بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا: ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ ملیۆن دینار تێچووی چارەسەری یەک تووشبووی شێرپەنجەیە لە ساڵێکدا
04:29 - 19/07/2025
زەمەن _ سلێمانی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی خوێن لە سلێمانی ڕایگەیاند: خەرجیی چارەسەری یەک تووشبووی شێرپەنجە لە ساڵێکدا ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ ملیۆن دینارە.
ئەمڕۆ شەممە ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٥، لە سیمینارێکدا دامەزراوەی ڤیژن لە سلێمانی، د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا رایگەیاند، خەرجیی چارەسەری یەک تووشبووی شێرپەنجەی مەمک لە مانگێکدا ١٢ ملیۆن و لە ساڵێکدا ١٢٠ ملیۆن دینارە.
ئاماژەی بەوەشدا، گرنگترین رێکار بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە، بریتییە لە پشکنینی پێشوەختە، جەختی لەوەشکردەوە کە ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو دووهێندە بووە.
هاوکات د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی وتی، پێویستە سەنتەرێکی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە دابنرێت.
ئامارەکانی شێرپەنجە لە باشووری کوردستان لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤
لە هەولێر ساڵی ٢٠٢٣= ٥٤٥٦ تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە هەولێر ساڵی ٢٠٢٤= ٤٩٨٣ تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە سلێمانی ساڵی ٢٠٢٣= ٢٧٩٦ تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە سلێمانی ساڵی ٢٠٢٤= ٣٣١٠ تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە دهۆک ساڵی ٢٠٢٣= ١٢٥٠ تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون
لە دهۆک ساڵی ٢٠٢٤= ١٣٠٣ تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون
لە کەرکووک ساڵی ٢٠٢٣= ١١١٦ تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە کەرکووک ساڵی ٢٠٢٤= ١٢٧٦ تووشبووی نوێ تۆمارکراون