هەواڵ

کیژۆڵەیەکی گرینۆک

02:16 - 02/08/2019 231 جار خوێندراوەتەوە

فاروق هۆمەر


ئەو رۆژەی دایکم لە جێگە کەوت و منداڵی بوو،  لەولاوە تەلەفیزۆنە رەش و سپییەکەشمان لە کار کەوتبوو و بەتەواوی شکابوو. ئاگام لێ بوو دڵتەنگی هەر یەکێکمانی لەلاوە لەگەڵ خۆی لوول دابوو، بەتایبەتی دایکم و باوکم بەر لە هەر کەسانێکی دی. ئەوان پێیان وابوو تەلەفیزۆنەکەمان کۆتاییەتی و چاکبوونەوەی بۆ نییە و پارەیێکی ئەوتۆش شک نابەین دانەیێکی تازەی پێ بکڕین. من ئەو کاتە خوشک و برایێکی لە خۆم بچکۆلەترم هەبوون کە لە پاڵمەوە دەژیان و خوشکێکیشم کە لە دوای منەوە هاتبوو زۆر نەژیابوو مردبوو. من هیچ شتێکی ئەو خوشکە مردووەم بەیاد ناکەوێتەوە، تەنیا ناوەکەی دەزانم، کە ناوی فریشتە بووە. من زۆرجار بیرمە دەچوومە پەنایەکەوە و بۆ فریشتە دەگریام، بۆ ئەو خوشکە بەدبەختەم کە ئەوەندە نەژیا شتێکی لەبارەوە بزانم، یاوەخوود هەر هیچ نەبێ، تاوێک پێکەوە قسە بکەین و تام و چێژێک لە یەکدی بکەین. دایکم جارجارێک دەیگوت فەریدەی خوشکت سەرەخۆرەبووە، تا فریشتە لە ژیاندا بوو ئەو بەردەوام دەگریا. ئەو کاتەی فریشتەی خوشکت بەتەواوی سەری نایەوە، ئیدی ئەویش بۆ ئێجگاری ژیربۆوە و جارێکی دی نەگریایەوە. باوکم جارێکیان خراپ توڕە دەبێ و لە نیوەی شەوێ دا پەلی فەریدەی خوشکم بە گریانەوە دەگرێ و لەسەر هێلانەی مریشکەکان فڕێی دەدات. هەر وەکو دایکم دەڵێ، تا فەریدە ژیرنەبۆتەوە و نوزە نوزی بەتەواوی وشکی نەکردووە، رێگای پێنەداوە بێتەوە ژوورێ. من ئیستاش بیر لەوە دەکەمەوە فەریدەی خوشکم بە درێژایی ئەو شەوە چی لەگەڵ مریشکەکان باس کردبێ. تۆ بڵێی مریشکەکانیش بە گریانی فەریدە تەنگەتاو نەبووبن، یان ئەو کاتە چۆن لەو کیژۆڵە گرینۆکەیان روانیوە، کە تەنیا گریان نەبێ شتێکی دی نەزانیووە.  
 ئەو رۆژە کاتێک خاڵم هات و پشتی تیڤییەکەمانی کردەوە، من بۆ یەکەمجار لە ماڵەکەدا گوێم لە دەنگی گریانی منداڵێکیش بوو لەو ژوورەی کە تەنیا دایکم و مامانەکەی لێبوون، دەگریا. گریانی منداڵێک زۆر بەخێرایی منی بۆ لای تیڤییەکەوە راکێشا، ئەو شوێنەی خاڵم پشتی تیڤییەکەی کردبۆوە و بە دەرنەفیزێک خەریکی بوو چاکی دەکردەوە. نەمزانی هۆکەی چی بوو، خاڵم بەردەوام رێگەی پێ نەدەدام زۆری لێ نزیک ببمەوە و تەماشای ئەوە بکەم کە ئەو سەرقاڵی چییە و چی لە تیڤییەکە دەکات. من ناوە ناوە ملێکم دەبردە ژێر باڵی خاڵم و ئەویش خێرا خێرا قنگی تێدەکردم و هەموو دونیای لە پێشمەوە دەشاردەوە. ئیدی منیش لەو کاتەدا هەموو سەرنجم چووە سەر دەنگی منداڵەکە و بەپەلە رامکرد بۆ ئەو ژوورەی دایکمی لێبوو. هەرچۆنێک بوو خۆم کرد بە ژووردا و روانیم منداڵێکی بچکۆلە هاتووە بۆ ماڵمان. منداڵەکەیان جوان قومات کردبوو، شین دەچۆوە و لەناو زەنبیلەیێکی پووشینیان دانابوو. چاوەکانی منداڵەکە ئەوەندە بچکۆلە و جوان بوون، بۆی نەدەکرا بە باشی بیانکاتەوە. 
من کتوپڕ زانیم ئەو منداڵە لە تەلەفیزۆنەکەوە هاتووەتە دەرێ. ئیدی هەر بەدوای ئەوەشدا زۆر بەخێرایی تەلەفیزۆن چاکبۆوە و پشتەکەی وەکو جارانی خۆی لێهاتەوە. من لەوەودوا بەردەوام هەموو سەرنجم لەسەر تیڤییەکەمان بوو، لەسەر ئەو هەموو خەڵکانەی لەناویدا دەژیان. شەو و رۆژ لێم دەڕوانین، لەوێ پەیتا پەیتا قسەیان دەکرد و نانیان دەخوارد و پێدەکەنین و دەگریان.  من بە نهێنی ئەوەم نەدەزانی بۆچی لە هەڵوەشاندنی تیڤییەکەدا تەنیا تاقانە منداڵێکیان دەرهێنابوو، لە کاتێکدا زۆر بە ئاسانی بۆیان دەکرا خەڵکانێکی زۆرتر لەوێ بهێننە دەرەوە. من لەو رۆژگارەی منداڵیمدا پێم وابوو ئێمە هەموو لە تیڤییەوە هاتووین، دایکم و باوکم و فریشتەی مردووش و ئەو منداڵەش کە زۆر نییە هاتووە بۆ ماڵمان و هەموو دونیای پڕکردووە لە گریانی کورت کورت. رۆژێک ماڵەکەمان چۆڵ بوو، نازانم چۆن وا رێکەوتبوو هەر بە تەنیا خۆم لە ماڵەوە بم. زۆر خراپ گەڕم لە تیڤییەکەمان ئاڵاندبوو و بیرم لەوە دەکردەوە تا ماڵەوە دەگەڕێنەوە، بۆچی منیش منداڵیك لە تیڤییەکەوە نەهێنمە دەرێ. هەموو سەرنجم لەسەر منداڵێک بوو کە تۆزێکی تر بە دەستی خۆم دەیهێنمە دەرەوە  و هەر کاتێکیش ماڵەوە پەیدا بوونەوە، ئەوجا خۆشییەک سەرتاپا هەموومان پێکەوە دادەگرێ. لەڕاستییا من زۆرم بەزەیی بەو هەموو خەڵکانەدا دەهاتەوە کە لەناو تیڤییەکەماندا کۆت و بەند بوون و بۆیان نەدەکرا بە ئازادی خۆیان بێنە دەرەوە و هاموشۆ بکەن. چۆن مرۆڤ دەتوانێ بۆ ماوەیێکی ئاوا دوورو درێژ، لەناو ئەو قەفەزە بچکۆلەیەدا بژی و هەناسە بدات. من دەرنەفیزم لە ماڵەوە پێ پەیدا نەدەکرا، بەڵام چووم لە ناندینەکە چەقۆیێکم هێنا. چەند برغووییەک بوو بە پشتی تیڤییەکەوە، دەبوو هەموویان یەک لە دوای یەک بکرێنەوە. یەک یەک برغووەکانم هەموو کردنەوە. بەهێواشی پشتی تیڤییەکەم هێنایە خوارێ کە پارچە تەختەیێکی کونکونی سادە بوو، هیچ هونەرێکی گەورەی تێدا نەدەبینرا. ئەو جیهانەی کە پڕی ئینسانە و هەموومانی لێوە هاتووینەدەر، چۆن دەبێ بەو شێوەیەش ئاوا سادە و ساکار بێ. پارچە تەختەم بە هێواشی لەسەر زەوییەکە دانا و روانیمە ئەو جیهانە ئەفسوناوییەی کە چاوەڕوانم دەکرد پڕی بێ لە شارانی گەورە و ماڵانی جوان و شەقامی دوور و درێژ و ماشێنی گەورە گەورە. تەواو حەپەسام، تەنیا چەند گڵوپێکی بچکۆلە نەبێ هیچی تری تێدا نەبوو. سەیر ئەوە بوو ئەو تیڤییە لە ژوورەوە ئاوا چۆڵ و هۆڵ بێ و هیچی تیا نەبێ. دونیایێکە پڕ لە خۆڵ و تەپ و تۆز. هەستمکرد شتێکی پێچەوانە روودەدات. تۆ بڵێی من شتێکی دیم بەهەڵە نەکردبێتەوە. کەمێک لە شوێنی خۆم جوڵام و تەماشایێکی پێشی تیڤییەکەم کرد و دەستێکم بە ناسکی بەسەر شاشە ساف و لووسەکەیدا هێنا، دڵنیابووم کە من لەبەردەم تەلەفیزۆنێکی خاڵی خاڵیدام و هیچی تیا نییە، هەر هیچ. ئیدی مات و سەرسام بۆ خۆم لەو چۆڵەوانییەم دەڕوانی لەناو تەلەفیزۆنەکە دا پەرش و بڵاوبووبۆوە. ئێ باشە ئەو هەموو خەڵکە لەکوێوە هاتوون. ئەی ئەو منداڵە بچکۆلەیە لەکوێوە هات بۆ ماڵێ ئێمە. من دواتر بە پەلەپروسکێ سەرقاڵبووم بە بەستنەوەی ئەو پارچە تەختەیەوە کە لە پشتی تیڤییەکەم کردبۆوە و هەرچیم دەکرد بۆم رێک نەدەخرایەوە. ترسام ماڵەوە بگەڕێنەوە و بە نهێنی کرانەوەی تیڤییەکە بزانن و گوڵمەزێکم پێ بگێڕن. هێندە شڵەژابووم، بۆ خۆشم نەمدەزانی چۆن تەلەفیزۆنم گرێ داوەتەوە و خستومەتەوە شوێنی خۆی. ئێوارە ئەو کاتەی ماڵەوە هەموویان گەڕابوونەوە، منیش بە کۆڵێک ترسەوە لەناو تاقی پەنجەرەکە هەڵکورمابووم و تەماشای باوکم دەکرد سەرقاڵی ئەوە بوو تیڤییەکە هەڵبکات. من هێندە پەشۆکا بووم، هەر ئەوەندەی تۆزێکم لێ مابۆوە. جارجارێک خەریکبوو لەبەرخۆمەوە لە ترسان هاوارێک بکەم و بدەمە پڕمەی گریان. تەلەفیزۆن هەڵبوو، وێنەیێکی سپی و خۆڵەمێشی و پاشان کەمێک رەشاییش تێکەڵ بە خشەخشێکی کورت بوو. دواتر دەنگی مەلایێک هات کە بەباشی نەمدەزانی چی دەڵێ. زۆر تێنەپەڕی خۆشییەکم تێگەڕا و نیگەرانیش هێواش هێواش لە گیانم دەهاتە دەرێ، بەڵام هەر زوو جارێکی تر لە خۆم پرسی، ئێ باشە ئەو هەموو خەڵکە لە کوێوە گەڕانەوە بۆ ناو ئەو تیڤییە بچکۆلەیەی، کە هەر هێندەی قەفەزێكی بچکۆلانە دەبێت. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن