هەواڵ

دوایین نوێنەری ئــــــــــــەدەبی حوجرە

06:55 - 01/08/2019 157 جار خوێندراوەتەوە

بەختیار حەمەسوور

حوجرە سەر بە ئایینی ئیسلامە، وەک چۆن لە ئایینی مەسیحی و موساییدا دێر و میدراش هەن ڕۆڵی قوتابخانە دەگێڕن و وانەی تایبەت بە هەریەک لەو ئایینانەی تێدا دەخوێنرێت، حوجرەیش هەمان ڕۆڵی گێڕاوە، زانستەکانی دین و ئەرکەکانی ئیسلامی تێدا خوێندراوە. حوجرە، وەک دامەزراوە و ناوەندێک بۆ ئیرشاد و پێگەیاندن، لە کوردستان، بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هاتنی ئیسلام؛ خەلیفەی دووەمی مسوڵمانان، عومەری کوڕی خەتتاب. قۆناغەکانی هاتنی ئیسلام و داگیرکردنی کوردستان بە یەکجار نەبووە، بەڵکوو کۆمەڵێک قۆناغی بڕیوە و سەرەتایش لە باکووری کوردستانەوە دەستی پێکردووە، پاشان بەرەو ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و دواتریش باشوور، کوردان لە زۆر شوێندا ڕووبەڕووی سوپای عەرەبان بوونەتەوە، وەک لە کۆیە (دۆڵی ئەسحابان)، قەڵادزێ (گردی شەهیدان)، هەڵەبجە (گوندی عەبابەیلێ)، سلێمانی (ئەسحابەسپی)، شەڕی خوێناوی لە نێوان هەردوولادا ڕوویداوە و ئەنجام، بە سەرکەوتنی سوپای ئیسلام شکاوەتەوە. پڕۆسەی داگیرکردن و سڕینەوەی ئەویتر چەندین سەدە درێژەی کێشاوە. دوای شەڕی چاڵدێران لە ‘١٥١٤ ز’ـدا، لە نێوان سەفەویی و عوسمانییەکان، دەستکرا بە دابەشکردنی خاکی کوردستان، بە هۆی سەرقاڵی جەنگە خوێناوییەکانی عوسمانی و شکستخواردنیان لە داگیرکردنی ڤیەننا، نەگەیشتنە ڕۆژئاوای ئەورووپا، لە ساڵی ١٦٨٣ـدا گەڕانەوە ڕۆژهەڵات و هەموو قورسایی دەسەڵاتیان بەسەر گەل و نەتەوە جیاکاندا سەپاند، یەکێک لەو گەلانە، کورد بوو، لەو کاتەوە کوردستان کەوتە بەر داگیرکاریی عوسمانییەکان و ئایینی ئیسلام گەیشتە ئینج ‌بەئینجی شار، قەزا، ناحیە و گوندە تەریک و دوورکەوتەکانیش. هاتنی ئەم ئایینە، هەژموون و زاڵبوونی کولتووری ئیسلامی عەرەب بوو بەسەر کۆمەڵگە و ئایینی کوردیدا، کە لەو کاتەدا ئایینی زەردەشتی بوو، زمانی عەرەبی وەک زمانێکی پیرۆز و ڕەسمی ناسێنرا، جۆرێک لە بیرکردنەوە، ڕوانین و پێوەر جێگیر بوو، سەرجەم نەتەوە جیاوازەکان لە یەک دەوڵەتدا کە ئیسلام پێشەوای بوو؛ توانەوە و یەکسان کران: «وجعلنکم شعوبا وقبائل لتعارفو، ان اکرمکم عند اللە اتقاکم.»[١]
کاتێک ناوی حوجرە لە ناوە کۆنکرێتییە دینییەکەی دەرکێش دەکەین و وەک گشتێکی سەربەخۆ و جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، لە فەزای ئەدەبیاتدا ڕایدەگرین و ناوی ‘ئەدەبی حوجرە’ـی سەر دەخەین، دەبێت نیگاو تێڕوانین و خوێندنەوەیشمان بەو ئاراستەیەدا بگۆڕدرێت و لە سنوور و چوارچێوەکانی ئایین بترازێت و بەرەو فراوانی و کشان بچێت. ئەدەبی حوجرە هەموو ئەو نووسراوانە دەگرێتەوە لە بازنەی ئەدەبدا جێیان دەبێتەوە، بە شیعر و پەخشانەوە. کاتێک ئەدەبی حوجرە دێتە ناو ئەدەبی کوردییەوە، هاوکاتی کۆمەڵێک شت دەبێت، بۆ وێنە: ئەدەبی حوجرە بە نوختەی دەستپێکی ئەدەبی نووسراوی کوردی دادەنرێت، ئێمە بەر لە ئەدەبی نووسراو، ئەدەبێکی دەوڵەمەند و بەبڕشتمان هەیە، کە دەتوانین سەرجەم لکوپۆکانی لەژێر چەتری ‘ئەدەبی زارەکی’ـدا گردوکۆ بکەینەوە، بەر لە ئەدەبی حوجرە، هەوڵەکان لە بواری ئەدەبی نووسراودا تاکوتەران و زمانی کوردی زیادتر لەوەی کەوتبێتە سەر ڕووپەڕی کتێب، کەوتووەتە سەرزار و سینگاوسینگ هاتووە، بەڵام کە ئەدەبی حوجرە دێت، هەم پەرە بە ئەدەبی نووسراو دەدات، هەم قۆناغێکیش لە ئەدەبی کوردی دەچەسپێنێت، کە ئەدەبی کلاسیکە، هاوکات زمانێکیش جێگیر دەکات، کە وردەوردە دەبێت بە زمانی ستاندارد و جێکەوتە دەبێت. هەر لە ئاستانەی مزگەوت و حوجرەدا، سەدان زانا، شاعیر و مەلا پێدەگەن، ئەم قوتابخانە ئایینییە بەچڕی ڕۆڵی لە خەمڵینی مەعریفیاندا دەبێت.
٢
سەدەی هەژدە و سەدەی نۆزدە، وەک سەرەتایەکی تۆکمە بۆ هاتنی حوجرە و ئەدەبیاتەکەی دەستنیشان دەکەین، ئەم مێژوووە هاوکاتە لەگەڵ دامەزراندنی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٧٨٤ـدا، هاوکاتیشە لەگەڵ دروستکردنی ‘مزگەوتی گەورە’ بە ساڵێک پاش بونیادنانی شارەکە و بوونی هەردوو تەریقەتی قادریی و نەقشبەندیی. شێوەزمانی سلێمانی لە هەناوی میرنشینی بابان و لەسەر دەستی زانا و شاعیرانێکی وەک “مەلامحەمەدی سیوچی، شێخ حسێنی قازی، شێخ مارفی نۆدێ و مەولانا خالیدی نەقشبەندیی” چووزەرە دەکات، شاعیرانی سێکوچکە: “نالی، سالم و کوردی” ئەم شێوەزمانە بەرەوپێش دەبەن و دەیچەسپێنن. کۆی ئەم جووڵە ئەدەبی و زمانییە لەناو حوجرەدا هەڵدەقوڵێت و دەتەقێتەوە. لە حوجرەدا، شیعر دەبێت بە کۆڵەگەیەکی سەرەکی، ڕۆژانە سوختە، فەقێ، موستەعید و مەلاکان مشتومڕی لە بارەوە دەکەن، ئەم ئەدەبە لە چوارچێوەی ئەدەبی ئیسلامیدا خول دەخوات و پابەندە بە چوارچێوە و بنەماکانی عەرووز و بەلاغەتەوە. ئەدەبی حوجرە ئەدەبی دەستنووس، بەیاز و کەشکۆڵە، بە درێژایی چەند سەدە، ئەم ئەدەبە درێژە دەبێتەوە و نەفەس دەکێشێت، بە جۆرێک، لەسەر تاقی هەر مزگەوت، خانەقا، تەکیە و دیوەخانێک، دەستنووسێکی شیعر، پەخشانێکی دینی جێدەمێنێت.
ئەمڕۆ تاسە و مەیلێکی زۆر بۆ ئەدەبی نوێ و مۆدێرن دەبینرێت، بە جۆرێک کە ڕاست‌وچەپێکی میکانیکی بەسەر ئەدەبی پێشیندا دەهێنرێت، ئەوی ئەمڕۆیی نەبێت پشتگوێ دەخرێت، ئەمە دیاردەیەکی دزێووە، لە هیچکام لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا وەها کارێک نابینرێت، ئەوان بەردەوام دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتا و ئەدەبی کۆن و کلاسیک، ئەمە مانای ستایش و پیرۆزکردنی ئەدەبی کۆن نییە، بەڵکوو بەو واتایەی ئەدەبی ئەمڕۆ ئەدەبێکە لە هەناو ئەدەبی دوێنێدا ڕسکاوە، ئەدەبی ئەمڕۆ شتێکی هەڵتۆقیو و بێبنەما نییە، ئەدەبی مۆدێرن بەبێ ئەدەبی کۆن ژێرپێی بۆش و بەتاڵە، لە هەر ساتێکدا ئەگەری بەربوونەوەی بەرەو خەرەند و لەناوچوون هەیە، هەر خۆبواردنێک لەم ڕاستییە سادەیە، جگە لە خۆگێلکردن شتێکی تر نییە.
٣
مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی تەکیەی سەر بە قەرەداغ لەدایکبووە. هەر لە منداڵییەوە دایک و باوکی مکووڕ بوون لەسەر ئەوەی بخوێنێت و ببێت بە مەلا و کەسێکی پایەبەرز، بەڵام تا سێی سەرەتایی خوێندووە و دابڕاوە، دواتر بە هەوڵی خۆی دەستی پێکردووەتەوە و پلەبەرزەکانی مەلایەتی بڕیوە و ئینجازەی وەرگرتووە. ناسین و بینینی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس لە ساڵی (١٩٦٦ - ١٩٦٧) لە بەغداد، یەکێکە لەو ڕێکەوتە دەگمەنانەی تەواوی ژیانی ڕۆشنبیریی و ئایینی لەسەر ئاوا دەکات، لە دیدارێکدا، مامۆستای مودەڕڕیس وەک «باوکێکی ڕۆحی»[٢] وەسف دەکات، لەم پەیوەندییە بەرهەمگەلێکی زۆر لە نووسین و پێداچوونەوە و ڕاوێژ و خەڵوەتکێشی دەکەوێتەوە.
کارەکانی مامۆستا محەمەد عەلی بە شێوەیەکی گشتی تایبەتە بە کۆکردنەوە، ساخکردنەوە و لێکدانەوەی ئەدەبی حوجرە، ئەم ئەدەبەیش لە شیعر، پەخشان، نامە، یادەوەریی، شەجەرە، بەڵگەنامە، ئیجازەنامە، قورئان، تەفسیر، خەتخۆشیی و... خۆی دەبینێتەوە، لە کۆنترین و دوورترین جێیەکانەوە بۆ ئێرە و ئێستە. سەرەتای ئەم پڕۆژەیەی مامۆستای قەرەداغی بۆ ساڵی (١٩٧٣ - ١٩٧٤) دەگەڕێتەوە، یەکەم شاعیر کاری لەسەر کردووە، “وەفایی”ە، یەکەم دەستنووسیش عەقیدەیەکی بچکۆلەی مەولەویی بووە. مامۆستا محمەدعەلی ئەندامی کارای ئەکادیمای کوردییە و تا ئێستە کاری لەسەر سەدان دەستنووس و کەشکۆڵی ون و کۆنی کوردیی کردووە، خەرمانێک کتێبی لەو بوارەدا بە چاپ گەیاندووە، سەرجەم کتێبەکانی (٤٧) کتێبن، تێیدایە (٩) بەرگە، هەروەک چۆن (٨، ٧، تا ٢-٣) بەرگیشی تێدایە، بە تێکڕا دەگاتە (٧٠) کتێب. زمانی دەستنووس و کەشکۆڵ و بەیازەکان بە زۆری فارسی و عەرەبین، کەمێکیش کوردییان تێدایە، مامۆستا لەپاڵ پێوانی درێژیی و پانیی هەر دەستنووس و کەشکۆڵێک، هەوڵی ساخکردنەوە و لێکدانەوەی ناوەڕۆکیشی داوە. هەردوو پڕۆژەکتێبی «بووژاندنەوەی مێژووی زانایانی کورد لە ڕێگەی دەستخەتەکانیانەوە» و «کەشکۆڵی کەلەپووری ئەدەبی کوردی»، سەرومڕ تایبەتن بە ئەدەبی حوجرە، یەکەمیان تا ئێستە (٩) بەرگی لێ چاپ بووە و دووەمیشیان (٨) بەرگ. لەم دوو پڕۆژەیە و کارەکانی تریشدا، ناوی چەندین شاعیر و زانا و مامۆستای گومناو لە سەرجەم بوارەکاندا هاتوون، دەستخەت، ژیان و بەرهەمیان خراونەتە ڕوو، خاڵی هاوبەشی ئەم بەرهەمانە ئەوەیە دەرچووی حوجرەن و لە حوجرەدا پێگەیشتوون و بەرهەمەکانیشیان ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی کەشوهەوای حوجرە و چوارچێوەکانی ئەو ئەدەبەیە.
کۆکردنەوە و ساخکردنەوەی دەستخەت، کەشکۆڵ و بەیاز کارێکی ئاسان و سەرپێیی نییە، بەڵکوو پشووچکێن و گرفتگەلێکی تایبەت بە خۆی هەیە، دنیای پێشکەوتووی ئەمڕۆ لە کایەی دیجیتاڵ و تەکۆنۆلۆژی زۆر بە هانای ئەو گرفتانە ڕاناگات و یارمەتیدەر نییە. «دەستپاکیی و ئەمانەت مەرجێکی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی دەقە کۆنەکانە.»[٣] حەکایەتی ساختەیی و گزیی لە دەستنووس و دەقی کۆن و فرۆشتنەوەیان بە نرخی خەیاڵی، هێجگار زۆرە، دەبێت لێکۆڵەر زیرەکانە درکی ئەم حاڵەتە بکات و نەکەوێتە داوەوە، چونکە کارەکەی ئەم ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مێژووی ئەدەبی نەتەوەوە هەیە. یەکێکی تر لەو گرفتانە، خودی دەستخەتە لەسەر ڕووپەڕی کەشکۆڵ و بەیازەکان، دەستخەتگەلێک بە شێوازی کۆنن، کلک و سەری پیتەکان لوول و پێچیان خواردووە و بەیەکداچوون، خوێندنەوە و ساخکردنەوەیان لەمڕۆدا کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە شارەزایی و لێزانییەکی زۆرە لە هونەرەکانی خەتخۆشی و ناسینەوەی خەتەکاندا، پاشان لە کڕین و دەستخستنی دەستنووسەکانەوە تا دەگات بە تێکچوونیان بە هۆی خراپهەڵگرتن و شێ و پێکەوەنووسانی پەڕەکانەوە، نابەڵەدی کەشکۆڵنووس و هەڵەی نووسینەوە، تەڕیی، کاڵبوونەوەی خەتەکان، بەرکەوتنی زەبر، داکەوتنی لاپەڕە، پواوی، پەڕپووتی، پچڕانی شیرازە، دڕان و... لەو گرفتانەن کە دێنە بەردەم ئەو کەسانەی لەم بوارەدا کار دەکەن، وەک مامۆستا محەمەدعەلی لە بەرگی پێنجی کەشکۆڵەکەیدا لە دەربڕینێکی شاعیرانە دەڵێت: «کاتی خوێندنەوەی (ئەم کەشکۆڵانە) وەک ئەوەیە لەژێر هەوری تەنکدا بۆ مانگی یەکشەو بگەڕێی.»[٤] خاڵێکی تر، وەک گرفت، هەڕەمەکی و بێسەروبەری دەستنووس و کەشکۆڵەکانە، لەم لایەنەوە هیچکامیان ڕێک نەخراون و هەڵڕژاون، پێویستییان بە ڕێکخستن و ڕیزبەندی هەیە، لە ڕووی ساڵ و ژمارە و ڕووداو و بایەخەوە، پاشتر پاراستنی ئەو شێوە قەدیمییەی دەقەکەی پێ نووسراوە، لە ڕووی تۆن و ئەکسێنت و دەربڕینەوە، واتە لە کاتی ڕاگواستنی دەستنووسەکاندا دەبێت ڕەچاوی ئەو بارە زەمانی و زمانییە بکرێت دەقەکەی تێدا نووسراوە، تەنانەت پارێزگاری لەوەیش بکرێت کاتێک دەقەکە دەهێنینە سەر ئیملا و ڕێنووسی ئەمڕۆ، زیان بە شێوە بنەڕەتییەکەی نەگەیەنرێت، هەوڵ بدرێت وەک خۆی دابڕێژرێتەوە، وێنەی ئۆرجیناڵی دەستنووس و بەیازەکان وەک بەڵگە و دایکۆمێنت لەگەڵ دەقە ساخکراوەکەدا دابنرێت، بۆ ئەوەی «خوێنەر بتوانێت لە ڕووی ئەم دەقانەوە سەرنجی ڕەنجەکەمان لە ڕاستکردنەوە و هێنانەسەر ڕێنووسی دەقەکاندا بدات و بتوانێت ئەویش بەشی خۆی بخاتە سەر ڕەنجەکەی ئێمە ئەگەر لە بۆچوونەکانماندا بەهەڵەدا چووبین.»[٥] لەو کتێبانەی مامۆستای محەمەدعەلی کە لەبەر دەستمدان، بە لایەنی زۆرەوە ئەم خاڵانەیان تێدا ڕەچاو کراوە و دەرفەت بۆ خوێنەر و لێکۆڵەران سازێنراوە، زیادە و باری سەرنجی خۆیانی بخەنە سەر. ئەمڕۆ نووسەرانێک: ڕێبوار سیوەیلی، محمەد حەمەباقی، ئەنوەر قادر محەمەد، مامۆستا جەعفەر، ڕەووف عوسمان، ئەحمەدی مەلا، بووشرا کەسنەزانی و... دێن بە میتۆدی هاوچەرخ، کار لەسەر شیعری کلاسیک، وەک لقێک لە ئەدەبی حوجرە، دەکەن، لەم مەیدانەدا بەرهەمگەلێکی ناوازەیشیان پێشکەشکردووە، بەڵام ئەو لێکۆڵەرانە ڕووبەڕووی هیچ یەک لەو گرفتانەی سەرەوە نابنەوە، ئەوان دەقگەلێکی ساخکراوەیان لەبەر دەستە، دێنە ناو خانوویەکەوە کە کاری دروستکردنی تەواو بووە، بەڵام کاری مامۆستایانی پێشین و ئێستە: مامۆستا محەمەدعەلی، گەلێک گران و بەزەحمەتە، ئەمان لەسەر داروپەردوو خانوو بینا دەکەن، دەستنووس و کەشکۆڵە شپرزە و پرتووکاوەکان دێننە سەر شێوەی کتێب و دەیخەنە بەردەستی ئێمە.
٤
مامۆستا محەمەد عەلی، لە بەرگی نۆی بووژاندنەوەکەیدا بابەتی سەرەکی باسەکان لە دوو خاڵدا دیاری دەکات: (یەک): بابەتی حوجرە و مەدرەسەکانی کوردستان، کە تاکە سەرچاوەی ڕۆشنبیریی گەلی کوردن. (دوو): دەستخەتی قورئان و شوێنەواری مامۆستایان و زانایانی کورد. بە بڕوای مامۆستا «لە ڕووی نووسینەوەی مێژووی حوجرەوە دەتوانین بگەینە مێژوویەکی پڕشکۆی هەوڵی زانایانی کورد و ڕەشەخەڵکی کوردستان، کە چۆن یەکەمیان هەوڵی فێربوون و بڵاوکردنەوەی زانستیان داوە و دووەمیشیان چۆن بە بەخششی بێسنووریان ژیانی حوجرە و فەقێ و مەدرەسەکانیان دابین کردووە.»[٦] لە بەرگی پێنجی کەشکۆڵەکەیدا دەڵێت: «لای هەر کەسێک هەواڵی بوونی دەستخەت و کەشکۆڵم بیستبێت، چووم بەدەمیەوە.»[٧] هەروەها کارەکەی بە دروێنە و خەرمانکوتان دەچوێنێ و دەڵێت: «وەرزێر گوێ نادات بەوەی خەلەوخەرمانەکەی(دەغڵەکەی) چی تێدایە، دڕک، پۆلکە، مڕە، گرنگ کۆکردنەوە و نەفەوتانە، بۆیە ڕەنگە هەندێ لەم کەشکۆڵانە بایەخی ئەوتۆیان نەبێ، بەڵام وەک بەشێک لە مێژووی ونبووی ئەدەبیات و کولتوور و سامانی کەلەپووری کورد هێجگار بەبایەخن»[٨] لەم پڕۆژەی دەستنووسکۆکردنەوەیەدا، مامۆستا محەمەدعەلی جەخت لەسەر ئەو دەقانە دەکات کە هێشتا بڵاو نەکراونەتەوە و یەکەمجارە لەسەر دەستی ئەم بڵاو دەبنەوە، خودی ئەم کارە بەبایەخە دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە تا هەنووکە دیوانی شاعیران و نووسەرانی کورد کۆ نەکراوەتەوە، ئەوەیشی کۆکراوەتەوە و چاپ بووە، ناتەواوە، تەنیا لە ڕایەڵی کۆکردنەوەی سەرومڕی دەستخەت و کەشکۆڵەکانەوەیە دەگەینە کۆکترین و تەباترین مێژووی ئەدەبی کوردی، دەتوانین بەو مێژووە ئەدەبییەیشدا بچینەوە کە پێشتر نووسراوەتەوە، ئاشکرایە ئەو مێژووە مێژووییەک نییە لەبەر ڕۆشنایی سەرجەم ئەدەبی کوردیدا نووسرابێتەوە، بەڵکوو تەنیا پشتی بەو دەقانە بەستووە کە لەو کاتەدا بەردەست بوون، کاتێک تەماشای هەریەک لەو مێژوانە دەکەین، کە نووسەران و پسپۆڕانێک نووسیویانەتەوە، دەبینین زۆرێک لەو دەق و پارچەشیعر و پەخشانانەی کەوتوونەتە ناو بەرگەکانی مامۆستا محەمەدعەلییەوە، لەوێدا نین و نەدیو گیراون، بۆیە دەرفەتێکی گونجاو و لەبارە بۆ توێژەرانی مێژووی ئەدەبی کوردی، لەمڕۆدا مێژووییەکی تر بنووسنەوە، کە تێیدا ناوگەلێکی زیادتر بۆ سەر ئەو مێژووە زیاد دەبێت و دەقگەلێکی تریش دەخرێتە بەرچاو.
مەبەستەکەمان بە نموونەیەک دەخەینە بەرچاو: سەرەتای پەخشانی کوردی؛ مامۆستا محەمەدعەلی کتێبێکی ئامادە و چاپ کردووە بە ناوی «بەیتی ئەووەڵ و ئاخر»[٩]، دانراوی مەلامحەمەدی سیوچییە، مێژووی ئەم دەقە دەگەڕێتەوە بۆ دووهەزار ساڵ لەمەوبەر، بە پێی ئەم دەقە پەخشانەییەی لەم کتێبەدا هاتووە و مامۆستا محەمەدعەلی قەرەداغی بە وردی لێی کۆڵیوەتەوە، دەبێت مێژوویەکی نوێتر لەو مێژووەی نووسەرانێکی وەک عەلاددین سوججادی، د. مارف خەزنەدار، عەزیز گەردی و... بۆ سەرەتا و دەستپێکی پەخشانی کوردی دەستنیشانیان کردووە و چەسپاندوویانە، دەستنیشان بکەینەوە و بچەسپێنینەوە و بیر لە مێژوویەکی تازە بکەینەوە و سەرلەنوێ بەو مێژووە جێگیرەدا بڕۆینەوە و دایبڕێژینەوە. وەک ئاماژە؛ لە سەرجەم لێکۆڵینەوە و کتێبەکانی مێژووی پەخشانی کوردیدا، ‹مەولوودنامە›ـکەی شێخ حسێنی قازی وەک یەکەم دەقی پەخشان دیاریکراوە، بەڵام ئەم بەیتەی مەلامحەمەدی سیوچی چەند دەیە پێش مەولوونامەکەی شێخ حسێن نووسراوەو لە پێنج نوسخەدا، بە دەستخەتیی ژمارە(٤٤٨) لە کتێبخانەی کۆڕی زانیاری کورد لە بەغداد، پارێزراوە.
زۆرێک لە دیوانەکان تووشی تێکەڵکاری هاتوون، بەوەی دەقی ئەم شاعیر کەوتووەتە دیوانی ئەو شاعیرەوە، یان دەقێکی وەرگێڕاو بە دەقی شاعیر لێکدراوەتەوە و... یەکێک لە هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەرچاوەی پێویست لە بەردەستی ئامادەکار و ساخکەرەوەی ئەو دیوانانەدا، هەروەها بوونی ناو و نازناوی هاوشێوە کە بووتە هۆی چەواشەکارییەکی زۆر، بۆ نموونە مامۆستای قەرەداغی لە چەند جێدا ئاماژە بۆ ئەم دیاردەیە دەکات و نموونەی شاعیرێکی وەک مەولەوی دەهێنێتەوە، کە لە دیوانەکەیدا (٢٣) پارچەشیعر هەیە هیی مەولەوی نین و هی مەولەوییەکی ترن کە لە هەمان سەردەمدا شیعری نووسیوە. یان نازناوێکی وەک ‘شافیعی’، چوار کەس بەم نازناوەوە شیعریان بڵاو کردووەتەوە. زمانی ساخکەرەوە دەبێت زمانێک بێت بە پڕبڕوا بدوێت، نەک زمانێک بێت لەسەر ڕەوڕەوەی ئەگەر و خەمڵاندن هەڵبسووڕێت، ساخکەرەوە تا پڕبڕوایانەتر بدوێت، متمانەی زیادتر دەستەبەر دەکات. لە بەرگی سێی کەشکۆڵەکەیدا، لەپاڵ کۆمەڵێک باسی گرنگ، کەشکۆلێکی زۆر ناوازە لە زمانی کوردییەوە وەردەگێڕێت و بە ناونیشانی «سووچێکی مێژووی بانە لە چەند بەڵگەنامەیەکدا» بڵاوی دەکاتەوە، ئەم بەڵگەنامانە بایەخی مێژووییان هێجگار زۆرە، «سەرجەمی ئەم بەڵگەنامانە لە ڕۆژگارێکی تاریک و تاڵ و دژواری ئەو ناوچەیە دەدوێن و دەتوانین بڵێین لاپەڕەیەکی خوێناوی و پڕناسۆر تۆمار دەکەن.»[١٠] زۆرجار بۆ کەشکۆڵی نووسەرێک زیاد لە سەرچاوەیەکی لەبەر دەستدایە، بۆ نموونە لە بەرگی حەوتی کەشکۆڵەکەیدا، کەشکۆڵی مام ڕەشید هەمەوەندی (١٨٩٨ – ٢٩/٥/١٩٧٥) بەسەر کردووەتەوە، (٨) کەشکۆڵی مام ڕەشیدی لەبەر دەستدا بووە.[١١]
٥
دەتوانین سەدەی هەژدە و نۆزدە بە سەدەی تاوسەندن و گەشەونەشەی ئەدەبی حوجرە دابنێین، ئەویش لەژێر دەسەڵاتی تورکەعوسمانییەکاندا، ئەم تەوژمە هەموو ڕۆژهەڵاتی گرتبووەوە، تەنانەت لە پەلهاویشتندا بوو بۆ ئەورووپا، وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا، ئەمەریکا، ئیسپانیا و... بەڵام لەگەڵ هاتنی سەدەی بیست و هەڵگیرسانی شەڕی یەکەمی جیهانی (١٩١٤ - ١٩١٨)، دەوڵەتی عوسمانی لەسەر دەستی وڵاتانی هاوپەیمان، بە چۆکدا هات و کەوت، لەگەڵ کوژانەوەی دەسەڵاتی عوسمانییەکان زۆر شتیش کوژانەوە و بەرەو خامۆشبوونی هەتایی لێژ بوونەوە، یەک لەوانە حوجرە و ئەدەبیاتی حوجرە بوو، لەبری حوجرە قوتابخانەی عەلمانی و سیکۆلار کرانەوە؛ زمانی کوردی لە مەنهەجدا جێگیر کرا، گوتاری دینی جێی لەق بوو و گوتاری ناسیۆنالیزم کەوتە چەکەرەکردن (حاجی قادری کۆیی بە نموونە)، پشتکردنە کێشی عەرووز و گەڕانەوە بۆ کێشی خۆماڵی (زێوەر، گۆران، ڕەشید نەجیب و...)، پاقژکردنەوەی زمانی کوردی لە وشەی عەرەبی، فارسی و تورکی و هەنگاوێکی گەورەیش بەرەو کوردی پەتی نرا (تۆفیق وەهبی بەگ سەرمەشقی ئەم پڕۆسە بوو)، لەبری جبە، مێزەر، کەوا و سەرپۆش و... چاکەتوپانتۆڵ، بۆینباخ، تەنوورە دەرکەوتن، کەسانی ئەم بەرە تازەیە سەرەتا وەک کافر فەرمەسۆن ناو بران، دواتر لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەیاندا، دۆخەکە ئاسایی بووەوە. لە بیست و سییەکانی سەدەی بیستەمدا، ئینگلیز بەتەواوی هاتنە عێراق و کوردستان، حوجرە زەبری تونتری بەرکەوت و پووکایەوە، «پلانێکی گەورە دژی خوێندنی حوجرە ھەبوو، ھەموو ھەوڵێکیان بۆ ئەوە بوو لە شکۆی خوێندنی حوجرە بدەن، کە لە شکۆی حوجرەت دا، ئەوە لە شکۆی ئیسلامت داوە! ھەموو ئەوەش لەسەر ڕێبازی مستەر کوکی بەریتانی دەچوو بەڕێوە لە سەدەی ڕابوردوودا. بۆ نموونە، مەلا دادەمەزرێندرا بۆ ٧٥٠ فلس، یا بە دینارێک، لە ھەمانکاتدا مامۆستایەکی پەروەردە دادەمەزرێندرا بە ٢٥ دینار! ببینە جیاوازییەکەیان چەندە زۆرە. قۆناغێکی تریش ھەبوو لە ساڵانی ١٩٥٨ – ١٩٥٩ خولێک کرایەوە بۆ مامۆستایانی ئایینی و حوجرە، بە جارێک گسگیان دا لە حوجرەکانی کوردستان و چی تیابوو کردیانە مامۆستای پەروەردە، ئەوەش ھەنگاوێکی تر بوو لە دژایەتیکردنی حوجرە و زانایانی ئایینی.»[١٢] پاش ئەم خامۆشی و سکوونەتەی حوجرە، زانا و ڕۆشنفیکرانێک هاتن کاریان لەسەر ئەو پاشخانە دەوڵەمەندەی حوجرە کرد، لەوانە: بنەماڵەی مامۆستای مودەڕڕیس بە خۆی و کوڕەکانییەوە، عەلاددین سوججادی، شێخ محەمەدی خاڵ، مەسعوود محەمەد، مارف خەزنەدار و... لەگەڵ کۆچی دوایی ئەمانیشدا، دووبارە ئەم نەریتە بەرەو کزیی و کاڵەوەبوون چوو. سەردەمی ئێستە بۆ ئەدەبی حوجرە، سەردەم و خاکێکە کڕێن و بایەر، کە دەتوانین بە قاتوقڕیی ئەدەبی حوجرەیش ناودێری بکەین، هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوە و ساخکردنەوەی ئەو ئەدەبە تاکوتەرا و لێرەولەوێن، مامۆستا محەمەدعەلی قەرەداغی وەک دوادرێژەپێدەر و دوامیراتگری ئەدەبی حوجرە دەبینم، کە خۆی بەتاقی تەنیا بەقەد ئنستیتیووتێک کار دەکات، بەوپەڕی  وردبینییەوە، دەستنووس و کەشکۆڵە تۆزلێنیشتووەکان لە تاریکیی دێنێتە دەرەوە و دەیانخاتە بەر ڕووناکیی لەبیرنەکردن.


سەرچاوەکان:
١-قورئان، سورەتی ‘الحجرات’.
٢-گفتوگۆی گرووپی گوڵنار لەگەڵ محەمەدعەلی قەرەداغی، گۆڤاری ‘لڤین’ ژمارە ‘٣٨٨’ ١/١/٢٠١٩.
٣-بووژاندنەوەی مێژووی زانایانی کورد لە ڕێگەی دەستخەتەکانیانەوە، محەمەدعەلی قەرەداغی، بەرگی شەشەم، دەزگای ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠٠٤.
٤-کەشکۆڵی کەلەپووری ئەدەبی کوردی، محەمەدعەلی قەرەداغی، بەرگی پێنجەم، دەزگای ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠٠٢.
٥-کەشکۆڵ، بەرگی شەش، ٢٠٠٤.
٦-بووژاندنەوەی بەرگی نۆیەم، ٢٠١١.
٧-کەشکۆڵ، بەرگی پێنجەم.
٨- هەمان.
٩-بەیتی ئەووەڵ و ئاخر، دانراوی مەلامحەمەدی سیوچی، لێکۆڵینەوەی محەمەدعەلی قەرەداغی، چاپی یەکەم، چاپخانەی کامەرانی، سلێمانی ١٩٧٩.
١٠-کەشکۆڵی کەلەپووری ئەدەبی کوردی، محەمەدعەلی قەرەداغی، بەرگی سێیەم، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، چاپی یەکەم، بەغداد ١٩٨٦.
١١-کەشکۆڵی کەلەپووری ئەدەبی کوردی، محەمەدعەلی قەرەداغی، بەرگی حەوت، دەزگای ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠١١.
١٢-گفتوگۆی گرووپی گوڵنار...سەرچاوەی دووەم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن