مەسرور بارزانی و هەڵسورێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق پرسی مووچەیان تاوتوێ کرد
02:42 - 19/07/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکات.
مەسرور بارزانی، پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.
ئەمڕۆ شەممە، ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە اڵیۆز ستیڤن ڤەیگن هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد و ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، باڵیۆز ڤەیگن، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانێکی بە هێز دووپات کردەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و لە نزیکترین کاتیشدا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەست پێ بکاتەوە .
هەروەها دەبێت هێرشی تیرۆریستی و تێکدەرانەی درۆنەکان بۆ کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی وزەی هەرێم بوەستێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبهێنرێت.