هەواڵ

شەفیق حاجی خدر: لای ئێمە وەرگێڕان خەم و ئاستەنگی گەورەی هەیە

08:55 - 05/08/2019 73 جار خوێندراوەتەوە

 

شەفیق حاجی خدر، لەنێوەندی ئەدەبی کوردیدا وەک وەرگێڕێکی سەنگین ناسراوە، ئەو تایبەتمەندییەی لەم وەرگێڕەدا گرنگە، ئەوەیە کە زیاد لە بوارێکدا کاری وەرگێڕان دەکات، بەتایبەت بەهۆی ئەم وەرگێڕەوە، خوێنەری کوردی بە یەکێک لە رۆماننووسە بەناوبانگەکانی دنیای ئەمڕۆی ناسی، ئەویش ڕۆماننووسی هۆڵەندیی بە ڕەگەز ئێرانیی(قادر عەبدوڵڵا) یە.


* بۆچی دەگوترێت وەرگێڕان گرنگە... گرنگی وەرگێڕان چییە لای تۆ؟
- وەرگێڕان گوێزەرەوەی هەموو ئەو زانست و زانیارییانەیە، کە لە لەنێو شارستانییەتە جیاجیاکانەوە هەیە، ئەگەر وەرگێڕان نەبێ، ئەوا هەرچی کایەی رۆشنبیری و مەعریفەی شارستانی هەیە لە چوارچێوەیەکی بەرتەسک و گۆشەگیردا بەسەر ئەو زمانەدا دەمێنتەوە کە پێی دەربڕاوە، هەر لە رێی وەرگێڕانە کارلێککەریی لەنێوان نەتەوەکان و زمانە جیاجیاکان و شارستانییەکانەوە روودەدا، لەبەرئەوەی مرۆڤایەتی تاکزمان نییە، بۆیە وەرگێڕان بۆ تەواوکردنی پێواژۆی لەیەک تێگەیشتن و کارلەیەککردن وەک راستییەکی حاشاهەڵنەگر و پێویستییەکی رۆژانە هاتووەتە کایە، تا فرەزمانیش بمێنێ، ئەوا وەرگێڕانیش هەر لەبرەودا دەبێ. 


لای منیش وەرگێڕان، ئەو حاڵەتە مەعریفییەیە بۆ لەیەک تێگەیشتن و شۆڕبوونەوە بۆ نێو دنیای بەرفرەوانی زانست و زانیاری. لەگەڵ ئەو شکۆمەندییەی وەرگێران هەیەتی، بێ سەختانگ و کێشمەکێش نییە، جارێ لە پێشەوە گەر نووسەر لە داڕشتنی بیرۆکەکەی بەو زمانەی قەڵەمی بەسەردا دەشکێ، ئازاد بێ، ئەوا وەرگێڕ چوارچێوەیەکی لەپێشە، نابێ لەبەر دەستپاکییەکە(ئەمانەتەکە) لێی دەرچێ؛ بۆیە وا دەکەوێتەوە، کە وەرگێڕان لە نووسین سەختتر بێ، هەروەها کێشەی لێگرتن و هەڵبژاردنی دەقی وەرگێڕانیش دێتە گۆڕێ، ئەمە و سەرەڕای ئەو قۆناغەی دوای وەرگێڕان دەستپێدەکات، مەبەستم چاپ و بڵاوکردنەوەیەتی. 


بەداخەوە هەرچەندە لەنێو دنیای کتێبی کوردییدا، وەرگێڕان هەوڵێکی تاکەکەسییە، بەڵام خۆی وەها نییە، بەڵکو هەوڵێکی بەکۆمەڵە و ئاراستەکراوە، هەربۆیە لەنێو ئێمەدا بواری وەڕگێران خەم و ئاستەنگی گەورە گەورەی خۆی هەیە. هەر لەبەر ئەم دۆخەشە وەرگێڕی کورد بەدەر لە پەیامی گەیاندنی ناوەڕۆکی نووسەر(دەقی وەرگێڕدراو) خەم و پەیامی شێوازی گەیاندن، واتە خەمی زمانی داڕشتنەوەشی لەبەرە، ئاخر ئێمە نە زمانێکی فەرمی و نە ڕێنووس و نە فەرهەنگێکی یەکگرتوومان نییە.


*  زیاد لە بوارێکدا کاری وەرگێڕان دەکەیت... ئایا باشتر نییە یەک بوار ھەڵبژێریت؟
- ئەوەی ڕاستی بێ، لەو ١٧ کتێبانەی وەرمگێڕاون، بواری سیاسەت و هەواڵگریی، دیرۆک و رۆمانیشی لەخۆگرتووە. خۆی تاکبواری لەوانەیە باشتر بێ، چونکە وەرگێڕ تێیدا پسپۆڕیی زیاتر پەیدا دەکات، بەڵام خۆم حەزم لەو سێ بوارە کردووە کە کارم تێدا کردوون، ئیدی کارەکە وەها رۆیشتووە، بەڵام لێرەدا دەمەوێ نهێنییەک بدرکێنم، پێیان گوتووم واز لەبواری سیاسیەت و هەواڵگریی بێنە، تەنیا بە رۆمانەوە خەریکبە، هەشە گوتوویانە واز لەرۆمان بێنە، چونکە وەرگێری زۆری رۆمانمان هەن و تەنیا لە بواری بازنەی کتێبەکانی ئیسرائیل کاربکە، هەروەها ئەوەشیان پێیگوتووم کەوا هەر خەریکی مێژووبم. منیش تا ئێستا دڵی هیچ کەسێکم نەشکاندووە! بەڵام لۆژیکیش هەر ئەوە دەسەلمێنێ کە تاکبواریی بۆ چەندایەتی و چۆنایەتیی بەرهەمیش باشترە، رەنگبێ، لە دواییدا هەر واشی لێبێ.


* مەرج و پێوەرەکانی وەرگێڕی سەرکەوتوو چین؟ 
- هەڵبەتە کۆمەڵێک مەرج و پێوەر بۆ وەرگێڕانی سەرکەوتوو هەن، دەکرێ ئەمانە خوارەوە بەشێکیان بن: ١- زانینی زیاتر لە دووزمان. ٢- زانینی پاشخانی ئەو کتێبە (ئەو دەقەی)ی لێی وەردەگێڕی. ٣- سەروسەودا پەیداکردن لەگەڵ کولتووری زمانی لێوەرگێڕان. ٤- توانستی زاڵبوونی تەواو لە رووی نووسین و داڕشتنەوە بەو زمانەی بۆی وەردەگێڕی. ٥- بوار و بابەتی وەرگێڕان، ئەگەر هاتوو پێشتر وەرگێڕەکە لەو بوارەدا شارەزایی هەبێ.


* بۆچی زۆر گرنگیی بە بەرھەمەکانی قادر عەبدوڵڵا دەدەیت؟
- ئەوەی راستیی بێ، دەمێکە ئاگام لە بەرهەمەکانی (قادر عەبدوڵڵا)یە، ناسینەکەم بۆ دە ساڵێک زووتر دەگەڕێتەوە. کاتێکیش شاکارەکەی (خانووی مزگەوتێ)م وەرگێڕا، شتێکی ناوازە بوو، کوردی زمانی بیست و چوارەمین بوو کە بۆی وەربگێڕدرێ، بە حوکمی نزیکی بابەتەکانی ئەو لە ئێمە، یان راستتر بڵێم پەیوەستبوونی ناوەڕۆکی رۆمانەکانی ئەو بە ئێمە، تەکنیکە خۆش و ئاسان و ناوازەکەی ئەو، زمانە بێگرێوگۆڵەکەی ئەو، بابەتە مێژووییەکانی ئەو، کە تێهەڵکێشی رۆمانەکانی کردوون، کە بۆ ئێمە گرنگن، هەروەها ناسینی کەسییشم بۆ ئەو، وێڕای هاندانی خوێنەران دوای بڵاوبوونەوەی (خانووەکەی مزگەوتێ) هەموو ئەمانە وای لێکردم تا ئێستا چوار رۆمانی وەربگێڕم و بڵاوبکەمەوە و پێنجەمینیشی بەناوی (زۆربای ئێرانی) ئامادەی چاپە.


 *  نوێترین کاری وەرگێڕانت چییە تکایە باسی بکە بۆمان؟
- تازەترین وەرگێرانم کتێبی (ئەرێ کورد بوونە بەردەباز؟!) بوو، کە تێزێکی دکتۆرای نووسەر «گیبسن»ە سەبارەت بە قۆناغێکی مێژوویی زۆر گرنگ و چارەنووسساز لە مێژووی عێراق و کوردستان، کە بە ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ دەستپێدەکات و بە ٢٠ی ئازاری ١٩٧٥یش کۆتایی پێ دێت. 


بەدەر لەمەش کاری هەرەنوێم، وەرگێڕانی دوو کتێبی دیکەن، کە دیزاینەکەشیان تەواو بووە و ئامادەی چاپن و چاوەڕێی پاڵپشتم بۆ چاپکردن، ئەمانیش (زۆربای ئێرانی) کە تازەترین رۆمانی «قادر عەبدولڵا»یە، لەگەڵ (شەوە سپییەکان) کە یادەوەری زیندانی و نەفیبوونی «مێناحیم بێگن»ە بۆ سێبیریای رووسیا.


 * بەنیازنیت وەرگێڕانی پێچەوانە بکەیت. واتە لە کوردییەوە بۆ زمانێکی تر؟
- لێرەدا دەبێ زۆر راشکاو بم، وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، مەرجی وەرگێڕان، نەوەک هەر زانینی دوو زمان یان زیاترە، بەڵکو دەسەڵاتشکانە بەسەر ئەو زمانەی بۆی وەردەگێڕێ، واتە دەسەڵاتی دەقنووسکردنەوە، دەسەڵاتی داڕشتنەوە، بۆیە وەرگێڕانی پێچەوانە ئەم ئاستەنگەی دێتە پێش، من کە دەتوانم بە زمانی زگماکم بنووسم، ناتوانم ئاوا بەو زمانەی فێری بووم وەها بنووسم، بۆیە تا ئێستا ئەم کارەم نەکردووە، هەرچەندە لە داهاتوودا، نیازی شتێکی وەهام هەیە، هەر هیچ نەبێ وەک تاقیکردنەوەش بێ، بۆسەر زمانی هۆڵەندی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن