هەواڵ

ئیحسان مەلا عەلی: ئینشقاق ناکەم بەڵام دەمەوێ بزووتنەوەی ئیسلامی بگۆڕم

11:02 - 07/08/2019 2430 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: هێمن حەسەن

 

ئیحسان مەلا عەلى، کوڕی رابەری کۆچکردووی بزووتنەوەی ئیسلامی، راشکاوانە و بێ هیچ پێچوپەنایەک رەخنەی توند لە سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی دەگرێت کە رابەری ئێستای (عیرفان عەبدولعەزیز)‌ی برا گەورەی خۆیەتی.

ئیحسان پێشتر بەرپرسی پەیوەندییەکانی بزووتنەوەبوو لە لەندەن، بەڵام ئەو هەمیشە وەکو کەسایەتییەکی گەورەتر لەو پۆستە دەرکەوتووە. کاراکتەرێکی بەرچاوی بزووتنەوەبووەکەبووە. لەم دیدارەدا لەگەڵ “زەمەن” دەڵێت، دەیەوێ گۆڕانکاری جدی بەسەر بزووتنەوەی ئیسلامیدا بهێنێ بۆ ئەمەش پشتیوانییەکی زۆری هەیە لەناو ئەندام  ولایەنگرانی بزووتنەوەدا.

 

* سەرەتا بەو پرسیارە دەستپێدەکەین هۆکارى دیارنەبوونت لەم ماوەیەی پێشوودا بۆچى دەگەڕێتەوە ئایا لەکایەى سیاسى دوورکەوتوویتەوە؟
- دوورنەکەوتوومەتەوە، ئەو ماوەیە بەردەوام لە پەیوەندى و گفتوگۆداین لەگەڵ ناوخۆو وڵاتانى دەرەوەش. بەڵام سەبارەت بە بزووتنەوە، لەراستیدا ئێمە پێمانباش بوو مەجالێک بدەین بەوانەى سەرکردایەتى بزووتنەوەى ئیسلامییان کردووە لەو چەند ساڵەى دواییدا بەو ئامانجەى کە بتوانن بزووتنەوە بەرنە قۆناغێکى باش، تاکو ئێمە لە دەرەوە پشتیوانیان بکەین. بەڵام بەداخەوە بزووتنەوە زیاتر بەرەو لاوازى و هەڵەدا برا.


* کەواتە هۆکارى گەڕانەوەت لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە بەرنامەیەکى نوێت بەدەستەوەیە؟
- ئێستا هاتووینەتەوە بۆ ئەوەى جوڵەیەک بخەینەوە ناو بزووتنەوەى ئیسلامى تا بزووتنەوە دەرباز بکەین لەو بارودۆخەى تێیکەوتووە. بەرنامەیەکى سیاسیمان هەیە هەم بۆ ناو بزووتنەوەو هەم بۆ ئەم دەڤەرە کە پێویستیان بە گۆڕانکارییەکى بنەڕەتى هەیە.


* دۆخى بزووتنەوە لەماوەى ئەو چەند ساڵەدا چۆن هەڵدەسەنگێنی بە سەرۆکایەتى عیرفان عەلى برات؟
- لەماوەى ئەو چەند ساڵەدا بزووتنەوە بەهیچ شێوەیەک نەشونماى نەکردووەو ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەو وەزعەى بزووتنەوەى تێدایە رازى نین. بەداخەوە ئەو مەجالەى درا بەوانەى سەرکردایەتى حزبایەتیان کرد لە ئاستى پێویستدا نین، بەوهۆیەشەوە بزووتنەوە بەرە بەرە لاواز بووەو خەڵکەکەى لەماڵەوە دانیشتوون لەجیاتى ئەوەى چالاک و دڵخۆشبن بە حزبەکەیان و بەو سەرکردایەتیەى کە هەیانە.


* بۆچى بەشدارى کۆنگرەى دەیەمى بزووتنەوەت نەکرد نیگەرانیەکەت چى بوو؟
- لە دوایین کۆنگرە بەشداریم نەکرد لەبەرئەوەى پێش کۆنگرە پەیامێکم راگەیاند کە بزووتنەوە پێویستى بە چاکسازیى و گۆڕانکارییە. گۆڕانکاریش بەوە ناکرێت بەشێوەیەکى شکڵى کۆنگرە ببەستی و خەڵکێک بەبێ بەرنامە کۆبکەیتەوە. من ئیمانم بەو جۆرە کۆنگرانە نییە بۆ پێشخستنى حزب، دەبێ کۆنگرە ببێتە دادگاییکردنى هەموو بەرپرسان بۆ ئەوەى بزانێ لە ماوەى رابردوودا چیان کردووەو بەرنامەیان چییە؟ دەبێ روئیایەکى رۆشنى هەبێ، من ئامادە نیم بچمە کۆنگرەیەکى لەو شێوەیە خەڵک بۆ رۆژێک و بەڵێ و نەخێر کۆ بکەیتەوە. بزووتنەوە ئێستا پێویستى بە گۆڕانکارى ریشەیى هەیە کە جەماوەرى ئیسلامى و جەماوەرى بزووتنەوە دڵخۆش بکات.


* ئێستا ئەو دەرفەتە کۆتایی هاتووە کە دەڵێی داوتانە بەم سەرکردایەتییەی ئێستا؟
- بەڵێ دەرفەتەکەیان کۆتایی پێهات و نەیانتوانى ئەو حزبە پێشبخەن. ئێستاش دەبێ بڵێین ئیتر بەسە، چیتر ناکرێت بزووتنەوە بەرەو لاوازى و پووکانەوە بڕوات. پێویست بە گۆڕانکارى دەکات، زۆرینەى ئەوانەى گەنجن و لە مەڵبەندەکان و ناو بزووتنەوەن پەیوەندییان لەگەڵ مندا بەهێزەو گوێڕایەڵن دەتوانین گۆڕانکارى باش بکەین لەمەودوا.


* لە کۆنگرەى ١٠وە پەیوەندیت لەگەڵ عیرفانى برات تێکچووە ئەو پەیوەندییانە ئێستا ئاسایی بوونەتەوە؟
- وەک مەسەلەى خێزانیى، ئەو برامەو هیچ کێشەیەکم نییە لەگەڵیدا، بەڵام وەک سیاسیى من بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو سیاسەتە نەبووم کە لەناو بزووتنەوەدا پەیڕەو کراوە.


* لە خولەکانى رابردووى پەرلەماندا بەردەوام کورسییەکتان هەبووە، لەم خولەدا ئەو کورسییەشتان لەدەستدا هۆکارەکەى چیبوو؟
- خۆى کورسییەکەى پەرلەمان لەدەست نەدراوە، بەڵام ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بێبەرنامەیى و سیاسەتەى بزووتنەوە بە پلەى یەکەم و لایەنە ئیسلامییەکانى تر هەیانبووە. چونکە ئەوان بە شەریکیى چوونە هەڵبژاردنەوە، راستە کاندیدەکانى بزووتنەوە لەناو لیستى خزمەت دەرنەچوون، بەڵام بزووتنەوەش خاوەنى ئەو پێنج کورسییەی لیستى خزمەتن.


* بۆچى لە پەیوەندییەکانى دەرەوە دوورخرایتەوە، هۆکارەکەى چى بوو؟
- بزووتنەوە بەرپرسى دەرەوەى نەبووە، بەڵام هەرچى پەیوەندى بزووتنەوەیە لە ساڵى نەوەدەکانەوە من دروستمکردووەو ئەو پەیوەندییانە هەر بەردەوامە. بەڵام ئەسڵەن من دڵم بە بزووتنەوە خۆش نییە بەمشێوەیەى ئێستای، ئامادەش نیم بەم حاڵەیەوە هیچ پۆستێکی وەر بگرم.


* دەوترێت بە بڕیارى رابەرى بزووتنەوە لە پەیوەندییەکان لابراویت؟
- وەک وتم پەیوەندییەکان وەک دەزگا نییە، ئەوەى هەیە خۆم پەیوەندییەکى فراوانى سیاسیم هەیەو دروستمکردووە، نەک مامۆستا عیرفان منى لابردبێ. هیچ کەسێکیش ناتوانێ چالاکییەکانى ئێمە رابگرێت وەکو سیاسى، لەو ماوەیەى رابردوو زۆرینەى دیپلۆماتکارو کەسایەتییە سیاسییەکانى ناوخۆو ئەوروپاو ئەمریکاو روسیام بینیوە. بەڵام مەسەلەکە ئەوە بووە کە ویستوومە مەجالێک بدەین ئەو کەسەى سەرکردایەتى بزووتنەوە دەکات جا مامۆستا عیرفانە یان هەر کەسێکە بزووتنەوە بەرەو کوێ دەبن.


* بڕیار بوو بەشدارى حکومەت بکەن و وابزانم کاندیدەکەشتان دیارى کردبوو دوایى بەشداریتان نەکرد هۆکارەکەى چى بوو؟
- من پێمباش نەبوو بزووتنەوە بەشدارى لە حکومەت بکات، لەبەرئەوەى بزووتنەوە جارێ پێویستى بە گۆڕانکارى ناوخۆی خۆیەتى. ئەگەر بەشداریکردنەکە هەر وەزیرێکبێ و زیادکردنى مۆزەفێکبێ، بەشدارى نەکەى باشترەو نەبیتە بەشێک لەو گەندەڵییە. باشترە دووربی و لەناو خەڵکەکەى خۆتدا بی. 


* پێتوایە پارتى و یەکێتى لەم کابینەیەدا چاکسازیى بکەن و درکیان بە مەترسیەکان کردبێ؟
- دەبێ پارتى و یەکێتى لەو چەند ساڵەى دواییدا دەرسیان وەرگرتبێ بۆ ئەوەى دەست بە چاکسای بکەن.  گەندەڵى نەهێڵن، کەى دەسەڵاتداران بۆ چاکسازییکردن لە ماڵەکانى خۆیانەوە دەستیانپێکرد، ئەوکات میللەتیش دەستخۆشییان لێ دەکات. بەڵام هیچ جدییەتێک لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ چاکسازیکردن نییە، کاتى خۆیشى وتوومە کاتێک مەسعود بارزانى دەتوانێ چاکسازیى بکات دەبێ لە کوڕو برازاو ئامۆزاکانی خۆیەوە دەست پێبکات.


* گۆڕینى کارەکتەرەکانى حکومەت بەتایبەت سەرۆکى حکومەت هیچ لە دۆخى هەرێم دەگۆڕێت؟
- شەخسەکان رۆڵیان هەیە، بۆنموونە کە پەیوەندیى پارتى و یەکێتى خراپ بوو نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵەبانى پەیوەندییان زۆر باش بوو، ئەمە گرنگە بۆ ئەوەى دۆخەکە تێکنەچێ. بۆ ئەم دۆخەى ئێستا نێچیرڤان بارزانى گونجاوتر بوو بۆ سەرۆکى حکومەت وەک لە مەسرور بارزانى.


* هەر لەسەر بزووتنەوە بەپێى هەندێ زانیارى سەرقاڵى دروستکردنى رەوتێکى نوێی، ئەمە راستە لە بزووتنەوە جیادەبیتەوە؟
- زۆربەى گەنجان و خەڵکە دڵسۆزەکە لەناو بزووتنەوەى ئیسلامى هەمان بۆچوونى ئێمەیان هەیە، دەمانەوێت گۆڕانکارى راستەقینە بکەین لەناو بزووتنەوەداو نیازى ئینشیقاقمان نییە. بەڵام دەبێ پڕۆژەیەکى ئیسلامى گشتگیربێ کە هەر لە سەلەفییەکانەوە هەتا سۆفییەکان بتوانێ لەژێر یەک چەتردا کار بکات.


* ئەى هۆکار چییە زۆرینەى گەنجەکانى بزووتنەوەو ناڕازییەکان بەردەوام سەردانى تۆ دەکەن؟
- لەبەرئەوەى ئەوان دەزانن ئێمە پلانمان چییەو خەریکى چین. پلانى ئێمەش ئەوەیە تواناى بڕیاردانى  سیاسى بزووتنەوە بگەڕێتەوە بۆ خۆى ئەو هەڵانەى لە رابردوودا کراون دووبارە نەبنەوە.


* هەڵەى وەک چى؟
- بۆنموونە کاتى خۆى توشى شەڕێک بووین لەگەڵ یەکێتى ئەوە هەڵەبوو، چونکە مەوداى جوگرافی ئێمە زۆر زۆر لە یەکێتییەوە نزیکەو وەک سەقامگیرى سیاسی کوردستانیش پێویستە بزووتنەوە لە یەکێتى نزیکتربێ و ئاشتبوونەوەو کارکردنى پێکەوەیی هەبێ.


* مەبەستت ئەوەیە ئێستا بزووتنەوە زیاتر لە پارتى نزیکە؟
- بەڵێ، لەم دۆخەى ئێستادا ئەوە کارێکى باش نییە. نزیکبوونەوەمان لە پارتى بەبێ رێکەوتنێکى روون، زەرەرمان لێیکردووە. بۆ نموونە لەکاتى راپەرین بەخوێن مەقەڕێکمان لە رژێمى بەعس سەند، بەڵام دواتر پارتى بەناوى حکومەتەوە دەستی بەسەردا گرت. تائێستاش ئەو مەقەڕە نەبووەتە موڵکى حکومەت، بەڵکو پارتى کردوویەتى بە مۆڵکى خۆى من دەستبەرداگرتنى ئەو مەقەڕە کە بە خوێن بەدەستمان هێنابوو بە قەرزێک دەزانم لای پارتى.


* ئەى ئێستا پەیوەندیتان لەگەڵ ئێرانیش تێکچووە ئەوەیان بۆچى؟
- بەڵێ راستە ئێرانیش لەوانەیە نیگەرانبێ لەوەى هەست بکات روئیاى بزووتنەوە روون نەبووە، پێویستە لەگەڵ ئێرانیش پەیوەندییەکى روون هەبێ. ئەوانیش وەک وڵاتێکى دراوسێ پێیانخۆشە پەیوەندییان هەبێ بۆیە پێداچوونەوەیەکى قوڵ دەکەین بەو پەیوەندییانەدا. حەزدەکەین پەیوەندییەکى روونمان هەبێ لەگەڵ یەکتر.


* یەکێک لەو رەخنانەى لە بزووتنەوە دەگیرێت ئەوەیە کە حزبەکەتان لەدواى ١٩٩٦وە بەرەو بنەماڵەیی چووەو تائێستا دەستبەردارى ئەو پۆستە نەبوون؟
- هەموو ئەوانەى سەرۆکایەتى بزووتنەوەیان کردووە بەتواناى خۆیان هاتوونەتە پێشەوەو خەڵکى ناو بزووتنەوە هەڵیبژاردوون. کۆنگرە وایکردووە ئەو کەسانە دەربچن نەک بەو جۆرەى خەڵک دەیبینێ، ناشکرێت غەدر لە یەکێک بکرێت کە تواناى هەیەو تەنیا لەبەرئەوەى لە بنەماڵەى ئێمەیە. بەڵام من بەهیچ شێوەیەک بڕوام بە بنەماڵە نییە ئەوانەشى من دەناسن دەزانن بڕوام بەوە نییە، هەموو ئەوانەشى سەردانم دەکەن و لێمەوە نزیکن کەسانێک نین لە بنەماڵەى ئێمە تەنیا وەک پڕۆژە لەمنەوە نزیکن، لە رابردووشدا لەسەر زۆر شت من بۆچوونى تایبەتى خۆمم هەبووەو عیرفانیش بۆچوونێکى تر.


* لەماوەى یەک دوو ساڵى رابردوودا هەوڵى زۆر درا بەرەیەکى ئیسلامى لە کوردستان دروست بکرێت بۆچى ئەوە نەکرا؟
- ئێمە هەموو ئەوانەى لەناو کۆمەڵ و یەکگرتوون بە براى خۆمانیان دەزانین و قەت بە خراپە باسیان ناکەین. بەڵام هۆکارى دروست نەبوونى ئەو بەرەیە پەیوەندى بەو کارەکتەرانەوە هەیە کە سەرکردایەتى ئەو لایەنە ئیسلامییانە دەکەن. زیاتر مەزاجێکى شەخسیى بووە لەجیاتى ئیسلامیی. ئەگەرنا ئێمە نەک وەک بەرەیەکى ئیسلامى، بەڵکو پێویستە وەک یەک جەستە بین، لەو پڕۆژەیەی منیش هەمە، کار بۆ ئەوە دەکەین کە ئەو خیلافانەى هەیە نەیانهێڵین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن