هەواڵ

ئایینەكان لەبەردەم تاقیکردنەوەی فیلمێكی سینەماییدا

06:53 - 06/08/2019 21 جار خوێندراوەتەوە

بیشوان جەلال
(دوو هەفتە جارێک دەینووسێت)

یەكێك لەو فیلمانەی كە وروژێنەری چەندین پرسی فەلسەفیی‌و میتۆلۆجییە، فیلمی “پی كەی” یە.
فیلمەكە بەرهەمی ساڵی 2014 یەو لەسەر چەندین ژانری هونەری بەرهەمهێنراوە، بەڵام كۆی ژانرەكان لەپێناو وروژاندنی چەند واقیعێكە كە مرۆڤەكان لە چوارچێوەی  هەستی گشتیدا بێ بیركردنەوە پێیدا تێپەردەبن، فیلمەكە لەسەر ئاستی هیندستان و جیهان چەندین ریكۆردی شكاندووە، ساڵی 2014 پلەی حەفتاهەمینی  خاوەن زۆرترین داهاتی فیلمەكانی جیهانی وەرگرت و بووە باشترین فیلمی هیندی، لە ساڵی 2014 دا. هاوكات پلەی سێیەمی لە پڕ داهاتترین فیلمەكانی مێژووی فیسلمسازی وەرگرت. 
چیرۆكی فیلمەكە بەم شێوە دەستپێدەكات، بوونەوەرێك لە هەسارەیەكی دیكەوە رێی دەكەوێتە سەر زەوی و لە یەكەمین بەركەوتنیدا ئەو ئامێرەی لێ دەدزرێت كە تەنها ئامرازە بۆ گەڕاندنەوەی بۆ زێدی خۆی، دزی وەك كردەیەكی  قێزەون بەرمەبنای فێڵ بەرهەمدێت،  هەر بۆیە لە یەكەمین گرتەی فیلمەكەوە، تێدەگەین كە لێكدانەوە و دەرئەنجامەكانی فێڵ، دەبێتە پلۆتی سەرەكیی فیلمەكە و پەردە لەسەر ئەو فێڵانە هەڵدەداتەوە كە رۆژانە مرۆڤ لەسەر زەوی بەگشتی و لە هیندستان بەتایبەتی دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەكات. 
سەرنجراكێشی ئەم فیلمە لەوەدایە كە رەخنە و تەنزێكی ورد ئاراستەی كۆی ئایینەكان دەكات، بەڵام لە هەمانكاتدا دڵی هیچ یەكێك لە ئاینپەروەران ئازار نادات. بەجۆرێكی دی فیلمەكە هەوڵێكە بۆ تاقیکردنەوەی بەشێك  لەو  دۆگما ئایینیانەی كە بەشێكی زۆر لە خەڵكی وڵاتی هیندستان پەیڕەوی لێدەكەن، بێگومان كۆی ئەم تاقیکردنەوانەش لە رێگەی گەڕانی ئەو بوونەوەرەیە بۆ دۆزینەوەی خودا، تاكو ئامێرە دزراوەكەی بۆ بدۆزێتەوە، لەبەر ئەوەی لەكاتی گەڕان بۆ ئامێرەكەی، مرۆڤێك پێی دەڵێت مەگەر تەنها خودا بتوانێت ئامێرەكەت بۆ بگێرێتەوە. 
پی كەی، كە ناوی بوونەوەرەكەیە، لەراستیدا ئەو ناوە مرۆڤەكان پێیان بەخشیوە، ئەو كەسێكی بێناو و بێدین و بێ زمانە، كەسێكە ئاشنا نییە بە كاری خراپ، بەڵام لە رێگەی ئەو گەشتەی كە بەدوای دۆزینەوەی ئامێرەكەیەتی، پەردە لەسەر هەموو ئەو خراپانە هەڵدەداتەوە كە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەگشتی‌و هیندستان بەتایبەتی پێیدا تێپەردەبن، باوەڕدارانی ئایینە جیاوازەكان دەگەیەنێتە ئەو راستییەی كە ئەوەی ئەوان شەڕی لەپێناودا دەكەن، لەراستیدا جگە لە دۆگمایەكی پووچ هیچی دیكە نییە. نموونەیەك كە لەبەردەم پی كەی دا خۆی دەردەخات ئەوەیە، كە هیچ یەكێك لە باوەڕداران نكۆڵی لە بوونی خودا ناكەن، هەمووشیان لە زۆرینەی كاتەكاندا دەڵێن (ئۆ مای گەد) واتە ئای خوایە، بەڵام كەسیان نایانەوێت دوای نۆرمی ئەوانی دی  بكەون، كە رێبەرانی ئایین بوونەتە دامەزرێنەر و درێژەپێدەری. 
ئەو بۆ دۆزینەوەی خودا سەردانی پەرستگای هیندۆسی و مزگەوت و كڵێسا دەكات، دەچێتە لای ئەو كەسانەی كە نوێنەرایەتی خودا دەكەن لەسەر زەوی، بەڵام هیچ یەكێك لەوان ناتوانێت رێگەیەك بۆ ئەو بوونەوەرە بدۆزێتەوە كە لێوەی بگاتە خودا، تێدەگات بەشێكی زۆر لەو ئامۆژگاری و راوێژانەی لە زاری پیاوانی خوداوە دێتە دەرێ، جگە لە فیڵ و هەڵخەڵەتاندن هیچی دیكە نین.
لەراستیدا بەهۆی ئەوەی كۆمەڵگەی هیندستان رۆچووەتە نێو ئایینەوە، بە یەكەمین وڵات دادەنرێت، كە زۆرترین ئایینی جۆراوجۆی تێدایە، بۆیە فیلمی زۆریش لەسەر مەبنای ئایین بەرهەمهاتوون، بەڵام هیچ كام لەو فیلمانە نەبوونەتە جێگەی مشتومڕی كۆی ئایینپەروەران، بەجۆرێك كە پرسیاری جدی لەسەر كۆی ئایینەكان بوروژێنێت، بەشێوەیكی گشتی فیلمەكە بەر رەخنە و پیاهەڵدانی زۆر كەوتووە، بەڵام دەرگای لەسەر چەندین پرسیاری جەوهەری كردەوە، كە لە ئێستادا بووەتە جێگەی مشتومڕی ئایینپەروەرە جۆراوجۆرەكان لە وڵاتی هیندستان و جیهان. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن