لەم ناوچەیە نەوت دابەش دەکرێت
02:02 - 02/11/2025
زەمەن _ هەڵەبجە
ئەمڕۆ لە سنوری هەڵەبجە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێتەوە و بە نرخی ١٠٤ هەزار دینار.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، پاش ڕاگرتنی دابەشکردنی نەوت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنارەوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە سنوری شارەکە دەسپێدەکاتەوە.
لەوبارەیەوە قائیمقامییەتی هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوێکیدا هاووڵاتییانی سنورەکەی ئاگەدار کردەوە لەوەی لەمڕۆوە دووبارە دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات بەپێی ئەو پلانانەشی دانراوە، لەمڕۆدا لە ١٤ گەڕەک و جێگەی شارەکە، دانیشتوان ٢٠٠ لیتر نەوت وەردەگرن لە بەرامبەر ١٠٤ هەزار دیناردا.
مەرجە هەر خێزانێک کارتی وەرگرتنی نەوتی هەبێت، بەپێچەوانەوە بێبەشدەبێت لە وەرگرتنی نەوت.
دابەشکردنی نەوت بە نرخی ١٠٤ هەزار دینار لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە لە شارەکانی عێراق بەرمیلێک نەوت بە کەمتر لە ٤٠ هەزار دیناری عێراقیی دابەشدەکرێت....