هەواڵ

هەمیشە لە سێبەردا

08:57 - 05/08/2019 24 جار خوێندراوەتەوە

هۆمەر نۆریاوی

ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو،  یەکەمین بەرهەمی شیعریی “فەرید زامدار”م بەردەست کەوت. ئەم بەرهەمە شیعرییە، هیچ ناونیشانێکی لەسەر نەبوو، هەر بۆیە بە دەفتەرە شیعری “بێ ناونیشان”ناوی دەرکرد و ساڵی 1990 بڵاو بووەوە. ئەو سەردەمە نازانم هۆکار چی بوو ئەوەندە سەوداسەری خوێندنەوەی شیعری نوێ بووم. شتێک لە دەروونەوە بەردەوام هانی دەدام پتر بە نێو ئەو دنیا خەیاڵاوییەدا رۆبچم. رەنگبێت وشە و چەمک و دەستەواژە نوێباوەکانی لای فەرید زامدار کە لە ناخێکی پاکژەوە هەڵدەقوڵان، یەک لە هۆکارەکانی ئەم پرسە بووبێت. هەر لەنێو ئەو بەرهەمە شیعرییەدا، فەرید زامدار خاوەنی جیهانێکی شیعریی تایبەت بە خۆی بوو. کەمتر لەدووی لاساییکردنەوە بوو و هەردەم بیری لە داهێنان‌و نوێگەریی دەکردەوە. دیارە نغرۆبوونی ئەم شاعیرە، لەنێو دنیای رەنگدا، ئەوەندەی تر لەسەر قووڵبوونەوەی لەنێو شیعردا دەوری بینیوە. گەرچی شیعری فەرید زامدار، هەر لە هەمان سەرەتای نووسینەوە، مۆرکی خۆی پێوە دەبێت و کاتێک روو لە نووسین دەکات، تیف تیفەی رۆح دەدات. بۆیە بۆ خۆی دەنووسێت: نووسین شێوەیەکە لە شێوەکانی کڕنۆش بردن بۆ وەحی رۆح، تا حاڵەتی رۆحیانەی شیعر پێنەگا و دروست نەبێ، شاعیری رەسەنیش دروست نابێ.


فەرید زامدار هەروەها دەڵێ: ئەو کاتانەی کە دەنووسم، بیر ناکەمەوە، بەڵام ئەو کاتانەی کە نانووسم بیر دەکەمەوە.
فەرید زامدار، بەر لەوەی نووسەر و شاعیرێکی وردبین بێت، خوێنەرێکی وشیار و وریایە و هەرگیز لەخۆ نامۆ نابێت؛ بۆیە خۆی دەڵێت: لە بێئاگاییم بە هەموو زمانە جیا جیاکانی جیهان بیر دەکەمەوە، بەڵام دەربڕینم کوردییە. پێنووس لای ئەم نووسەر و شاعیرە کوردە، ئەوەندە خودان سەنگە کە دەنووسێت: قەڵەم نیشتمانە، لەهەر شوێنێکی زەمیندا قەڵەمێک بشکێ، منیش دەشکێم، قەڵەمێک زیندانی بکرێ، منیش لەوێم، قەڵەمێک راو بنرێ، منیش راو دەنرێم، قەڵەمێک ئازار بدرێ، ژانەکەی دەگاتە رۆحی منیش، قەڵەمێک داگیربکرێ، منیش داگیردەکرێم، لەهەر کوێیەک قەڵەمێکی خێرخواز بانگم بکات، دەچمە ئەوێ، هەموو قەڵەمە خێرخوازەکانی دنیا بە نیشتمانی راستەقینەی خۆم دەزانم و هەموو نووسینە هونەریی و دا‌هێنانە ئەدەبییەکانی جیهانیش بە هی خۆم دەبینم، لەهەر کوێیەک قەڵەمێک ئازاد بێ، منیش ئازاد دەبم.


فەرید زامدار، بە شاعیرێکی داهێنەری نێو رووبەری شیعری هاوچەرخی کوردی دادەنرێت کە بە زمانێکی جیاواز دەنووسێت و شیعر دەدوێنێت. ئەوەتانێ بۆ خۆی دەڵێ: ئەوەندەی باوەڕم بە سەلیقەی زمان و سەلیقەی ڕۆحیانەی وشە و سەلیقەی مۆسیقای خۆڕسکی شیعری هەیە، ئەوەندە باوەڕم بە رێزمان و زانستی زمان نییە.


روانگەو بۆچوونەکانی ئەم کەسایەتییە ئەدەبییە لەسەر شیعر و شاعیر، بۆ ئێستایش هەر نوێ دەنوێنن؛ تەمەنی ئەم پەیڤانەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 30 ساڵ پێش نها، کەچی بۆ هەنووکەیش هەر تازەن. بۆ خۆی دەڵێ: شاعیری بەهرەمەند، زمانناس و جوانناس و بەهرەناس و هونەرناسێکی خۆڕسکە، شاعیر زمان دەنووسێ نەک زمانەکە شاعیرەکە بنووسێ، مەبەستیشم لەوە شێواندنی زمان نییە، بەڵکو تێکشکاندنێکی بابەتیانەی زمانەکەیە بۆ دروستکردنی زمانێکی ئەدەبیی سەربەخۆ.


شێوە و فۆرم لای فەرید زامدار، بایەخی زۆری پێ دەدرێت. ئەم شاعیرە گەرچی گرنگییەکی تایبەت بە پەیڤ و شێوازی بەکارهێنانی وشە دەدات و هەرگیز وەک شێوەی باو، وشە بەکار ناهێنێت لێ بەتەنیا ئاوازی نێو شیعری لا مەبەست نییە و بیرکردنەوە لە کردەی وشەیشی لا زۆر گرینگە. بۆ خۆی دەڵێ: بە تەنیا بیر لە مۆسیقای وشە ناکەمەوە، بەڵکوو بیر لە کرداری وشەکەش دەکەمەوە.


جوگرافیای شیعریی فەرید زامدار، خۆی بە دەڤەرێکی دیار و تایبەتەوە نابەستێتەوە و وەک چلۆن ئازادانە تێدەفکرێت، بۆ شیعریش هەمان روانگەی هەیە. هەر سەبارەت بەم پرسە دەڵێ: نەمامی شیعر لە ناوچەیەک دەچێندرێ و لە ناوچەیەکی دی شین دەبێ و لە ناوچەیەکی دیکەش دەدووروێتەوە.


بە پێچەوانەی ژمارەیەک شاعیر، کە هەمیشە چەند پلەیەک خۆ لە خەڵکانی دی بە بانتر دادەنێن، فەرید زامدار تەنێ شاعیر بە جیاوازتر دەزانێت و قەت تووشی لە خۆباییبوون نابێت. بۆ خۆی لەم بارەوە دەڵێ: شاعیر لە خەڵکی ئاسایی گەورەتر و مەزنتر نییە، بەڵکو جیاوازترە.


فەرید زامدار هەر دوابەدوای شاعیرانی وەک شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵڵا پەشێو، لەتیف هەڵمەت، رەفیق سابیر و ... دووی رەوتی نوێکردنەوەی ئەدەب خاسما شیعری کوردی دەکەوێت و لەم بوارەیشدا گەلێک بەرهەمی رەنگاڵەیی بە رووبەری شیعری کوردی دەبەخشێت. عوسمان شەیدا، سەعدوڵڵا پەرۆش، کەریم دەشتی، موحسین ئاوارە، ئەنوەر قادرمحەممەد، فەرهاد شاکەلی، ئیسماعیل محەممەد، جەلال مەلەکشا و گەلێک شاعیری دی، لە هاوڕێ و شاعیرە هاوچاخەکانی ئەم شاعیرە نوێخوازە، دێنە ئەژمار کە دواتر ئەم رەوتی تازەبوونەوەیەی نێو شیعری کوردی لە رێی کەسانی وەک دلاوەر قەرەداغی، ئیسماعیل خورماڵی، بەختیار عەلی، کەژاڵ ئەحمەد و...هتد بەردەوام دەبێت. 


بۆ وتن دەشێت کە “فەرید بەکر ئەیوب” ناسراو بە “فەرید زامدار”ساڵی 1952(1331ی هەتاوی) لە هەولێر لەدایک بووە و سەرەنجامیش ئەم شاعیر، پێشمەرگە، رۆژنامەوان و شێوەکارە ناسراوەی کورد، رۆژی 21ی جۆلای 2019 (30ی پووشپەڕی 2719) لە تەمەنی 67 ساڵیدا ئاخی کوردستان بۆ هەمیشە دەبێتە دوا مەکۆی و تێیدا ستار دەگرێت.


فەرید زامدار بەنێو سێبەردا هاتە نێو مەیدانی هەراوی شیعر و هەر لەنێو نسێی شیعریشدا ئۆقرەی گرت. سەرەتا و هەتا هەنووکەیش من، فەرید زامدار زێتر لە رێی شیعرەوە دەناسم، گەرچی شێوەکار، راگەیانکار و رۆژنامەوانێکی دیاری نێو کوردیش بوو.


بەرهەمە شیعرییەکانی فەرید زامدار بریتین لە:
*برووسکەی هەوری مەبەستێک، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی شیمال،کەرکووک،1973
*ژوانی سێبەر، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی جمهوور، موسڵ،1970
*ماکرۆکۆسم (گەورەترین جیهان)شیعر، چاپی یەکەم، 1996
*میکرۆکۆسم(بچووکترین جیهان)چاپی یەکەم، 1996
*ستێکس، وەزارەتی رۆشنبیری، چاپی یەکەم، چاپخانەی قەڵا، سلێمانی،1997
*Toho لە شەوی یەک دەقەییدا، چاپی یەکەم، سلێمانی 1999
*مردنی ئەندازەیی پەنجە شێتەکانی شەیتان، چاپی یەکەم، سلێمانی 2001
ئەنیمامۆندی،  سلێمانی 2006
*شەڕی وشەکان و نیو نوقتە لەژێر نیودا، بڵاوکراوەکانی وەزارەتی رۆشنبیری، چاپی یەکەم، سلێمانی 2007
*مردنی بازنەیی، لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی فیکری و ئەدەبی نما، چاپخانەی شەهاب، هەولێر 2012
*بارانی چل شەوە، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد، چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر 2013
*رێ و نووسەری رێ، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد، چاپی یەکەم، چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر2013
*ناوچەیەک لە ژوورە دزراوەکە، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد، چاپی یەکەم، چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر 2013
*ئیمزایەکی بزر بە قەڵەمی شاعیرێک، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد، چاپی یەکەم، چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر 2013
*دوایین ئێوارەخوان، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد، چاپی یەکەم، چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر 2013
*ئۆکتافیا، پێکە خوداییەکانی لاتەریکی، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد، چاپی یەکەم، چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر، 2013
*گەردوون لە پیلانێکی شیعریدا، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد، چاپی یەکەم، چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر 2013
*دەریاچەی ئاگر، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد، چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر 2013

شیعرێکی فەید زامدار
(....)
بەر لەوەی ئێوە بمکوژن
من دەمێکە خۆم کوشتووە
بەر لەوەی ئێوە بمنێژن
من دەمێکە خۆم ناشتووە
بەر لەوە روانینم بدزن
من دەمێکە چاوەکانم داخستووە
بەر لەوەی ئێوە پێم بڵێن
سەردەمێکە
من خۆم بە خۆمم وتووە
بەر لەوەی ئێوە پارچەم کەن
زەمانێکە
من خۆم بە خۆمم کردووە
سەرچاوەیەکی زۆر شێلوم
دەمێکە هەوکی خنکان و داڕژانی خۆم گرتووە
لەسەر پشتی هەڵەکانم
خۆتان هەڵوەشێنن و،بڕۆن
سەفەری من
مردن رێگای نەگرتووە
لەناو جەستەی خۆم دەڕۆم و 
تەماشای رۆیینی پیادە و
تەرمی نەمردووی خۆم دەکەم
لەگەڵ پێکەنینی مردن
خۆم لە ناو خۆم
چاوەڕێی ژیانی خۆم دەکەم.


ژێدەر: 
• دیوانە شیعری “بێ ناونیشان”ی فەرید زامدار،چاپی یەکەم، ساڵی 1990
• رووپەڕی شاعیر لە فەیسبووک
• ژمارەیەک ماڵپەڕی کوردی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن