هەواڵ

بڕیارده‌رى ئەنجومەنی سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵی ئیسلامی: گرنگ دەبوو ئیسلامییه‌كان له‌ حكومه‌ت به‌شداربوونایه

09:56 - 02/08/2019 91 جار خوێندراوەتەوە

سازدانى: زه‌مه‌ن

 

سه‌باره‌ت به‌ پرسى به‌شداری پێنەکردنی ئیسلامییه‌كان له‌ كابینه‌ى نوێ و كارى هاوبه‌شى ئه‌و لایه‌نانه‌و كۆنگره‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى، “زه‌مه‌ن” ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ شوان رابه‌ر، بڕیارده‌رى ئەنجومەنی سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان ئەنجامداوە.

* له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 30ی ئه‌یلولی ساڵی رابردوو، كۆمه‌ڵی ئیسلامی مه‌یلی به‌شداریكردنی هه‌بوو له‌كابینه‌ی نۆیه‌م، هۆكاری ئه‌وه‌ چی بوو كه‌ كۆمه‌ڵ ویستى به‌شداریكردنى هه‌بوو نه‌ك ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن؟
- هه‌رگیز كۆمه‌ڵی ئیسلامی نه‌یوتووه‌ به‌شداری له‌حكومه‌ت ده‌كه‌ین، به‌ڵكو وتویه‌تی چاوه‌ڕێی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت و شێوازی پێكهێنانی ده‌كه‌ین. له‌كۆتاییشدا كۆمه‌ڵ به‌رنامه‌ی حكومه‌ت و شێوازی پێكهێنانه‌كه‌ی به‌دڵ نه‌بوو بۆیه‌ به‌شداری له‌حكومه‌تدا نه‌كرد. 


 * كۆمه‌ڵی ئیسلامی چه‌ند جارێك و له‌چه‌ند وێستگه‌یه‌كی جیاوازه‌وه‌ ئه‌وه‌ی راگه‌یاند ئه‌وان وه‌ك چاوه‌ڕوانی سڵاوێكی پارتین، به‌ڵام پارتی ئه‌و سڵاوه‌ی نه‌كرد، پێتانوایه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ چییه‌ كه‌ پارتی به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵ بێباك بوو؟
-پارتی باسی پێكهێنانی حكومه‌تی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵدا كرد، به‌ڵام كۆمه‌ڵ به‌و باسكردنه‌و شێوازه‌كه‌ی رازی نه‌بوو، ده‌ره‌نجام به‌شداری له‌و حكومه‌ته‌ نه‌كرد. له‌ناو پارتیشدا خه‌ڵكێك هه‌بوو حه‌زى ده‌كرد كۆمه‌ڵ به‌شداری حكومه‌ت نه‌كات. به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی خۆیان ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵ بێهێز ببێ. كۆمه‌ڵ پێشتر له‌حكومه‌ت كشایه‌وه‌ له‌سه‌ر زۆری كه‌موكوڕی له‌حكومه‌ت و هەبوونی رێژه‌یه‌كی زۆری گه‌نده‌ڵی. له‌ماوه‌ی رابردوو كۆمه‌ڵ هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر خراپه‌كارییه‌كانی حكومه‌ت توندبوو. بۆیه‌ خه‌ڵكێك حه‌زی ده‌كرد وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ك رێگه‌ نه‌ده‌ن كۆمه‌ڵ به‌شداری له‌حكومه‌ت بكات. به‌ڵام كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ناو حكومه‌تبێ یا له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت كاری خۆی ده‌كات و خزمه‌تی خۆی به‌خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات. كۆمه‌ڵی ئیسلامی خاوه‌نی متمانه‌و جه‌ماوه‌ر و سه‌نگی خۆیه‌تی. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دژایه‌تیشی بكرێت له‌كارو خه‌باتی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێ و پشت به‌خوا به‌رده‌وامیش له‌گه‌شه‌كردنداین.


 * كۆمه‌ڵ تا دوایین چركه‌سات چاوه‌ڕێ بوو به‌شداری بكات له‌كابینه‌دا، به‌ڵام دوایی بێ هیوا بوو ئینجا رایگه‌یاند ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن، به‌بۆچوونی تۆ ده‌توانین كۆمه‌ڵ ناو بنێین ئۆپۆزسیۆنێكی ناچاریی؟
-كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئاره‌زووی له‌به‌شداری كردن نه‌بووه‌ له‌حكومه‌ت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر زۆر مه‌به‌ستی بوایه‌و ئاره‌زووی لێبوایه‌ رێگه‌ی له‌پێش بوو. چونكه‌ پارتی هاته‌ لای كۆمه‌ڵ و ده‌روازه‌ی به‌شداریكردنی كۆمه‌ڵی كرده‌وه‌ له‌حكومه‌ت. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی پارتی لێی ده‌ترسا ئه‌وه‌ بوو كه‌ داوا له‌كۆمه‌ڵ بكات به‌شداری حكومه‌ت بكات و كۆمه‌ڵیش ره‌تی بكاته‌وه‌ به‌شداری له‌حكومه‌ت بكات.


* عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ له‌دوای سوێندخواردنی كابینه‌ی نۆیه‌م رایگه‌یاند هیوادارین كابینه‌ی نۆیه‌م كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات و ئێمه‌ش ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌ین، له‌كاتێكدا هه‌ر هێزێك له‌ته‌واوی دنیا كه‌ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ی به‌دڵ نییه‌ بۆیه‌ بووه‌ته‌ ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام كۆمه‌ڵ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و عورفه‌ ده‌یه‌وێت به‌رنامه‌ی حكومه‌ت جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێ؟
  -كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان ده‌یه‌وێ له‌هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌كردنیدا ره‌چاوی دادپه‌روه‌ری بكات و به‌خراپ بڵێت خراپ و به‌باشه‌ش بڵێت باش. كۆمه‌ڵ چاكه‌و خراپه‌ی خه‌ڵكی له‌به‌رچاوه‌. ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵ خێر و خۆشیمان بۆ خه‌ڵك ده‌وێ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌حكومه‌تیشدا نه‌بین یاخود له‌حكومه‌تیش رازی نه‌بین، پێمانخۆشه‌ حكومه‌ت له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك خزمه‌تی باشی خه‌ڵك بكات.


*  بێجگه‌ له‌كابینه‌ی یه‌كه‌م، هێزه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ته‌واوی كابینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمدا به‌شداربوون، به‌ڵام یه‌كه‌مجاره‌ له‌دوای حه‌وت كابینه‌ی دیكه‌ ئه‌مجاره‌یان هێزه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تن، ئێوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ بوونی هێزه‌ ئیسلامییه‌كان چۆن لێكده‌ده‌نه‌وه‌؟
-لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانی كوردستان به‌ئاره‌زووی خۆیان به‌شدارییان له‌حكومه‌تدا نه‌كردووه‌. ئه‌گه‌رنا مافی خۆیان بوو به‌شداری پێكهێنانی حكومه‌تدا بكه‌ن. چونكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێناوه‌. به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ئیسلامییه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن. ئامانجی به‌شداریكردنیشمان له‌هه‌ر كابینه‌یه‌كی حكومه‌ت په‌یوه‌سته‌ به‌خزمه‌تكردنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر بێ ویژدانیش نه‌كرێت شوێن ده‌ستی ئیسلامییه‌كان له‌خزمه‌تكردنی خه‌ڵكدا دیاره‌ ئه‌گه‌ر له‌ناو حكومه‌ت بوبن یاخود له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت. 


 * ئایا گرنگ بوو هێزه‌ ئیسلامییه‌كان یه‌كێكیان به‌شدار بونایه‌ له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم؟
 - به‌ڵێ بێگومان به‌شداریكردنی لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان گرنگی خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ كه‌سایه‌تییه‌ ئیسلامییه‌كان ئه‌گه‌ر پله‌و پۆستیان له‌حكومه‌ت وه‌ربگرتایه‌ خزمه‌تی باشییان ده‌كرد، چونكه‌ كه‌سانی خزمه‌تگوزار و سه‌ر راستن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا.


* له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئیسلامییه‌كانی دیكه‌ به‌رنامه‌ی كاری هاوبه‌شتان هه‌بوو، ئێستا ئه‌و به‌رنامه‌یه‌تان گه‌یشتووه‌ته‌ كوێ و ئاستی هاوكاری و كاركردنتان له‌چ ئاستێكدایه‌؟ 
 -له‌ئێستادا هێزه‌ ئیسلامییه‌كان به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان له‌نێواندا نییه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندی، هه‌میشه‌ نێوانی هێزه‌ ئیسلامییه‌كان باش بووه‌و هاوكاری یه‌كتر ده‌كه‌ن له‌زۆربه‌ی ئاسته‌كاندا.


* كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ماوه‌ی رابردوو به‌شێك له‌كادیرانی له‌هه‌ولێر ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌، ئێستا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ كادیره‌ ده‌ست له‌كاركێشاوه‌كان له‌گفتوگۆدایه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو كۆمه‌ڵ؟
- ئه‌وه‌ بابه‌تێكی ناوخۆی حزبییه‌، كۆمه‌ڵی ئیسلامی رێز له‌بۆچوونی جیاواز ده‌گرێت. كه‌ ئه‌ندامه‌كانی ده‌ریده‌بڕن، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌ندام و كادیرانیش به‌بڕیار و پره‌نسیپه‌كانی حزبه‌وه‌ پابه‌ند بن. كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌ر شتێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی خزمه‌تكردنی ئه‌ندامانیبێ  ئه‌نجامی ده‌دات. له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌ندامان و كادیرانیش ده‌بێت ره‌چاوی بارو دۆخی ناوخۆیی حزب بكه‌ن.


*كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ستنی كۆنگره‌ی له‌پێشه‌ ئه‌و كۆنگره‌یه‌ی كۆمه‌ڵ ته‌نیا كۆنگره‌یه‌كی ته‌قلیدی ده‌بێ یا به‌رنامه‌ی گۆڕانكاری ریشه‌ییتان هه‌یه‌؟
- پێش كۆنگره‌ هیچ شتێك یه‌كلایی ناكرێته‌وه‌. ته‌نیا تاوتوێی شته‌كان ده‌كرێت و ئاماده‌كاری ده‌كرێ تا ته‌واوی پرسه‌كان به‌ده‌نگدان له‌كۆنگره‌ یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌. كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ناوخۆیدا كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نییه‌ بۆیه‌ به‌ئاسانی بڕیاری به‌ستنی كۆنگره‌ی داوه‌. دڵنیام كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی شتی باش به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ. چونكه‌ كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵ، كۆنگره‌یه‌كی ئازاد ده‌بێ و ئه‌ندامانی كۆنگره‌ به‌ئازادانه‌ بۆچوونه‌كانی خۆیان ده‌رده‌بڕن و به‌ئازادانه‌ش ده‌نگ ده‌ده‌ن له‌سه‌ر هه‌ر شتێك به‌باشی ده‌زانن.


 * ئه‌میری كۆمه‌ڵ له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا باسی له‌وه‌ كردووه‌ ئاساییه‌ له‌كۆنگره‌ پاشگری ئیسلامی له‌ناوی كۆمه‌ڵ بكرێته‌وه‌، له‌كۆنگره‌دا به‌رنامه‌یه‌كی واتان هه‌یه‌ یا ته‌نیا بۆچونێكی تایبه‌تی ئه‌میری كۆمه‌ڵ بوو؟
-تائێستا هیچ شتێك یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌. هه‌ر شتێكیش له‌كۆنگره‌ پێشنیار بكرێت، هه‌ر له‌وێش له‌رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن