هەواڵ

کاتی پێکهێنانی دەستەی دانوستانە

02:44 - 03/08/2019 152 جار خوێندراوەتەوە

به‌هادین یوسف

پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌كی نیشتمانیی له هه‌رێم  بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا، ده‌بێته‌ خاڵی رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان و چاودێرانیش به‌ پێویستییه‌كی هه‌نوكه‌یی ده‌زانن بۆ چاكسازیی‌و فایلى دانوستان و به‌ دامه‌زراوه‌ییكردنی ئەم بەشە گرنگەی سیاسەت  و ئیدارەدان.

تائێستا له‌ هه‌رێمى كوردستان دامه‌زراوه‌یه‌كى نیشتمانیى نییه‌ فایلى چاودێریكردنى ئه‌دای نوێنه‌رانى كوردو دانوستانى نێوان هه‌ولێرو به‌غداى له‌خۆگرتبێ. یان به‌رپرسبێ له گفتوگۆ و دانوستانى نێوان هه‌رێم و حكومه‌تى عێراق. په‌رله‌مانى كوردستان هەرچەندە وه‌ك مه‌رجه‌عى باڵاى شه‌رعى هه‌رێمە، کەچی ئاگادارى پرۆسه‌ى دانوستانه‌كان نه‌بووه. 

كۆتایی ساڵی 2012 بزووتنەوە‌ی گۆڕان پێشنیاری پڕۆژه‌ یاسایه‌كی به‌ناوی (ده‌سته‌ی نیشتمانیی بۆ دانوستان) پێشكه‌شی په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كرد. پڕۆژه‌ یاساكه‌ له‌ پێنج به‌ش و 18 ماده‌و هۆیه‌كانی ده‌رچوونی پێكهاتووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی چۆنێتی به‌ دامه‌زراوه‌یی‌و به‌نیشتمانییكردنی دانوستانه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدای خستوه‌ته‌ڕوو. 

هه‌رچه‌ندە به‌ نووسراوی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ (13/12/2012) ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و یه‌كێتی‌و پارتی كراوه‌ بۆ دیراسه‌كردنی نه‌خشه‌رێگاكه‌ی بزووتنەوە‌ی گۆڕان، کەچی تائێستا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌.

به‌پێی پڕۆژه‌ یاساكه‌، ده‌سته‌ی دانوستانی هه‌رێمی كوردستان له‌ نۆ ئه‌ندام پێكدێت‌و كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی‌و سه‌ربه‌خۆیه‌و له‌ڕووی كارگێڕیی‌و داراییه‌وه‌ سه‌ر به‌ په‌رله‌مانی كوردستان دەبێ‌.

دەستەکە لەگەڵ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، په‌رله‌مانی كوردستان‌و ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ نوێنه‌ریان هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هەیە، هه‌ماهه‌نگی دەکەن بۆ دیاریكردنی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا.

ئه‌ركێكی تر‌ی ده‌سته‌كه‌، دانوستانه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ‌و ئه‌و لایه‌نانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ دۆسیه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم‌و حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ هه‌یه‌.

 

ئه‌ركی سێیه‌می ده‌سته‌ی دانوستان، پاڵپشتی‌و چاودێریی ئه‌داو كاری نوێنه‌رانی گه‌لی كوردستانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان‌و جێبه‌جێكردن‌و هێزه‌ چه‌كداره‌كان‌و ده‌سته‌و دامه‌زراوه‌ فیدراڵییه‌كان‌ لە بەغدا. له‌گه‌ڵ ئاماده‌كردنی راپۆرتی وەرزانە تا ئاڕاسته‌ی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان‌و رایگشتی بکرێن.

 

دەستەکە کار دەکات بۆ به‌ دیكۆمێنتكردن‌و ئه‌رشیفكردنی دانوستانه‌كانی پێشوو له‌نێوان نوێنه‌رانی گه‌لی كوردستان‌و حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشووی عێراق.

 

كاردۆ محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری پێشووتری گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ‌ “زه‌مه‌ن” وتی: “پێكهێنانی ده‌سته‌ی دانوستان به‌شێكبوو له‌و پاكێجانه‌ی بۆ چاكسازیی پێشكه‌شكران، دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی دانوستان كه‌ ده‌زگایه‌كی پیشەیی یاسایی‌و به‌ ئه‌رشیفكراوبێ، ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ چاكسازیی‌و به‌ دامه‌زراوه‌ییكردنی ده‌وڵه‌ت‌و حكومڕانییه‌كی خاوه‌ن دامه‌زراوه‌یی”.

 

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنی پڕۆژه‌كه‌ش، وتی: “تێڕوانینی حزبیی بۆ حوكمڕانی كه‌ حزب خۆی به‌ خاوه‌نی خاك‌و سامان‌و دامه‌زراوه‌كان‌و نیشتمان ده‌زانێ، وایكردووه‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ دانه‌مه‌زرێ”.

 

ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی كه‌ بزووتنەوە‌ی گۆڕان له‌ پڕۆژه‌كه‌دا دیاری كردبوو، له‌ نۆ ئه‌ندامی سه‌ره‌كی‌و سێ ئه‌ندامی یه‌ده‌گ پێكدێن كه‌ به‌ زۆرینه‌ی (3/4)ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ند ده‌كرێن. دوای په‌سه‌ندكردنیان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دانوستان سوێندی یاسایی ده‌خۆن.

 

له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌دا مه‌رجە كه‌ نابێ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دانوستان‌، تا ئەو چوار ساڵەی لە کاردایە، هیچ وه‌زیفه‌و ئه‌ركێكی تر‌ له‌ كه‌رتی گشتی‌و تایبه‌تدا بکات. سه‌رۆكی ده‌سته‌کە پابه‌ندكراوه‌ به‌وه‌ی كه‌ سێ مانگ جارێك له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان‌و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاماده‌بێ بۆ پێشكه‌شكردنی راپۆرتی خۆیان. په‌رله‌مان مافی بانگهێشتكردنی سه‌رۆك‌و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دانوستانی هه‌یه‌.

ده‌سته‌كه‌ مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ كه‌سێكی تر‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن رابسپێرێت بۆ ئه‌نجامدانی دانوستان یان ئیمزاكردنی هیچ رێككه‌وتن و وه‌ره‌قه‌یه‌كی دانوستان تا نه‌خرێته‌ به‌رده‌ستی په‌رله‌مان.

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ “زه‌مه‌ن”، دووباره‌ پێشنیازی دروستكردنی ده‌سته‌یه‌ك ده‌كات‌و ده‌ڵێت: “پێویسته‌ ده‌سته‌یه‌كی باڵای دانوستانمان هه‌بێ له‌ هه‌رێم، ئه‌م ده‌سته‌یه‌ بتوانێ كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند رێكبخات، هه‌م بتوانێ هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان په‌رله‌مانتارانی كورد له‌به‌غدا له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كان بكات‌و چاودێری كاره‌كانیان بكات. ئه‌م ده‌سته‌یه‌ش به‌رپرسیار بێت له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان. ئه‌م میكانیزمه‌، میكانزمێكی باش ده‌بێت تا ئه‌و نوێنه‌رانه‌ لێیان بپێچرێته‌وه‌”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن