هەواڵ

بۆچی دەنوسین؟

09:01 - 07/08/2019 141 جار خوێندراوەتەوە

(13)

ئەگەر ئێمە لە چەمکی میتافیزیک تێنەگەین، ناتوانین نە لە شیعری حوجرە تێبگەین، نە لە شیعری بە ناو نوێی کوردی، مەبەستم لەو رێبازە نوێیەیە کە (گۆران) دەبێتە مامۆستا هەرە بەناوبانگەکەی. بۆ نموونە تێرمی “لەنگ” سەرجەم پانتایی ئەدەبییاتی شیعری ئێمە داگیر دەکات، ئەم چەمکە دوو خوێندنەوە هەڵدەگرێ، یەکێکیان پەیوەستە بە “گۆرانی” ”سروودە ئاینییەکانەوە” تاکو کاتێک دەقێکی شیعریی  دەکرێ بە گۆرانی، لە کاتی گوتنەوەیدا لەنگی دروست نەکات، خوێندنەوەیەکی دیکەشمان هەیە کە پەیوەستە بە جیهانبینی ئێمەوە سەبارەت بە گەردوون و پشتەوەی گەردوون، سروشت و پشتەوەی سروشت. رێڕەوەی ئەستێرەکان  و سیستەمی گەردوون، هەمیشە مرۆڤی  دووچاری واقوڕمان کردووە. کۆسمۆس واتە نیزام، دەقی حوجرەی ئێمە لاسایی ئەو کۆسمۆسە- گەردوونە دەکاتەوە، دەیەوێ هەمان هاوسەنگی پێ ببەخشێ، مەبەست لەو هاوسەنگییەی کە لە زەینی ئەودا هەیە.

هۆنینەوەی شیعر، دووبارە هۆنینەوەی گەردوونە، هەموو وشەیەک وەک ئەڵماس دەبێ ببریقێتەوە، دارەڕای ئاواز و سەرواکان ئەو نیزامە پێکەوە گرێ دەدەن. بۆیە نابێ هیچ شتێک لەنگ بێ، شاعیر وەستایەکی بەهرەمەندە و دەبوو هەر لەبەر شیعرەکەی بگوتایە، هەموو لەنگییەک بەدەردەکەوت و دەبوو بە توانج، شیعر دەبوو وەکو ئەڵماسێکی ئاسمانی بدرەوشێتەوە، هەموو دەنگێ، هەموو رەنگێ، هەموو موفرەدەیەک، هەموو سەنگێ دەبوو وابەستەی هاوئاوازییەکی موتڵەق بێ. شیعری حوجرە دواجار لاسایی موتڵەق دەکاتەوە. لە دەرەوەوە، وەکو ئەندازیارێکی بێوێنە بە دیار دەقی خۆیەوە رادەوەستێ، وەکو نیگارکێش و پەیکەرتاشە کلاسیکییەکان حیساب بۆ هەموو شتێ دەکات، ئەم تێگەیشتە تاکو ئێستا لە فەزای ئەدەبییاتی ئێمە ئامادەیی هەیە.

شاعیری حوجرە خودایەکی بچکۆلانەیە بەرامبەر بە دەق/ ئادەمە بچکۆڵانەیەکی خۆی رادەوەستێ، وەکو مایکل ئەنجلۆیە کە تووشی سەرسوڕمان دەبێ کە “داودە”ەکەی قسە ناکات، ئەو ئاستە هونەرییە باڵایە، ئەو بێگەردییە بێوێنەیە دەبێ دەق/ پەیکەر بگەیەنێتە ئاستی ئادەمی زیندوو و هەرما و بیگەیەنێتە ئاستی نەمریی، هێشتا لە شیعری ئێستای ئێمەدا، ئەم بۆچوونە لە لاشعوری ئێمەدا ماوەتەوە، تەنانەت هێشتا شاعیرانمان بە ناوی شیعری نوێوە پەیڕەوی دەکەن. لەم دیدەوە شیعر وەکو بیناسازیی، لەسەر پێگەیەکی پتەوی ماددی بەندە، هاوسەنگیی لە کێش و هەندێجاریش لە سەروادا پەیڕەو کراوە. گەڕان بە دوای وشەیەکی شیاو تا لە شوێنی شیاوی خۆی دابنرێ دەچێتە نێو ئەم دنیابینیەوە کە پێی وایە دەبێ شیعر بەم نەسقە بنووسرێ. راستە، دەشێ هەمان تێماتیکی شاعیر حوجرە دووبارە نەکاتەوە، بەڵام دابەشبوونی دەلالات=مانا و ئەو دارەڕایە هاوسەنگە بە ئاسانی جودا دەکرێنەوە.

تەنانەت ئەگەر خەمی ئینسانی گەردوونیشی هەبێ، بەڵام دانەبڕاوە لە خۆماڵییبوون بە واتا شکڵییە رووتەکەی، بۆیە کاتێک ئەم جۆرە دەقە تەرجەمەی زمانێکی دیکە دەکرێ، سەرجەم ئەم رەگەزە شکڵییە دانسقانەی کە دەلالات- مانای هەڵگرتووە دەڕوخێنە سەر یەکتری. موفرەدەی خۆماڵی و دانسقە و دەگمەنی زمانێک مەرج نییە هەمان دانسقەیی و دەگمەنیی لە زمانەکانی دیکەدا هەبێ، بۆیە دەبێ بە دوای موفرەدەی دانسقە و دەگمەنی زمانی دووەمدا بگەڕێی، کەواتە ئێمە دەچینە سنوورێکی دیکەوە. ماناکان تێکدەچن، دەبێ تێکبچن ئەگینا ئەستەمە شیعرێکی دیکە، بە زمانێکی دیکە بنووسرێتەوە، بە واتای تەرجەمەکردن.

چونکە لە دوا پێناسەدا، مانا دژ بە شیعر ئیش دەکات، مانا زوو یاخی دەبێ، وەک بڵێی هەست دەکات رۆڵەیەکی ناشەرعی دەقی شیعرییە، هەرگیز مانا لەناو شیعردا خاوەن جێگە و پێگەیەکی تەواو و شیاوی خۆی نییە، چونکە مانا لە زەینی ئێمەدا، هەمیشە بە دوای پەخشاندا دەگەڕێ، خۆی لە دەق دادەبڕێنێ، ئەمە ئیشکالییەتە هەرە بنەڕەتییەکەی شیعری بە ناوی نوێی ئێمەیە.
هەر بۆیە، دەبێ بە چاوێکی دیکەوە لە لەنگی بگەین، دنیا تەنها لەنێو ئەو لەنگییەدا بوونی هەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن