نێچیرڤان بارزانی: پارتی سلێمانییە، سلێمانیش هەر پارتییە
03:47 - 02/11/2025
زەمەن _ سلێمانی
نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانی ڕایگەیاند: "خەمی خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە خەمی پارتییە، خەڵکی ئەم ناوچەیە خاوەنی پارتین، پارتیش خاوەنی ئێوەیە، ئێوە خاوەنی ڕێبازی بارزانین، پارتی سلێمانییە، سلێمانیش هەر پارتییە."
ئەمڕۆ ٢ی ١١ی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی لە سلێمانی بەڕێوەچوو و ڕایگەیاند: لەسلێمانییەوە سڵاو بۆ جەماوەری پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە دەنێرم، ئێوە بەشێکی گرنگن لە مێژوویی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی بە ئێوە سەربەرزە و بە ئێوە بە سەربەرزی دەمێنێتەوە.."
ڕاشیگەیاند، ئێوەش بەشێکی گرنگن لە کەمپینی یەک ملیۆن و زیاتر بۆ لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، چاوەرێین ژمارەی دەنگەکانتان لە ئاست خەبات و مێژووی پارتی بێت لەم شارە، لەم دەڤەرە یەک ملیۆن بەبێ ئێوە تامی تێدانییە، دەبێت یەک ملیۆن بێت.
دەشڵێت: "من پەیامی یەک ملیۆنم بۆ ئێوە هێنابوو، بەڵام کە ئێوە دەبینم پەیامەکەم لە یەک ملیۆن زیاتر سەرکەوت، ئێمەش ئامادەین بۆ ئەو هەموو
تەحەدییانەی لە عێراق بەرامبەر ئێمە دەکرێت، دڵنیابن دڵ خۆشی ئێوە دڵخۆشی ئێمەیە و خەمی ئێوەش خەمی ئێمەیە، داواکری ئێوە ئەرکی سەرشانمانە، باوەکو ڕاستییەک بڵێم لەم ناوچەیە نوێنەرایەتی پارتی کەمە، بەڵام دڵنیابن لەوەی بەرنامەی پارتی بۆ ئەم ناوچەیە گەورەیە."
جەختیشی کردەوە، پێمان وایە هەرێمی کوردستان بەبێ ئەم ناوچەیە ناتەواوە، پارتی بەبێ ئەم ناوچەیە ناتەواوە، لەبەر ئەوە خەمی ئێوە خەمی ئێمەیە، ئێمە لە پارتی سەیری کەموکوڕییەکانی هەردوو پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەرین ناکەین، هەروەها کەموکوڕییەکان مایەی دڵخۆشی نین بۆ پارتی، بەڵکو خەمێکی گەورەن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی: "ئێمە وەکو بەشێکی خۆشەویستی کوردستان سەیری ئەم ناوچەیە دەکەین، پارتی حزبی سەرانسەری کوردستانە، پارتی ناوچەگەرێتی لەبیر کردووە، ناوچەگەرێتی لە بیری پارتی شوێنی نەماوە و نامێنێت."
"پارتی بەبێ سلێمانی ناتەواوە، ئاسمانی سلێمانی بەشێکی جوانی ئاسمانی کوردستانە، کە ئاسمانی سلێمانی گەشتی کەم بێت، گەشتی ئاسمانی لە کوردستان کەم دەبێت، ئاسمان و خاکی ئێمە یەک ناویان هەیە، ئەویش کوردستانە." ئەمە بەشێکی دیکە بوو لە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی.
ئاماژەی بەوەش کرد، "کەموکوڕییەکانی ئەم ناوچە مایەی دڵخۆشی نین بۆ پارتی و خەمێکی گەورەن بۆمان، پارتیی قەرزداری سلێمانیە، وەکو بەشێکی خۆشەویستی کوردستان تەماشای ئەم دەڤەرە دەکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پارتی وتی، "شەقامێک لە هەڵەبجە یان زاخۆ دروست بکرێت، وەکو یەک پێی دڵخۆشین. قوتابخانەیەک لە سەیدسادق یان هەریر دروست بکرێت، وەکو یەک پێی دڵخۆشین."
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە، نابێت زۆنی سەوز و زۆنی زەرد هەبێت، "دەبێت یەک زۆن هەبێت، ئەویش زۆنی کوردستانە، داعش هێرشی کردە سەر پێشمەرگە، "نەیپرسی خوێنی کامتان سەوز و کامتان زەردە؟ هەر بۆیە هیچ پارتییەک بە جیاوازی تەماشای کوردستان ناکات."