۆبشه‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیران له‌سه‌ر ویلایه‌تی مینیسۆتا و كاندیدی كێبڕكێكاری هه‌ڵبژاردنی 2020، رۆژی 31ی جولای كۆرێكی بۆ رێكخرا له‌لایه‌ن بۆردی هاوبه‌شی زانكۆی كۆنكۆردیاو سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی و نێونه‌ته‌وه‌یی، له‌ شاری مورهید ویلایه‌تی مینیسۆتا له‌ژێر ناوی “بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2020 له‌ دۆناڵد تره‌مپ” یه‌كێك بووم له‌ ئاماده‌بووانی كۆڕه‌كه‌، كلۆبشه‌ر له‌و كۆڕه‌دا تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ تێڕوانینێكی كوشنده‌ رووی تێكردوون. فه‌زایه‌كی وا دروستكراوه‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ تێرمی دووه‌م سەرۆکایە‌تی ده‌باته‌وه‌، وتیشی: “له‌كاتێكدا تائێستا پلاتفۆرمی راسته‌قینه‌ی دۆناڵد تره‌مپ له‌م دووساڵه‌ی داهاتوودا دیارنییه‌، كه‌چی له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا، تره‌مپ ویستویه‌تی فۆكسی هه‌ڵمه‌ته‌كانی بخاته‌سه‌ر ره‌گه‌زپه‌رستی و چاندنی دابه‌شبوون له‌نێوان ئه‌مریكییه‌كان، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان ده‌شێ ئه‌وه‌ بێت كه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و كارانه‌ی دۆناڵد تره‌مپ له‌ تێرمی یه‌كه‌می سەرۆکایه‌تیدا ته‌واوی نه‌كردووه‌، ده‌یه‌وێت بۆ هه‌ڵمه‌تی تێرمی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی سەرۆکایه‌تی بیر خه‌ڵك به‌رێته‌وه‌و به‌ ئه‌جێندای تره‌وه‌ بچێته‌ كێبڕكێوه‌“.

بۆ بیرخستنه‌وه‌ش تره‌مپ به‌ڵێنی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی له‌راده‌به‌ده‌ریدا. به‌ڵێنی دروستكردنی دیواره‌كه‌یدا، به‌ڵێنی سه‌ركه‌وتنی جه‌نگی بازرگانیدا، به‌ڵێنی گۆڕینی رێكه‌وتنی بازرگانی ئازادی ئه‌مریكای باكورو وه‌ستان له‌به‌رامبه‌ر دوژمنه‌كانی ئه‌مریكایدا”.

ئه‌مریكا ده‌وڵه‌تێكی پۆله‌رایزه‌
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا دۆناڵد تره‌مپ سه‌ره‌تای مانگی جون، كه‌مپینه‌كه‌ی به‌ دژایه‌تی په‌نابه‌رو راسیسزم ده‌ستپێكرد. له‌كاتێكدا به‌شێك وایده‌بینن و له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌م سیاسه‌ته‌ نه‌ك نابێته‌ هۆی دۆڕانی هه‌ڵبژاردن به‌ڵكو به‌ ئه‌نجامێكی باش بۆی ده‌شكێته‌وه‌ و ده‌یباته‌وه‌. خاڵێك كه‌ تره‌مپ جۆشی هانده‌رانی داوه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ناهێلێت خه‌ڵكانێك بێنه‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ تلیاك كێش و هه‌ڵاتوو بن له‌ده‌ستی تاوان كه‌ ئه‌ویش مه‌به‌ستی هاوڵاتی ئه‌مریكای لاتینه‌، پڕ به‌گه‌رووی هاواری كرد ئه‌وانه‌ی ئه‌م وڵاته‌یان به‌دڵ نییه‌ دەتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌یان. 

هه‌موو هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵبژاردنی مۆدێرن و سه‌ركه‌وتوو له‌سه‌ر بیرۆكه‌یه‌كی نوێ بنیاتده‌نرێت تا پاڵێوراوه‌كان سه‌ركه‌وتووبن به‌سه‌ر ده‌نگده‌ره‌كانیدا و تێپه‌ڕاندنی ئه‌وانه‌شی كه‌ پاڵپشتیكه‌ریانن تا گومانیان له‌ تواناكانی پاڵێوراو نه‌مێنێ. دۆناڵد تره‌مپ دابه‌شكاری خه‌ڵكی ئه‌مریكی هه‌ڵبژاردووه‌ به‌و پێیه‌ی ئه‌مریكا ده‌وڵه‌تێكی پۆله‌رایزه‌ (جووت جه‌مسه‌ره‌) و زۆر به‌ساده‌یی مه‌سه‌له‌ی “ره‌گوریشه‌“ ی هه‌ڵبژاردووه‌. ره‌گوڕیشه‌ به‌و مانایه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا له‌دایكبوون.

هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس ستیف بێلزو زیك میلله‌ر له‌ ئاژانستی ئه‌سۆسێتد پرێس له‌ راپۆرتێكی هاوبه‌شدا پێیانوایه‌ كه‌ كاتێك دۆناڵد تره‌مپیان بینیوه‌ له‌ كۆشكی سپی وتویه‌تی: “بڕواموایه‌ سه‌ركه‌وتوو ئه‌بم له‌م جه‌نگه‌ سیاسییه‌ و زۆر له‌وه‌ زیاتریش كه‌ چاوه‌ڕێده‌كرێت”. بۆ ئه‌وه‌ش راپۆرتێكیان به‌ناوی تره‌مپ و مه‌سه‌له‌ی تێرمی دووه‌م؟ نووسیوه‌و له‌زۆربه‌ی میدیاكانی ئه‌مریكا بڵاویانكرده‌وه‌.

له ‌راپۆرته‌كه‌یاندا نموونه‌ی “جۆرج والاس” ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ یه‌كێك بوو له‌ كاندیدی دیموكراته‌كان بۆ سەرۆکایه‌تی‌و له‌ ساڵی 1968 كه‌ دروشمی فره‌جه‌مسه‌ری ره‌گه‌زپه‌رستی به‌رزكرده‌وه‌ بۆ بانگهێشتكردنی ده‌نگده‌ران و له‌ ئه‌نجامدا له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختدا دۆڕا. هه‌رچه‌نده‌ چوار وه‌رز حاكمی ویلایه‌تی ئه‌له‌بامای بردۆته‌وه‌. هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ نووسیویانه‌: “هه‌رچه‌نده‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران قسه‌كانی تره‌مپ ره‌تكرایه‌وه‌ و به‌ راسیست دانرا، به‌ڵام كۆمارییه‌كان هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی تره‌مپ زیاتر وه‌ك سه‌ركه‌وتن سه‌یر ده‌كه‌ن له‌وه‌ی زیان و شكستیان بۆ به‌رهه‌مبهێنێت. هه‌ربۆیه‌ له‌به‌رانبه‌ردا دیموكراته‌كان ترسیان له‌وه‌یه‌ كه‌ قسه‌كانی تره‌مپ له‌ قسه‌ی نێو هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌رچێت و له‌كاتی سه‌ركه‌وتنی بۆ سەرۆکایه‌تی ئه‌مریكای 2020 ئه‌وانه‌ی ده‌یڵێت به‌ راستی جێبه‌جێیان بكات له‌سه‌ر كۆچبه‌ران”.

ئه‌مریكییه‌كانی مه‌ست كردووه‌
تره‌مپ له‌ دوو ساڵی یه‌كه‌می سەرۆکایه‌تیدا توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتووبێ له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی په‌یكه‌ری دادوه‌ری و گۆڕانكارییه‌كانی له‌دابینكردنی هه‌لی كار و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری، به‌ڵام ئه‌جێنداكانی تری هه‌مووی ته‌واو نه‌كراون و به‌ كه‌موكورتی ماونه‌ته‌وه‌. بۆ نموونه‌ مه‌سه‌له‌ی دیواره‌كه‌ی نێوان مه‌كسیك و ئه‌مریكا، به‌شێكی زۆری ماوه‌. تا ئه‌مساته‌ زۆربه‌ی هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ناتۆ نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئامانجی دابینكردنی بودجه‌ی به‌رگری ناتۆ. له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور رێكه‌وتنه‌كانی ته‌واو نه‌كردووه‌. مه‌سه‌له‌ی ئێرانی به‌ هه‌ڵواسراوی هێشتۆته‌وه‌.

كاس مۆد نووسه‌ری ستوونی رۆژنامه‌ی گاردیان و مامۆستای كۆلێژی كاروباری گشتی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانكۆی جۆرجیا له‌ ژماره‌ی رۆژی 1ی ئابدا نووسیویه‌تی: “تره‌مپ به‌دروشمه‌ كلاسیكییه‌كه‌ی (ئه‌مریكا سه‌رله‌نوێ به‌مه‌زنی دروست ده‌كه‌ینه‌وه‌) و به‌ ره‌فتارێكی نوێ، هاتۆته‌ نێو هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی 2020ه‌وه‌ كه‌ بێجگه‌ له‌ دروشمی ره‌گه‌زپه‌رستی، دیموكراته‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ دیموكراتی له‌ق ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دیموكراته‌كان ترسیان له‌سه‌ركه‌وتنی تره‌مپ هه‌یه‌، تا ئه‌مساته‌ نه‌یانتوانیوه‌ به‌ره‌نگاری دروشمه‌كانی بووه‌ستنه‌وه‌. ئه‌و لێشاوه‌ زۆره‌ی كاندیدی دیموكراته‌كان له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یاندا جه‌خت له‌و ئه‌ركانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ سیستمێكی سۆسیالیستی به‌رێوه‌ی ده‌بات، بێئه‌وه‌ی دركیان بۆ ئه‌وه‌ بچێت ئه‌و بازدانه‌ گه‌وره‌یه‌ ئه‌ركێكی زه‌حمه‌ته‌. وڵاتێك به‌درێژایی مێژوو له‌سه‌ر كه‌پیتالیزم بنیاتنرابێ، ئێستا چۆن سۆسیالیزمی تیا جێگیرده‌بێ. بۆ نموونه‌ ئه‌وان باسی بیمه‌ی ته‌ندروستی ئه‌كه‌ن تا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ دابینكرێت، كه‌ بۆته‌ هۆی توڕه‌بوونی سه‌دان كۆمپانیای بیمه‌ی ته‌ندروستی و به‌ ملیۆنان كارمه‌ند كه‌ له‌و كۆمپانیایانه‌دا هه‌ڵی كاریان ده‌ستكه‌وتووه‌“.

یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه‌ تره‌مپ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یدا جێگه‌ی كردۆته‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی و پێداگری له‌سه‌ر كۆچبه‌ران به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاندیدی دیموكراته‌كان ناچن به‌لای ئه‌م بابه‌ته‌دا، چونكه‌ تره‌مپ لێزانانه‌ ده‌ستی بردووه‌ بۆ چه‌مكی “كۆچبه‌ری نایاسایی”، نایاسایی كردووه‌ به‌ خاڵێك دیموكراته‌كان ناوێرن به‌رگری لێبكه‌ن. دۆناڵد تره‌مپ زیره‌كانه‌ مه‌سه‌له‌ی كۆچبه‌ر و ره‌گه‌زپه‌رستی تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌كات. له‌كاتێكدا به‌شی زۆری هه‌وادارانی تره‌مپ و كۆمارییه‌كانیش مه‌سه‌له‌ی راسیزم (ره‌گه‌زپه‌رستی) له‌لایان ره‌تكراوه‌یه‌و ته‌نیا بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی 2020 ده‌یانه‌وێت. به‌پێی راپرسییه‌كی سه‌نته‌ری پێو كه‌ له‌مانگی مه‌ی بڵاوكرایه‌وه‌ ‌له‌ 10 كه‌س له‌ كۆمارییه‌كان 8 كه‌سیان هه‌ست به‌ ئیهانه‌ ده‌كه‌ن كاتێك گوێیان له‌ وشه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی ده‌بێ، كه‌چی ئه‌م ژماره‌یه‌ زۆر كه‌متره‌ لای دیموكراته‌كان و له‌ 10 كه‌س ته‌نیا 4 كه‌سیان هه‌ست به‌ ئیهانه‌ ده‌كه‌ن. به‌پێی رای “كاس مۆد” دیموكراته‌كان ئه‌زموونیان له‌ هه‌ڵبژاردنی 2016 وه‌رنه‌گرتووه‌. ئه‌وان ئه‌بوو كاریان له‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌ بكردایه‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ به‌ته‌واونه‌كراوه‌ی جێیهێشتووه‌ یان ئه‌مڕۆ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات. چونكه‌ نووسه‌ر رایوایه‌  تره‌مپ تێرمی دووه‌می بۆ باشتكردنی ئابووری ئه‌مریكا ده‌وێ كه‌ ئه‌مه‌ به‌شی زۆری ئه‌مریكیییه‌كانی مه‌ست‌و بێهۆش كردووه‌.  تره‌مپ ده‌یه‌وێ له‌ تێرمی دووه‌مدا مه‌سه‌له‌ی ئێران كۆتایی پێبهێنێ. هه‌ر بۆیه‌ تائێستا له‌ هه‌موو سه‌ركێشییه‌كانی ئێران بێده‌نگه‌. به‌دڵنیاییەوە تره‌مپ یاسای كۆچ و كۆچبه‌ران زۆر قورس ده‌كات تا هیچ كه‌سێك به‌ یاسایی و نایاسایی نه‌توانێ بچێته‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌. به‌دڵنیاییەوە تره‌مپ تێرمی دووه‌می بۆ ئه‌م ئه‌ركانه‌ ده‌وێ. 

هه‌میشه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا بووه‌
هۆكاری راسته‌قینه‌ی هه‌وڵدانی تره‌مپ بۆ دووباره‌ سەرۆکایه‌تی 2020، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌یبه‌تی تێرمی دووه‌م به‌ده‌ستبهێنێ. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ویستی له‌ تێرمی یه‌كه‌مدا هه‌یبه‌تی به‌ده‌ستهێنا و كردی به‌ سوپرایزێك بۆ ئه‌مریكا. هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی وه‌ك په‌ناگه‌یه‌ك وایه‌ تا پارێزگاری له‌خۆی بكات بۆئه‌وه‌ی له‌ تێرمی دووه‌مدا وه‌ك براندێكی سه‌ركه‌وتوو خۆی نیشانبدات.

له‌ یه‌كه‌مین پێشبڕكێیدا ساڵی 2016 هه‌ندێك بیرۆكه‌ی به‌هێزی پیشاندا تا جێبه‌جێیان بكات به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌بری جێبه‌جێكردنی كاره‌كانی له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا به‌ده‌گمه‌ن له‌ ئۆفیسیدا كاریكردووه‌ و تا راده‌یه‌ك ئۆفیسه‌كه‌ی پشتگوێخستووه‌، هه‌میشه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا بووه‌ و دوور نه‌كه‌وتۆته‌وه‌ لێی. هه‌ر وه‌ك “جیسۆن زینگه‌ر” هه‌فته‌ی پێشوو له‌ نیویۆرك تایمز ئاماژه‌ی پێداوه‌ و نووسیویه‌تی: “تره‌مپ ئه‌وه‌نده‌ خۆی نه‌ڕه‌نجاندووه‌ كه‌مێك یاسا سه‌ره‌تاییه‌كانی كۆچبه‌ران بخوێنێته‌وه‌و شتی لێوه‌فێربێ” ئه‌م قسه‌ی زینگه‌ر وه‌ك توانجه‌ كه‌ تره‌مپ ئه‌وه‌ كارانه‌ی ده‌یانكات به‌ نه‌شاره‌زایی و بێ ئه‌زموونی ده‌یانكات.

ره‌نگه‌ قورسترین هه‌ڵبژاردن له‌مێژووی ئه‌مریكا هه‌ڵبژاردنی 2020 بێت، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كێ به‌رامبه‌ر دۆناڵد تره‌مپ ئه‌وه‌ستێته‌وه‌، چونكه‌ شاره‌زایانی سیاسی پێیانوایه‌ هه‌ر كاره‌كته‌رێكی سیاسیبێ وه‌ك یه‌كه‌. واده‌بینرێت ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ كێبڕكێكارەکە‌ی تره‌مپ ده‌دات، له‌داخی تره‌مپه‌ نه‌ك بۆ ئه‌جێنداو په‌یره‌و و به‌رنامه‌ی ئه‌و كه‌سه‌. له‌به‌رامبه‌ردا تره‌مپ به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌بێ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌چێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌شێ هه‌وڵی توندتر و فشاری زیاتری هه‌بێ بۆ بردنه‌وه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن