هەواڵ

شۆڕش ئەمینی پەیکەرساز: هاوڵاتی گوناهە رۆژانە چاوی بەو پەیکەرە ناشیرینانەی کوردستان بکەوێت

06:56 - 06/08/2019 327 جار خوێندراوەتەوە

 

شۆڕش ئەمینی پەیکەرساز، لەم گفتووگۆیەدا، قسە لەسەر هەندێ گرفتی هونەریی پەیکەرسازیی دەکات، پێی وایە، تا خاوەنی دیدگای لاواز و کوورتبین بین مەحاڵە بتوانین پەرە بە پەیکەرسازیی و هونەری شارستانییەتیی شارەکانمان بدەین. ئەم هونەرمەندە پەیکەرسازە، کە کۆمەڵێ پەیکەری برۆنز و ناوداری لە ئەوروپا و کوردستان درووستکردووە، ڕەخنە لەو مادانە دەگرێت کە لە کوردستان پەیکەری پێدرووست دەکرێت و دەڵێت دوای ماوەیەکی کەم پەیکەرەکان گەڕ دەبن، بەڵام لە ئەوروپا پەیکەر هەیە زیاتر لە سەد ساڵ تەمەنی درووستکردنەکەیەتی، بەڵام وەک خۆی ماوەتەوە.  

 

*ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی درووستکردنی پەیکەرێک بوویت بۆ شاعیری گەورەی کورد(گۆران) ئەو پەیکەرە چی لێهات و بۆ دەنگی نەما، وا بڕیا بوو لەم ماوەیەدا لە سلێمانی پەیکەرەکە دابنرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئێمە ئەو پەیکەرە تا ئێستا دەست بە درووستکردنی نەکراوە ؟
- سوپاس بۆ ئەم پرسیارە و زۆرم پێخۆشە کە دەستپێکی گفتوگۆکەمان بەم پرسیارە دەستتان پێکرد، لە راستیدا کاک کامەران بیرۆکەی درووستکردنی پەیکەری “گۆران” بۆ ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. بەتایبەت کاتێ بیرۆکەکەم لا گەڵاڵە بوو، لە ساڵی ٢٠١٢  ماکێتەکەیم دروستکرد و ئامادەم کرد بۆ کارکردن.  پاشتر لە ئەورووپاوە هاتمەوە بۆ کوردستان، کاک فاروقی مەلا مستەفام بینی، ئەویش وتی من دەمێکە بیرۆکەی دروستکردنی پەیکەرێک لە بیرمدایە بۆ “گۆران”ی مەزن. سەرەتا من ویستم پەیکەرەکە، قەبارەکەی سروشتی بێت. هێندەی باڵای مرۆڤێک بێت پەیکەرەکە، بەڵام دوای گفتوگۆ بۆم دەرکەوت بەڕێزیان دەیانەوێ زۆر گەورەتر بێت لەو قەبارەی کە من دەمەوێ. ئیتر منیش سەرەتا بە گەورەیی ١٠ مەتر دەستم پێ کرد، پەیکەرەکە ١٠ مەتر بێت و بە ماددەی برۆنز دروست بکرێت. بەڵام ئەو ئەم قەبارەیەی پێ گەورە بوو. بۆیە پڕۆپۆزەڵی ٨ مەتر و ٥ مەترم پێداو پێی خۆش بوو، کۆتایی وەرزی هاوینی ئەمساڵ، واتە نزیکەی کۆتایی مانگی ٩ لە سلێمانی  پەیکەری گۆران دانرێت. خۆش بوو پەیکەرەکە، لە کوردستان دروستبکرێت، نەک لە ئەورووپا. بۆیە هەندێ شوێنیان پیشاندام لە تانجەرۆ کە کارگە و کەرەستە تایبەتەکانم بێنمەوە بۆ دروستکردنی پەیکەرەکە. بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، رەنگە دروستیش نەکرێت و بیرۆکەکەی هەڵوەشابێتەوە.!


*ئەمە گرفتێکی گەورەیە کە پڕۆژەیەکی گەورەی وەک پەیکەری گۆران، بووەستێت. بە بۆچوونی بەڕێزتان ئەمە چەند پەیوەستە بە دیدی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ پەیکەر و هونەری پەیکەرسازیی، پێت وایە تا ئێستا هونەریی پەیکەرسازیی لە کوردستاندا بووەتە هونەرێکی کاریگەر؟
- بیگومان نەخێر، مەحاڵیشە بەم زوانە ببێتە هونەرێکی کاریگەر، بۆچی؟ هۆکار زۆرەو لێرەدا دەرفەتی هەمووی نییە باس بکەم، جێی دەهێڵم بۆ دەرفەت و کاتێکی تر. 


* بەدەر لەو گرفتانەی ئاماژەت بۆ کردن، دیارترین گرفتی تری هونەری پەیکەرسازانی کوردستان لای تۆی پەیکەر ساز چییە؟
-سەبارەت بە هونەری پەیکەرسازیی لە کوردستان، من ئێستا ئەوە دەزانم لە کوردستان کار بۆ هونەر ناکرێت. ئەوەشی دەکرێت زیاتر وەک پیشەی وەستایی وایە. هەروەک دەبینین  لە شارەکانی کوردستان کۆمەڵێ پەیکەری دەموچاوی ناشیرین، بە ماددەی لاواز درووستدەکرێت و بە بێ پلان و جوانکاریی لەسەر شەقامەکان دادەنرێت، ئەوەی تێیاندا نەبێ جوانکاریی و ئیستاتیکایە. بۆیە کاری پەیکەرسازیی لە کوردستان زۆر زۆر گەڕاوەتەوە بۆ دواوە، تا خاوەنی ئەم دیدگا لاوازانە بین بۆ هونەری پەیکەرسازیی، مەحاڵە پێشکەوتنی گەورە بەخۆوە ببینین.


*پێتوایە گوناهی ئەمە لە ملی پەیکەرسازانە؟
-بەڵێ زۆری دەکەوێتە سەر پەیکەرسازەکان! چونکە زۆربەیان خۆیان هیلاک ناکەن، بەس بۆ ئەوە دەگەڕێن کارێک بکەن و سپۆنسەر پەیدا بکەن و هیچی تر، بێ رەچاوکردنی جوانکاریی و ئاستی هونەریی، پەیکەر هەیە دروستکراوە بە پەیکەرسازەکەیان وتووە ئەوە چییە ئەو پەیکەرە ناشیرینە؟ ئەویش وتویەتی گرنگ من پارەی خۆمم وەرگرتووە، چی لێدەکەن بیکەن، حەزدەکەن بچن لایبەرن و فڕێی بدەن!

بۆیە هاوڵاتی ئێمە گوناهە رۆژانە چاوی بەو پەیکەرە ناشیرینانەی کوردستان بکەوێت، حەقە زۆرێک لەو پەیکەرانە لە شوێنێکی چەپەکدا کۆبکرێنەوە و ئەوەندە بەرچاوی بینەر نەکەون.!


*ئێستا چیبکەین بۆ ئەوەی دوور بین لەو پەیکەرە ناشیرینانە، وەک ئەوەی خۆت دەیڵێیت؟
- دەبێ کاری هونەریی ئاست بەرزمان هەبێت. بۆ ئەوەی چێژ لە جوانیی و هونەرەکەیان وەرگرین، بۆئەوەی روومان هەبێ خەڵکێ بێنین بۆ سەیریان و بڵێین ئێمە ئەم کارە هونەرییانەمان هەیە، من لەگەڵ فیلتەر و سانسۆرم بۆ کاری پەیکەرسازیی و نابێ رێگە بدرێت هەموو پەیکەرێک لەسەر شەقام و پارکەکان دانرێت.!


*پەیوەندی نێوان هونەرمەندان و پەیکەرسازان، چ رۆڵێکی تاریک و نێگەتیڤی لەم واقیعەدا گێڕاوە کە تۆ هێمات بۆ کردن، ئایا هونەرمەندانی ئەکادیمی ناتوانن رۆڵێکی گرنگیان هەبێ لە دروستکردنی پەیکەری ئاست بەرز؟
-بەداخەوە رۆڵی زۆری گێڕاوە، چونکە پەیوەندی نێوان هونەرمەندان و  پەیکەرسازان زۆر لاوازە، بەو پێیەی من لە ئەورووپام و کەمتر پەیوەندیم لەگەڵ هونەرمەندانی ناوەوە هەیە، بۆیە کەمێ مەحاڵە بتوانین گفتوگۆ دروست بکەین. بیریشمان نەچێ، تەنها خوێندنی پەیمانگەی هونەرەجوانەکان و ئەکادیمیای هونەر بەس نییە ببیت بە هونەرمەند، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو پەیکەرانەیە کە دەیبینین، بۆیە چ لە مۆڵەت پێدان چ لە دانان و دروستکردندا، ئەو پەیکەرانە گرفتیان هەیە. زۆربەی هەرە زۆریان تەمەنیان کورتە، پێچەوانەی پەیکەری وڵاتان لانیکەم حسابی زیاتر لە سەد ساڵ دەکەن بۆ مانەوەی ئەو پەیکەرە، ئەو پەیکەرانەی لە کوردستان دروست دەکرێن، هێندەی ماددەکەی لاواز و بێ کوالێتییە، دوای چەند مانگێک ناشیرین و دێز دەبن و دەبێت لاببرێن، بۆ ئەوەی نەبینرێن بەو کوالێتییە ناشرینە.


* پەیوەندی نێوان شار و پەیکەر، پەیوەندییەکی ئۆرگانی و بەهێزە، کەم شاری گەورەو گرنگی جیهان هەیە مێژوویەکی تایبەت بە خۆی و پەیکەری نەبێ. ئێمە دەتوانین مێژووی پەیکەر و شارەکانمان پێکەوە ببەستینەوە؟
- پرسیارێکی زۆر گرنگ و بەجێیە، چونکە وەک خۆشت دەزانیت و بینیووتە، مێژووی شار و مێژووی پەیکەر لە وڵاتانی ئەورووپادا مێژوویەکی گرێدراوە بەیەکەوە. زۆر گرنگە ئەو پەیوەندییە. بۆیە لەگەڵ گەشەکردنی شار و بیناسازیشدا پەیکەریش گەشە دەکات و ئاستی فراوان دەبێت. هەروەک دەبینین ئێستا هونەری پەیکەرسازیی لە ئەورووپا لە هونەری وێنەکێشان و هونەرەکانی تر زیاتر گرنگیی پێ دەدرێت، بە تایبەتی دەوڵەت زۆر بایەخ بە هونەری پەیکەرسازیی دەدات، بە تایبەتیش بۆ گێڕانەوەی مێژووی سەرکەوتنەکانیان، شۆڕشەکانیان، رووداوە گرنگەکانی ئەو شارە، بە ستایلە جیاوازەکانی پەیکەرسازیی دروست دەکەنەوە.


*لە کوردستان بۆ ئەوەی بایەخ بە هونەری پەیکەرسازیی بدەین، پێویستە لە کوێوە دەست پێ بکەین؟
  - زۆر شوێن هەیە دەست پێ بکەین گەر مەبەستمان بێت، بەلای منەوە گرنگترین شت پێویستمان بە دەزگایەکی نیشتمانیی برۆنز هەیە، چەندین ساڵە لە کوردستان هەوڵی ئەوە دەدەم، لانیکەم بۆ ئەوەی بۆ برۆنزی پەیکەرێ نەچین بۆ ئێران و تورکیا، بەڵام تا ئێستا نەمانتوانیوە. بۆیە دەبێ کار لەسەر ئەوە بکەین مێژووی شار و هونەری پەیکەرسازیمان ئاوێزانی یەکتر بکەین. لەوەش گرنگتر لە شارەکانی ئەورووپا  هێما و شار هەیە، هەر شارێک هێما و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و بەو پەیکەرە دەناسرێتەوە. گرنگە لە ئێستاشدا لە کوردستان، شارەکان پەیکەری وایان هەبێ بە برۆنز و کوالێتی بەرز، من بۆ نموونە پەیکەری (رەشەبای سلێمانی)م هێناوەتەوە، رەشەبا بووە بە بەشێک لە کولتووری سلێمانی، هەولێر قەڵا و گەرمیان و پشدەر و زاخۆ و دهۆک و هەموو شارەکانی تر، شوناس و ناسنامەی خۆیان هەیە، گرنگە پەیکەری ئەو هێما و رەمزانە لەو شارانە دابنرێن.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن