هەواڵ

لەو عێراقەی لەژێر گڵدایە کورد زۆرینەیە!

11:14 - 30/07/2019 153 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن: بەهادین یوسف


ساڵی ٢٠١٠ گروپێکی بیانیی سەردانی ناوچەی گەرمیان دەکەن تا سەبارەت بە تاوانی ئەنفال و گۆڕی بەکۆمەڵ زانیاری کۆبکەنەوە. لە گوندێکی گەرمیان پیاوێکی پیر بە ئەندامانی گروپەکە دەڵێت: بۆچی دەگەڕێن، قەستەم بەخوا عێراقێکی تر لەژێر گڵدایە!

قسەی پیاوە پیرەکە دەوڵەمەند نییە بە داتاو ئامار، بەڵام پڕیەتی لە ئەزموونی ناسۆریی، چونکە خۆی بەشێک بوو لە ئەنفالکراوان و بە موعجیزە رزگاری بوو لە مردن. قسەی پیاوەکە نیشانی دەدات لەو “عێراقەی لەژێر گڵدایە” بێگومان کورد زۆرینەیە.

شارۆچکەیەک لە ئێسکو پروسک

رۆژێکی گەرمی ناوەڕاستی مانگی تەموزی ٢٠١٩یە کە رادەی گەرما لە سەرووی ٥٠ پلەوە، لە دووریی 95 کیلۆمەتر لە قەڵای نوگرە سەلمانەوە، لەلایەن تیمە تایبەتەکانەوە ئێسکوپروسک و روفاتی 80 قوربانیی ژن و منداڵی ئەنفالکراو هەڵدەدرێنەوە.

دیمەنەکان پڕن لە: منداڵێکی شیرەخۆرە بەباوەشی دایکییەوە، منداڵێکی دیکە بە جووتێک پێڵاوی لاستیکی مارادۆناوە، دوو بلوزی زستانە کە وادیارە هی دوو بران. ژنێکی بۆیمە لەسەر بە کراسێکی چاومارو قژێکی خەنەکراوەوە کە بە پارچە پەڕۆیەک چاوی بەستراوە وەکو ئەوەی جەلادەکان نەیانویستبێ دوایین دیمەنەکانی دنیا بەچاوی خۆی ببینێ.

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، مێژووی دروستکردن و ئاوەدانکردنەوە ئەم گۆڕە بە کۆمەڵە بەلاشە و خوێنی دەیان ژن  و منداڵی گەرمیان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1988 قوربانییەکانیش لە قۆناغی سێیەمی شاڵاوی ئەنفالدا دەستگیرکراون کە بەربڵاوترین شاڵاوی ئەنفال بوو و ناوچەی گەرمیانی گرتەوە.

ئەم گۆڕە رۆژی 12ی نیسانی ئەمساڵ، لەڕێی لیژنه‌یه‌ك بۆ گه‌ڕان به‌ دوای گۆڕه‌بەكۆمه‌ڵه‌كانی كورد کە لە شایەتحاڵ و كارمه‌ندانی پێشووی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سه‌رده‌می رژێمی به‌عس پێکهاتبوون، لە ناوچەی (تەلـلە شێخیە)ـی نوگرەسەلمان سەر بە شاری سەماوە کە ناوەندی پارێزگای موسەننایە، دۆزرایەوە.

دوو رۆژ دواتر، ژمارەیەک لە کەسوکارو تاقانەی بەجێماوی ئەنفال، لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی شەهیدانی هەرێم و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بە هاوڕێیەتی سەرۆک کۆماری عێراق، گەیشتنە بیابانەکانی نوگرە سەلمان بۆ بینینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان. سێ مانگ دواتر دەست بەهەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کرا.

رۆژی 17ی تەموز، تیمی تایبەتی دامەزراوەی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، دەستیان بە پرۆسە سەرەتاییەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە کرد، رۆژی 23ی تەموز بە فەرمی دەستبەکارکرا بۆ کنەکردنی گۆڕەکەو دوو رۆژ دواتر هەڵدانەوە دەستیپێکرد.

سەعات دووی بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو، تیمی نیشتمانیی کە پێکهاتوون لە تیمەکانی وەزارەتی شەهیدانی هەرێم، دامەزراوەی شەهیدانی عێراق و پزیشکی دادوەری و تیمی لیژنەی نێودەوڵەتی بێسەروشوێنان لە عێراق -ICMP دەستیانکرد بە هەڵگرتنەوەی روفاتەکان و بڕیارە تا سبەینێ چوارشەممە، تەواوی روفاتەکان هەڵبگیرێنەوە.

دوای ٣١ ساڵ هەر بە منداڵیی دێنەوە
فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی بۆ “زەمەن” روونیکردەوە: دوای هەڵگرتنەوەی روفاتی ئەنفالکراوان، دواتر دەبرێنە پزیشکی دادوەری لە بەغدا. لەوێ سامپڵیان لێ وەردەگیرێت.

فوئاد ئاماژەی بەوەشدا دوای هەڵدانەوەی گۆڕەکان، لە رێوڕەسمێکی شایستەدا دەگوازرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بەو گۆڕە بەکۆمەڵەی دیکە کە نزیکن لە گۆڕەکەی ئێستاوە، فوئاد عوسمان وتی: “دواتر لەلایەن تیمی نیشتمانیی بەرنامەی هەڵدانەوەو هەڵگرتنەوەی ئەوانیش دادەنرێت”

ئەندامانی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕبەکۆمەڵەکان دەڵێن: هەڵگرتنەوەی رووفاتەکانی ئەم گۆڕەی تەللە شێخیە زۆر قورسە، چونکە منداڵی تێدایە لەباوەشی دایکیدایەو ئێسکوپروسکیان تێکەڵ بووە.هەروەها دەڵێن ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە یەکێکە لە هەرە کاریگەرترین گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە تائێستا کاریان تێدا کردووە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان و پشتبەستن بەوتەی شایەتحاڵەکان، لەو سێ گۆڕە بەکۆمەڵەی تەلـلە شێخیەی نوگرەسەلمان، زیاتر لە 400 روفات هەن کە زۆرینەی هەرەزۆریان ژن و منداڵن و بەپێی جلوبەرگ و ئەو کەلوپەلانەی لەناو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە، سەرجەمیان خەڵکی ناوچەی گەرمیانن.

پێشتر دامەزراوەی شەهیدانی عێراق بڵاویکردەوە؛ پڕۆسەی هەڵدانەوەو هەڵگرتنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە دەستپێدەکەن کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زستانی ساڵی 1988و نزیکەی 80 قوربانیی تێدایە کە سەرجەمیان ژن و منداڵن و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و دوای گوللەبارانکردنیان، خراونەتە چاڵەوە.

زیا ساعدی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان روونیکردەوە: گۆڕەکەی تەلـلە شێخییە، بەشێکە لە ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ کە رووبەرەکەی 45 مەتر چوارگۆشە دەبێ.

ساعدی ئاشکرایکرد؛ لە سێکوچکەی سەماوە- نەجەف –دیوانیە، دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی تر هەیە کە سەرجەم قوربانییەکانیان کوردن و لە تاوانی ئەنفالدا بە کۆمەڵ کوژراون.

پێشتر، تەیموور عەبدوڵڵا، تاقانەی ئەنفال کە یەکێکە لە رزگاربووانی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی سەماوەو خەڵکی گوندی کوڵەجۆی حاجی حەمەجانە لە گەرمیان، ئاشکرایکردبوو؛ ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی لە سەماوە دۆزراوەتەوە، هەمان ئەو گۆڕەیە کە لێی دەربازبووە.

تەیمور دەشڵێت: لە ساڵی 2009ەوە ئاگاداری گۆڕە بەکۆمەڵەکەیەو بەرپرسانی لێ ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام ئێستا دەست بە هەڵدانەوەیان دەکرێت.

دایک و منداڵێک هاوشێوەی عومەری خاوەر
فوئاد عوسمان، کە وەک بەشێک لە تیمی وەزارەتی شەهیدانی هەرێم چووەتە سەماوە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، چەندین دیمەنی ناخهەژێن دەگێڕێتەوە، یەکێکیان “دایکێک ھاوشێوەی عومەری خاوەری ھەڵەبجە، منداڵێک لە باوەشیدایەو بەیەکەوە گوللەبارانکراون. کەلـلە سەری منداڵەکە شکاوە کە پێدەچێ فیشەک بەر کاسە سەرە ناسکەکەی کەوتبێ. تەمەنی ئەو منداڵە نەگەیشتووەتە ساڵێک و ھەر لەسەر سنگی دایکی تێکەڵ بە ئێسک و پروسکی دایکی بووە”  بۆ فوئاد ئەمە کاریگەرترین دیمەن بووەو کەم کەس ھەبووە بە بینینی لە قوڵپەی گریان نەدات.

بەوتەی فوئاد “دیمەنێکی دیکەی ناخهەژێن، ئەو ژنە گەنجە بوو کە پرچە بەھارییە داھاتووەکەی. ئەو پارچە پەڕۆیەی بزر کردبوو کە بەر لە گولـلەبارانکردن، چاویان پێ شەکەت دابوو ھاوشێوەی سەرجەم ژنانی تر کە بە چاو بەستراوی گولـلەباران کرابوون”

ئەو بوخچە رەنگاورەنگانەی کە ھیی دەستی خوشک و دایک و گۆڕغەریبەکانی ئەنفال بوون، ئەوەندەی تر بارەکەی قورسکرد. فوئاد عوسمان دەڵێت: ئەو بوخچانە نەمانزانی چیان تێدا ھەڵگیراوە، بەڵام بەڕوونی لەوە گەیشتین کە پێداویستی ژنانی کوردە کە لە کۆندا  بۆ هەڵگرتنی پێویستیی بەکارهێنراون.

یەکێک لە ئەندامانی تیمی پزیشکی دادوەری بەغدا “دیمەنی ئەو مەمەشیرە سەرنجی رادەکێشێ کە دەردەکەوێت منداڵەکە بە گریانەوە داوەو سەری لەسەر قۆڵی دایکی داناوەو مەمە شیرەکەی بە دەمەوە بووە کاتێک روحی پاک و بێگەردی سپاردووە”.

پێڵاوی لاستیکی مارادۆنا کە لە ھەشتاکانی سەدەی رابردوو زۆربەی کوڕوکاڵی کورد بۆ یاری دووگۆڵیی و تۆپێنی ناو کۆڵانەکان لەپێیان دەکرد، لەگەڵ پێڵاوی پەنجەرە کە زۆرینەی منداڵانی گەرمیان لەبەر گەرمای بەهارو هاوین لە پێیان دەکرد. لەگەڵ پاپووچی لاستیکی کچان و ژنان و كراسی جۆری چاوماری ژنان و بلوزی زستانەی دووبرا كە پێدەچوو پێکەوە بۆیان کڕابێ. کراسە کوردییەکانی کچانی گەرمیان و چەندین وێنەی تر دیمەنی لەبیرنەکراوی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەی سەماوەن.

بەوتەی شایەتحاڵەکان و ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال کردووە، دوای راگواستنی ئەو کەسانەی بەر شاڵاوەکە کەوتوون لە ناوچەکانی ئەنفال، بەزۆری براونەتە سێ سەربازگە، ئەوانیش سەربازگەی جەیشی شەعبی تۆپزاوە لە باشووری کەرکوک و گرتووخانەی ژنان لە دوبز کە دەکەوێتە سەر رێگای سەرەکیی کەرکوک- موسڵ و گرتووخانەی نوگرە سەلمان لە بیابانەکانی سەماوە تا دەگاتە ناوچەی عەرعەری سنوری سعودیە. گرتووخانەیەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن