هەواڵ

لەناو خۆڵەمێشی نامەکاندا

11:45 - 03/08/2019 142 جار خوێندراوەتەوە

کامەران سوبحان

بەدەر لە دیوانی شیعرەکانت، هەندێ لەو کتێبانەی لەسەر شیعر و دنیابینیی تۆ نووسراون، شتێکی ترت سەرنجی راکێشاوم، ئەویش نامەکانتە. بە سروشتی خۆم، حەزم لە خوێندنەوەی نامەی نێوان نووسەران و کەسایەتییە ناودارەکانە، پێموابێ بەشێک لە نهێنیی و کەسایەتیی ئەو نووسەرانەش، لە نێوان رستە و وشە و پیتەکانی ئەو نامانەدا شاردرابێتنەوە. 
لەم ماوەیەدا کە بەشێکی زۆری کاتەکانم، لەگەڵ جەنابت و شیعرەکانتا بەسەر برد، کەم رۆژ هەبووە نەگەڕێمەوە بۆ لای هەندێ لەو نامانەت، هەندێکیان دەستنووس و لە کتێبخانەی ئەو کەسایەتییانەدا پارێزراون کەجەنابت نامەکانت بۆ ناردوون، هەندێکیشیان، وەک ئەرشیف لە کتێبی (گۆران لە بیرەوەریی هاوچەرخەکانیدا) پارێزراون. 
(بەدەم گفتوگۆکردنەوە، وام بە مامۆستا “گۆران”ی شاعیر وت)
من لە رۆژگاری خۆیدا زۆرم نووسی، شیعر و نامە بۆ هاوەڵ و دۆستان. رەنگە بەلاشتانەوە سەیر بێ، بیرەوەریی رۆژگاری دەربەدەریی و خەم و ئازار، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لەو دەستنووس و لاپەڕانە، وەک بەرهەمی تری نووسەرانی پێش خۆم، بوونە خۆڵەمێش و تەپوتۆز، نە خۆم و نەکەسیش نەیانزانی کەوتنە کوێ؟ کۆتا رۆژەکانی تەمەنم، هەر رۆژێ لە شار و هەر رۆژێ دەرد و بەڵایەک تەنگی پێ هەڵچنی بووم! لە کوێ دەمپەرژا بگەڕێمەوە سەر ئەو نامانە؟!(گۆران، ئاهێکی قووڵی هەڵکێشا و خۆی بە لاپەڕەکانی بەردەستییەوە خەریککرد، بۆ ئەوەی ئەو خەم و ئازارانەی ناخی بشارێتەوە، کە من باسمکردن و دەرگام بۆ کردنەوە!) (کەمێ بێدەنگیی)
چەندین شیعری وام لەو رۆژگارەدا نووسیووە، تەنها کەسە نزیکەکانی خۆم، لە خەم و ئازاری وشەکان گەیشتوون. ئەمانەش وەک شیعرەکانی ترم دەخوێنرانەوەو دەڕۆیشتن و ون دەبوون(لاپەڕەیەکی گرت بەدەستەوەو بە دەنگێکی ئارام کەوتە خوێندنەوەی شیعری هەڵبەستی دەروون)
هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم

لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم
بۆچی وەها دوورن لە یەک؟ نازانم!

ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار
دەرکەوتایە دنیای جوانتر لە بەهار

دەرکەوتایە: ئاوات، هیوا، خەوبینین
پرشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!

(پاش خوێندنەوەی شیعرەکە، ئاهێکی قووڵی هەڵمژی و بێدەنگیی)
ئەم شیعرە لە کۆمەڵەی دووەمی دیوانەکەتە، لەو کۆمەڵە شیعرەش، هەندێ لە شیعرەکانت بۆ هاوڕێکانی خۆتت نووسیووە، رەنگە ئەمەش جۆرێک بێ لە پەیام و نامەناردن بۆیان.(سەرێکی رەزامەندی بۆ لەقاندم و بە قووڵیی چاوی لە چاوەکانم بڕی)
لە راستیدا وایە، من نازانم چ نامەیەکی دەستنووسی منت لایە، بەڵام هەندێ لەو شیعرانەم ئاه و حەسرەتی منە، بە زمانی شیعر، بۆ هاوڕێ و دۆستەکانم نووسیووە، چ بۆ مردنیان، چ وەک بەسەرکردنەوەیان، لەوانە کۆمەڵێ شیعر لەو بەشەدا هەیە، وەک “هاوڕێم بێکەس، لاواندنەوەی سەرەڕێ، لەسەرەمەرگی هیوادا، بۆ گەورەیەکی شیعردۆست، بۆ سالم،  شیوەنی گوڵاڵە، جواب بۆ جەناب و هەندێکی تریش.”(گۆران وای وت) 
(لاپەڕەکانی بەردەستی ئەمدیوئەودیو دەکرد، وەک ئەوەی بۆ شتێ بگەڕێ، لاپەڕەیەکی زەردباوی گرت بە دەستەوەو کەوتە خوێندنەوەی ئەم سێ کۆپلەی کۆتایی  شیعری “بۆ گەورەیەکی شیعردۆست”)

ئەمجا قوربان هیوام هەیە لە” گۆران”
ئیتر داوا نەکەن هەڵبەستی جوان جوان!
بەسەر شیعری کەسێ زاڵە سەربەست بێ
بەرەڵڵا بێ، بە عارەقی عەشق مەست بێ
بۆ من وەها ئەلوێ ئیتر خامۆش بم
با لە مەیدان ون بم و فەرامۆش بم!
(گۆران و من، لەناو وێنە و دیمەنی شیعرەکەدا ون بووین)
پیرەمێرد و فایەق بێکەس و گیو موکریانی و عەلادین سەجادی، بە زمانەکەی خۆت، مامۆستا عەلا، پەیوەندی توندوتۆڵتان لەگەڵ یەک هەبوو، بەشێک لەو پەیوەندییانە، لە رێگەی شیعر و بەشێکیشی لە رێگەی نامە دەستنووسەکانتانەوەیە. 
لە رۆژی 6/11/1950 نامەیەکی دەستنووست  لە زیندانی هەولێرەوە ناردووە بۆ بەغدا بۆ “عەلادین سەجادی” وەک خۆت دەنووسیت، ئەمانە رمووزی بەندینخانەن، بابەتی هەمەجۆرت بۆ نووسیووە، لە کۆتایی نامەکەشدا بۆی دەنووسیت: (لەبەر ئەوەی کلک لەژێر دەستی میری دایە، مەعلوم نییە ئەم بارە تا کەی دەخایەنێ، هەرچۆنێک بێ، منیش کەرم کۆڵوبارم سووکە بۆ کوێ ئەفەرموون، چۆن ئەفەرموون، ئامادەم لە خزمەتیانا بم. بەڵام چەقچەقەی ئاشەکەم، تەقەتەقی لێ نابڕێ، ئەوانیش وا دیارە هەر تەقەتەقەیە دەماریان ئەگرێ و لە عاستم وەک گای هار تۆڕییان ئەکات، منیش هەر ئەوەم لەدەست دێت، هەتا بمێنم تاوتاو دەستەسڕی سووریان هەر پیشاندەم، بۆ ئەوەی لە قۆچ وەشاندن نەکەون) لە دامێنی خوارەوەی نامەکەش، نووسیوتە ئیتر هەر بژین بۆ براتان عەبدوڵڵا گۆران.
(بێدەنگییەکی قووڵ، “ گۆران “بە ئەستەم کەوتەوە قسەکردن)
بیرەوەریی رۆژانی دەربەدەریی و زیندانی وشە و جەستەی شاعیرێ، ئاخێکی قووڵ بۆ ئەو رۆژانەی بەسەرمدا هات. نەدەکرا کەمێ بیرەوەریی خۆشتری ناو ئەو نامە دەستنووسانەم بیربخەیتەوە؟ (گۆران وای وت).

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن